مام جه‌لال: جه‌لالییه‌ت ناوێكی ناڕه‌وا بوو، ده‌بوو بیانوتایه ئیبراهیمییه‌ت
مام جه‌لال
وێستگه نیوز – سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه "جه‌لالییه‌ت" ناوێكی ناڕاست و ناڕه‌وا بوو، ده‌بوو بیانوتایه "ئیبراهیمییه‌ت".
له كتێبی "مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له لاوێتییه‌وه بۆ كۆشكی كۆماری" كه له‌لایه‌ن سه‌ڵاح ره‌شیده‌وه ئاماده كراوه، له بڕگه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌پێناسه‌كردنی ناوی "جه‌لالییه‌ت"، مام جه‌لال ده‌ڵێت: "ئه‌وه ناوێكی ناڕاست و ناڕه‌وا بوو بۆ ئه‌و باڵه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی".
مام جه‌لال وتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر به راستی بگوترایه ده‌بوایه بگوترایه پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌گه‌ر به‌ناوی شه‌خسێكه‌وه ناوبنرایه، ئه‌بوایه به‌ناوی مامۆستا ئیبراهیمه‌وه هه‌ڵبدرێ و بیانگوتبایه "ئیبراهیمییه‌ت"، چونكه من به راستی نه شه‌خسی یه‌كه‌م بوو له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا، نه ئه‌و كه‌سه بووم كه لایه‌نگری تێكدان بووم له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فادا".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "من تا كۆتاییش به ئیعتیرافی مه‌لا مسته‌فا خۆشی، ناوبژیكه‌ر و مام ناوه‌نجی بووم له نێواندا، له به‌رئه‌وه زۆر به ناحه‌ق ئه‌و ناوه به‌سه‌ر ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌دا سه‌پێنرا".
كتێبی "مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له لاوێتییه‌وه بۆ كۆشكی كۆماری" له ماوه‌ی 15 ساڵدا تۆماركراوه، ساڵی 1990 بۆ ساڵی 2005ه، دیداره‌كه وه‌ك بیره‌وه‌رییه‌كانی مام جه‌لال وایه له شێوه‌ی پرسیار‌و وه‌ڵام، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه مام جه‌لال پێشتر لای چه‌ند كه‌سێك باسی له‌وه‌كردووه كه بیره‌وه‌رییه‌كانی نووسیوه‌ته‌وه.
جه‌لال تاڵه‌بانی كوڕی حیسامه‌ددین كوڕی نوره‌ڵڵای تاڵه‌بانی، رۆژی 12ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1933 له گوندی كلكانی بناری چیای كۆسره‌ت له‌دایك بووه. سه‌ره‌تای منداڵی ھه‌ر له‌و گونده ده‌بێ، پاشان كاتێك باوكی ده‌بێته ڕێبه‌ری ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانی له كۆیه، به ماڵه‌وه ده‌چنه ئه‌وێ و خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌و شاره ته‌واو ده‌كات و قۆناغی ئاماده‌ییش له كه‌ركوك و هه‌ولێر ته‌واو ده‌كات.
جه‌لال تاڵه‌بانی له تازه لاوی به په‌یوه‌ست بوون به پارتی دیموكراتی كوردستان تێكه‌ڵاوی كاری سیاسی ده‌بێت. له مانگی شوباتی ساڵی 1953 سه‌رپه‌رشتی سازدانی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان ده‌كات و ھه‌ر له‌م كۆنگره‌یه‌دا به سكرتێری گشتی ئه‌و رێكخراوه‌یه ھه‌ڵده‌بژێردرێ و ھه‌ر له ھه‌مان ساڵدا ده‌بێته یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و ساڵانی 1953-1955 ده‌بێته سكرتێری گشتی لاوان. ساڵی 1959، له كۆلێژی یاسا له به‌غدا، خوێندنی باڵا ته‌واو ده‌كات.
تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كچی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێنا و دوو كوڕیان هه‌یه به‌ناوی قوباد و بافڵ. "بافڵ كوڕه گه‌وره‌كه‌یانه.
PM:07:03:03/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 27231
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت