سودانی: گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان بکرێت


وێستگه‌نیوزـ

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گرنگی دەزانێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسیدا بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەکۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لە "گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسی و بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان بێت. هەروەها دەستەبەری بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی تێدا کرابێت".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنیان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد".

رۆژی 18ـی ئاداری 2024 مەکتەبی سیاسیی پارتی بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".



PM:02:35:30/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت