مێرکل: گەر ئەردۆغان سزای لە سێدارەدان بگەڕێنێتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەپچڕێت

‌ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا

وێستگە نیوز ـ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر سزای لە سێدارەدان لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بگەڕێتەوە، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا نامێنێت.


بەپێی هەواڵێکی سایتی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە "ئەگەر سزای لە سێدارەدان بگەڕێتەوە، ئەمە بەمانای ئەوەیە کە تورکیا ناتوانێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و گفتوگۆش لەو بارەیەوە دادەخرێت".

مێرکل ئاماژەی بەوەش کردووە تورکیا لە بەرژەوەندی خۆیەتی ئەگەر گوێ لە تێبینییەکانی یەکێتی ئەوروپا بگرێت سەبارەت بە دۆخی ئەو وڵاتە.

ئەم وتانەی مێرکل لە کاتێکدایە کە رۆژی 2ی ئەم مانگە ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو "ئەگەر یەکێتی ئەوروپا پەڕەی نوێ بۆ ئەندامێتی تورکیا نەکاتەوە، ئەنکەرە ماڵئاوایی دەکات".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر پەرلەمان بۆ گەڕانەوەی سزای لە سێدارەدان بڕیار بدات ئەوا ئەو هیچ کێشەیەکی نییە.

و. ئێن ئاڕ تی


AM:10:09:04/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2653 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت