خۆزگەم بە هێمنیەكەی جارانت!!

‌كاروان ئەنوەر


لەم شارەدا بۆ یەكەم جار دنیام بینی، یەكەم فۆتۆكانی ژیانم وسەرجەم فلاش باگەكانی گەڕەكی مەڵكەندی و قسنەكەی پیرمەسوورن، كە ئەوكات ماڵی ئێمە لەقەراغ شاربوو(گەڕەكی مەڵكەندی ئێستا)، چونكە شەقامی برایم پاشای ئەوكات تەنها شیوێك بوو بۆ گلدانەوەی ئاوی لافاو، لەپشت ئەو شیوەوە ئاوەدانی و گەڕەكی تری لێنەبوو، ئەم شەقامی برایم پاشایەی ئێستا زۆربەی كلینیكی ئێوارانی تێدا كۆبوەتەوە كە ئەمسەرو سەری شەقامەكە بەهۆی هەزاران ترۆمبیل و جەنجاڵی كڕیارو فرۆشیارو هەزاران رێبوار زۆر ستەمە بیناسیتەوە، ژاوەژاوو قەرەباڵغییەك هەیە هەر مەپرسە، لەشارێكی زۆر جەنجاڵی ئەم دنیایە دەچێت، كە ملیۆنان هاووڵاتی تێدابن وەك بەكین و تاران و مەكسیكۆو هتد، لەكاتێكدا سلێمانی كەمتر لە یەك ملیۆن دانیشووی تێدایە..

تێبینی من لەسەر سەرنشینی ترۆمبیلەكانی ئەم شارە ئەوەیە وەك بایسكل ترۆمبێل بەكاردێت و هەر ترۆمبێلێك تەنها یەك سەرنشینی تێدایە، بۆیە جەنجاڵی و قەرەباڵغی ئێستاو ئەوسا، هەرگیز بەراورد ناكرێت..

ئەم شەقامی پیرەمێردەی ئێستا، ناوی (جادەی سجن) بوو، ئەو سجنەی لەكۆتایی هەشتاكاندا بوە باستیلی شارو بەزۆر میوانداریی باوكم و دایكم و شڤانی برام ی بۆ ماوەی سێ مانگ كرد،  بە دیاریكراوی لە بەردەم بنكەی ئاگر كوژێنەوەكەداو بەرامبەر سەنتەری ددانی پیرەمێرد، چەند عەرەبانەیەكی دوو ئەسپی راگیرابوون وەك هۆكاری گواستنەوەی خەڵكانی خواپێداو، ئەگینا خەڵكەكە هەمووی بە پیادە هاتوچۆیان دەكرد، چەند جوان بوو خزمایەتی ئەو سەردەمە، دراوسێیەتی و مەرحەباییو ئەحواڵ پرسین، دڵسۆزی و لەخۆبردوویی!!

بۆ منێك كە بە پاسێكی (مەسلەحە) سەردانی ماڵی خزمانمان دەكرد، لەوە دەچوو بۆ وڵاتێكی زۆر دوور بڕۆین، كوشنی تەختەو كوشنی ئیسفەنج، بە 10 فلس و 15 فلس بوون، (جابی) ناوێكی خۆش بوو بە بەرگێكی شینەوە پسولەیەكی بچوكی دەداینێ، بە سەدان لەم پسولانەم لای خۆم هەڵگرتبوو، یاری رەسمێنەمان پێدەكردن، ماڵی مامی دایكم لەگەڕەكی عەقاری بوو، چونكە دوورترینەكان بوو جگە لە سەرچنار، بۆ منێكی سێو چوار ساڵان خۆشترین سەردان بوو، لەبەر ئەوە زۆرترین كات لەناو پاسەكەدا دەمامەوە، خۆ ئەگەر سەردانێكی سەرچنارمان بكردایە ئەوە گەشتێكی لەبیرنەكراوبوو، ئەگەر وا رێبكەوتایە (قالە شێت) یش لەناو پاسەكەدابوایە وەك ئەوە وابوو ڤیزایەكی شنگنم وەرگرتایە...

ئای لە سادەیی و خۆشبەختیی ئەو ژیانە..
نازانم بۆچی بۆن و بەرامەی خواردنەكەی ماڵی حاجی مەجید میسری و حاجی ئەحمەدی مەڵكەندی ئەوەندە بەتامو بۆ بوون؟؟
بۆنی شفتەكانی ماڵی وەستا قادری خەیات و كەلانەكانی حەمدیەخانی ژنی وەستا عوسمانی كارێزكەن، تا ئێستاش بەبیرم دێتەوە دەمم پڕلە ئاو دەبێت..
هاواری سەمون فرۆشەكانی بەیانیان بە پاسكیلێكەوە كە تایەی پێشەوەی بچوكتر بوو لە تایەی دواوە لای من رۆزرایسی ئەو سەردەمە بوو..

گڕەی ترۆمبیلێك كە تێپەڕیبایە دەبوایە من لە شیرین خەونمدا راببم و بچمە دەرەوە تێر تەماشای بكەم تا لەچاو ون دەبوو.. چەند تامم لە بینینی ئەو ترۆمبیلە تاكو تەنهایانە دەبینی!!! خۆ گەر عەرەبانەیەكی دوو ئەسپی رێگای هەڵە بكردایەو بهاتایەتە شەقەمەكەی ئێمە، ئەوە سەرجەم مناڵانی گەڕەك دەبوایە دەستمان پێوەی بگرتایە یان ئەگەر بەختی ئەوەمان هەبوایە بۆچەند ساتێك بە قاچاغ لەسەر سوچێكی عەرەبانەكە دابنیشتینایە بەختەوەر دەبووین بەڵام لەپڕێكدا قامچی عەرەبانچیەكە بناگوێی دەتاساندین وئازارێكی بەسوێی هەبوو، ئێمەش بە كۆرسێك هاوارمان دەكرد (عەرەبانچی لێدە قامچی)..

لەگەرماوگەرمی سەرهەڵدانی ناوی (عدنان القیسی) زۆرانبازی بەناوبانگ كە هەفتانە یاری نێودەوڵەتی هەبوو، تەلەفزیۆنەكەی ئێمە رۆڵی سینەمای مناڵانی گەڕەكی دەبینی و شەوانی سێشەممە لەبەرهەیوانەكەی ئێمەدا مناڵانی گەڕەك كۆدەبووینەوەو دەبوە چەپڵە رێزان بۆ ئەو كەسەی كە هەرگیز نەدەدۆڕاو هەردەم براوە بوو.. پاشان بۆم دەركەوت كە ئەوەش یاریەكی گەورەی موخابەراتی عیراق بوو بەپارەو بەرتیل پاڵەوانەكانی تریان بەدۆڕاندن دەدا..
لەگەڵ هەموو سادەیی ژیانی ئەو سەردەمەدا بەڵام تامو چێژێكی خۆش و یادەوەریەكانی لە مێشكی مندا بەجۆرێك تۆماركراون كە بەداخەوە ئێستای سەردەمی گڵۆباڵو تەكنەلۆژیا ئەو خۆشیەیان لێ تێكدام.. 

لەپاش ئەو چەند ساڵەی مناڵیم ماڵمان رۆشتەوە بۆ زێدی باپیرانم لە هەڵەبجە، بەڵام لەوێدا بەهۆی شەڕو شۆڕو بارودۆخی سیاسیەوە بارودۆخ ئەوەندە ناهەموار و ئاڵۆزبوو تاموچێژی مناڵیی و هەرزەكاریم بەهیچ شێوەیەك نەكرد وسەرجەم یادەوەرییەكانی مناڵیم لەم شارەدا بەجێهێشت.. 


PM:12:00:08/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 1770 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی