‌توركیای نقومبوو لەسەرلێشێواویدا ‌
PM:12:55:14/09/2015
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

توركیای ئەمڕۆ توركیایەكی سەرلێشێواوە و خەریكە هەموو كارتەكان لەدەست دەدا. دوو پێشهاتی گەورە بەڕێوەن كە لەگەڵ حەز و ئاواتەكانی توركیادا وێك نایەنەوە.
 
یەكێكیان رێككەوتنی ناڕاگەیەنراوی لایەنە نێودەوڵەتییەكانە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا. ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەگەڵ هەوڵی توركیا بۆ روخاندنی رژێمی ئەسەددا ناگونجێ و هەروەها بەم مانایەش دێ كە كوردی سوریا لەهەر چارەسەرێكی سیاسیدا رۆڵێكی دیاریكراویان دەبێ و بەشێكی گرنگی هەر چارەسەرێكیش دەبن. 

دووەمیشیان گەڵاڵەبوونی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیی فراوانترە لەدژی داعش كە لایەنی كەم چوار لەپێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵێكی كارایان تێدا دەبێ و ئەم هاوپەیمانییە رێ بۆ سەركردایەتی كردنی جەنگێكی یەكلاكەرەوە لەسوریا لەدژی داعش، بەهاوكاریی دەوڵەتەكانی ناوچەكە و دەرەوەی ناوچەكە، خۆش دەكات. 

دەشێ خودی توركیا بەشدار بێ لەم هاوپەیمانییەدا بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئەندامە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی ئاسایش رۆلێكی كارای تێدا دەگێڕن، ئەستەمە توركیا بتوانێ دەستكەوتی سیاسیی گەورەی تێدا بەدیبێنێ، خودی بەشداریی توركیا لەهاوپەیمانییەكەدا لەناوەڕۆكدا هیچ مانایەكی گەورەی تێدا ناخوێندرێتەوە چونكە دەبێ توركیا لەدژی داعش، نەك لەدژی رژێمی ئەسەد، توانای خۆی بخاتەگەڕ.

 ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە ئەو تیۆرییەی كە توركیا لەماوەی رابردوودا بانگەشەی بۆ كردوە كە گوایە جەنگی دژی داعش لەجەنگی دژی رژێمی سوریا لێك جیا ناكرێتەوە، هیچ لایەنێك بەهەندی وەرناگرێ. بۆیە، تەنانەت بەشداریی توركیاش لەو جەنگەدا، هێشتا بەگومانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ چونكە توركیا پشكێكی گەورەی لەدەستكەوتەكان بەر ناكەوێ. 

رقی توركیا لەو پێشهاتە، هانیداوە هەموو سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئەوروپا بۆ لێشاوی ئاوارە سوریەكان و ناسورییەكان ئاوەڵا بكات بۆ ئەوەی ئاوارەكان كێشە بۆ ئەوروپا دروست بكەن. 

سەرلێشێواوییەكەی توركیا لەوە دایە كە لەسەرەتادا وا تێگەیشتبوو لێشاوی ئاوارەكان ئەمریكا و ئەوروپا هان دەدا رازی بن بەهەوڵی توركیا بۆ دروست كردنی ناوچەیەكی ئارام لەجەرابلوس لەباكووری سوریا بۆ نیشتەجێ كردنی ئاوارەكان تێیدا، بەڵام ئێستا مەسەلەكە ئاوەژوو بۆتەوە، چونكە ئاوارەكان نایانەوێ لەباكووری سوریا نیشتەجێ بكرێن، بەڵكو گەیشتونەتە ئەوورپاو چیتر پێویستیان بەوە نەماوە كە توركیا ناوچەیەكی ئارامیان لەباكووری سوریا بۆ دروست بكا. 

توركیا بەهۆی سەرلێشێواییەكەوە كارتی فشاری ئاوارەكان و ناوچەی ئارامیشی لەدەست خۆی دەدا. ئەوەی كە زۆرتریش مایەی نیگەرانییە بۆ توركیا، جێگیربوونی هێزی روسیایە لەلازقیەی سەر دەریای ناوەڕاست و دیمەشقی پایتەخت. ئەمەش پەیامێكی روونی روسیایە بۆ توركیا كە ئایندەی سوریا بەبێ روسیا و بەبێ لەبەچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی نانووسرێتەوە و هەر تێپەڕاندنێكی هێڵە سورەكانی روسیا وەڵامێكی گونجاوی دەدرێتەوە.

دیمەنی سیاسی ناوچەكە نیشانی دەدا كە تەواوی سیاسەتی توركیا لەو ماوەیەدا چەوت بووە. ئەمەش، بەدڵنیاییەوە، زۆر گران لەسەری دەكەوێ و زووش پێی راست ناكرێتەوە.

كوردستانى نوىَ

ئه‌م بابه‌ته 1558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.