‌لەگەڵ (هەڵمەتەكەی رەنج سەنگاوی) نیم
AM:11:13:08/08/2018
پشتیوان جەمال

بەپێچەوانەی زۆرێك لەكەسایەتی چین و توێژەكان كە پشتگیری هەڵمەتەكەی (لەگەڵ رەنج) دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو، من لەگەڵی نیم و پێشموایە كارێكی زیادەیە.

سەرەتا دەمەوێت بڵێم كەس نییە لە دنیادا پێی خۆش بێت دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو بەكاربێنێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دەبێت پێش بەكارهێنانیان ئەو پرسیارە بكرێت دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو "كێ رێگەیان پێدەدات"، و "چۆن دێنە كوردستان"ەوە؟!

گومان لەوەدا نییە پارتی و یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی حوكمڕانیان دەستیان بەسەر  جومگەكانی كۆمەڵگە گرتووە و زۆرجار وەك تەنزیش دەوترێ بەرپرسەكانیان پشكیان لە ماركێتەكانیشدا هەیە، هەرچەندە گومان دەكرێت لەم ساڵانەی دواییدا هەندێك لە پارتەكانی دیكەش دەستیان لەو كارەدا هەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە هاوردەكردنی دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو بۆ كوردستان پشكی شێری بەر بەرپرسەكانی یەكێتی و پارتی دەكەوێت.

ماوەی چەند هەفتەیەكە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە تۆڕی میدیایی رووداو دەستی كردووە بە بەدواداچوون بۆ بنەبڕكردنی دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو كە لەڕووی میدیاییەوە كارێكی باشە، بەڵام دەستپێكردنی هەڵمەتێك بۆ بنەبڕكردنی كاری میدیا و بەرنامەیەك نییە، بەڵكو كاری دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

قسەی من لەسەر هەڵمەتەكەی رەنج سەنگاوییە بۆ ئەم حاڵەتە، نەك خودی بەرنامە و كەناڵەكەی، چونكە خۆیشم دوو ساڵ لە رووداو كارم كردووە و ئێستاش بەباشترین میدیای دەزانم، یەكێك لە هەڵەكانی رەنج ئەوە بوو لە فەیسبووكی خۆیەوە رایگەیاند كە خەڵكانێك بە تەلەفۆن داوای راگرتنی بەرنامەكەی لێدەكەن، پێموایە نەدەبوو رەنج ئەو كارە بكات، چونكە ئەو نووسینەی دەچێتە چوارچێوەی "موزایەدە"وە كە پێمان دەڵێت فشارم لەسەرە و هەر بەردەوام دەبم، یان ئەوەیە دەیەوێت هەڵایەكی زیاتر بۆ هەڵمەتەكەی دروست بكات.

هەر بۆ ئەو هەڵمەتە بەلامەوە مایەی سەرسوڕمان بوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی رۆژی سێشەممەدا دەڵێت، بەجددی پشتگیری ئەو هەڵمەتە دەكەین، دەبێت لە نێچیرڤان بارزانی بپرسین كە چەندین ساڵە سەرۆكی حكومەتە ئایا ئەو هەموو خۆراك و دەرمانە بەسەرچووە هەر لەڕێگەی بەرپرسانی حزبەكەی خۆی و یەكێتی هاوپەیمانییانەوە نایەت بۆ كوردستان، ئەی بۆچی تائێستا بەجددی دۆسیەكەی وەرنەگرتووە؟، ئەی رۆژانە لە میدیاكانەوە و بەتایبەتیش میدیا بەناوبانگەكەی خۆیەوە باسی ئەو حاڵەتانە ناكرێت، ئەی بۆچی خەمی لێ نەخوارد؟ خۆ ئەگەر زانیبێتی و هەوڵی چارەسەركردنی نەدابێت ئەوە دووجار جێی رەخنەی توندە كە سەرۆكی حكومەت ئاگای لە حاڵی میللەتەكەی نەبێت.

هەر دەكرێت پرسیار لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكرێت ئەگەر رووداو ئەو هەڵمەتەكەی رانەگەیاندایە ئامادەبوو بەو شێوەیە پشتگیری بكات؟، فەرموو ئەوە زانی دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو هەیە و ماڵی خەڵكی وێران كردووە، بزانین چ لێپرسینەوەیەك دەكات و چەند بەرپرسی حزبەكەی خۆی و یەكێتی دەداتە دادگا و بۆ رای گشتییان ئاشكرا دەكات؟

ئه‌م بابه‌ته 3261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.