پزیشكانی ئه‌ڵمانیا و به‌ڕۆژووبوونی منداڵان
وێستگه نیوز –
پزیشكانی ئه‌ڵمانیا هانی مووسوڵمانانی ئه‌و وڵاته ده‌ده‌ن كه منداڵه‌كانیان ناچار نه‌كه‌ن له مانگی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵدا به‌ڕۆژوو بن.
یه‌كێتی پیشه‌یی پزیشكانی منداڵانی ئه‌ڵمانی پێی باشه باوكان بۆ منداڵه‌كانیانی روونبكه‌نه‌وه كه ره‌نگه به‌ڕۆژووبوون كاری ناته‌ندروستییان له‌سه‌ر دروست بكات.
كه‌ناڵی دۆچه‌ڤیله راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كێتییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا هاتووه "دڵنیابن له خواردنه‌وه‌ی بڕی ئاوی پێویست له‌لایه‌ن منداڵه‌كانتان و پێگه‌یشتووه‌كان له كاتی به‌ڕۆژووبووندا".
ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ هاوكاته له‌گه‌ڵ درێژترین رۆژه‌كانی هاوین ئه‌مه‌ش مانای وایه پێویسته موسوڵمانان له وڵاتانی ئه‌وروپا رۆژانه ماوه‌ی 18 سه‌عات به‌ڕۆژووبن.
چۆن به‌ڕۆژووبوون كار له منداڵان ده‌كات؟
به‌گوێره‌ی عه‌قیده‌ی ئیسلامی، هه‌ركه منداڵان گه‌یشتنه ته‌مه‌نی باڵقبوون كه نزیكه‌ی 14 ساڵ ده‌كات، پێویسته له‌سه‌ریان به‌ڕۆژوو بن.
هه‌رچه‌نده به‌پێی ئاینی ئیسلامی پێویست ناكات منداڵانی ته‌مه‌ن بچووكتر به‌ڕۆژووبن، به‌ڵام پزیشكانی منداڵی ئه‌ڵمانی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه زۆربه‌ی منداڵان هانده‌درێن كه به‌ڕۆژوو بن.
ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له كاتێكدایه كه كۆتایی ساڵی خوێندنه‌وه و بۆ قوتابیان و خوێندكاران زۆر گرنگه بۆیه پزیشكان هۆشداری ده‌ده‌ن له به‌ڕۆژووبوون به‌تایبه‌ت نه‌خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی كه كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر خوێندن و كۆششكردن هه‌یه.
پزیشكان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: "زۆرجار منداڵان ده‌بینین كه له مانگی ره‌مه‌زاندا ته‌ركیزیان نییه و بێ هێزن".
ئاماژه‌شیان به‌وه‌داوه كه به‌شێك له قوتابیان كه به‌ڕۆژووبوون له مانگی ره‌مه‌زاندا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان كردووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی تووشی سه‌رئێشه و ئازار له سكیاندا بوون.
به‌گوێره‌ی راپۆرته راگه‌یاندنه ناوخۆییه‌كان، به‌ته‌نها پزیشكان نین كه له به‌ڕۆژووبوونی منداڵان نیگه‌رانن، به‌ڵكو یه‌كێتی مامۆستایانی ئه‌ڵمانیا چه‌ندین جار هۆشداری داوه له‌وه‌ی منداڵانی موسوڵمان له مانگی ره‌مه‌زاندا به‌هۆی به‌ڕۆژووبوونه‌وه شه‌كه‌ت ده‌بن.
ئایا به‌ڕۆژووبوون نایاساییه یان مه‌ترسیداره؟
هیچ ده‌ق و بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه كه رێگری له منداڵان و مێردمنداڵان بكات كه به‌ڕۆژووبن.
سۆزان ئیزنمان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆشنبیری و لاوان و وه‌رزش به میدیاكانی ئه‌ڵمانیای راگه‌یاند كه "موسوڵمانانی كامڵ ئازادی ته‌واویان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ره‌مه‌زاندا به‌ڕۆژووبن".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه به‌رپرسیارێتی كه‌سوكار و دایكان و باوكانه و ئه‌ركیانه بیر له ته‌ندروستی منداڵه‌كانیان بكه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له قۆناغی سه‌ره‌تاییدان.
وتیشی: "پێویسته دڵنیابن له‌وه‌ی به‌شێوازێكی ته‌ندروست ئه‌زموونی به‌ڕۆژووبوون ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له بیر‌و هۆشیان له قوتابخانه نه‌كات".
ساڵانی رابردوو به‌شێك له دامه‌زراوه‌كان هه‌وڵیاندا رێگری له به‌ڕۆژووبوونی منداڵان بكه‌ن، له ساڵی 2015دا له قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی شاری له‌نده‌ن مامۆستایه‌كی ئافره‌ت رێگری له قوتابیه‌كانی كرد كه له ره‌مه‌زاندا به‌ڕۆژوو بن، ئه‌مه‌ش مشتومڕی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه.
یه‌كێك له سه‌ركره ئیسلامییه‌كان پێیوابوو كه ئه‌و كاره "بێ عه‌قڵییه‌كی گه‌وره‌یه" و باسی له‌وه كرد كه ده‌كرا به قسه‌كردنی مامۆستاكه بۆ كه‌سوكاری قوتابییه‌كان ئه‌و كێشه‌یه دروست نه‌كرایه.
خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی نیشتمانی له شانشینی یه‌كگرتوو رایگه‌یاند كه به‌ڕۆژووبوون زیان به منداڵان ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئامۆژگارییان ده‌كات كه ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نه‌یان له خوار هه‌شت ساڵه‌وه به‌ڕۆژوو نه‌بن.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه هیچ زیانێكی نییه گه‌ر منداڵان رابێنرێن جار جاره بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك به‌ڕۆژووبن.
سه‌رچاوه: BBC
PM:06:24:20/05/2018
ئه‌م بابه‌ته 4324
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت