كتێبی "مام جه‌لال - دیداری ته‌مه‌ن له لاوێتییه‌وه بۆ كۆشكی كۆماری" بڵاوكرایه‌وه
وێستگه نیوز – له رێوڕه‌سمێكدا به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی سیاسی و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس، كتێبی "مام جه‌لال - دیداری ته‌مه‌ن له لاوێتییه‌وه بۆ كۆشكی كۆماری" بڵاوكرایه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له له رێوڕه‌سمێكدا له مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه، به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی سیاسی و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس كتێبی "مام جه‌لال - دیداری ته‌مه‌ن له لاوێتییه‌وه بۆ كۆشكی كۆماری" بڵاوكرایه‌وه.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌ڵاح ره‌شید ئاماده‌كاری كتێبه‌كه رایگه‌یاند كه كتێبه‌كه سه‌رجه‌می دیدارهكانیهتی له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بیرۆكه‌ی كتێبه‌كه بۆ ساڵی 1990 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و كاته له ئه‌ڵمانیا بووه و مام جه‌لال به سه‌ردان له‌وێ بووه.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه مام جه‌لال به دیدی ئه‌و كاته وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داوه‌ته‌وه و له ساڵانی دواتردا هه‌مان پرسیاری لێكردووه به عه‌قڵی 2005 و به‌جۆرێكی تر وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه.
سه‌ڵاح ره‌شید وتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قیاس نییه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تادا به زمانێك باسی لایه‌كی كردبێت و له‌لایه‌كی تر به‌شێوه‌یه‌كی تر باسی كردبێت و باسی هه‌ندێك لایه‌نی كردووه كه له‌و كاته‌دا مام جه‌لال دڵی لێیان ره‌نجاوه و له شوێنی تر دوای چه‌ند ساڵێك مه‌دحی كردوون، ئه‌مه‌ش زۆر ئاساییه چونكه له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا كراوه".
وتیشی: "مام جه‌لال له هیچ شوێنێكدا زمانی زبری به‌رامبه‌ر به‌وانه به‌كارنه‌هێناوه كه نه‌یاری بوون، به‌ڵكو زمانێكی زۆر دیپلۆماتییانه‌ی نه‌رمی به‌كارهێناوه".
ئه‌م كتێبه نوێیه تاڵه‌بانی له ماوه‌ی 15 ساڵدا تۆماركراوه، ساڵی 1990 بۆ ساڵی 2005ه، دیداره‌كه وه‌ك بیره‌وه‌رییه‌كانی مام جه‌لال وایه له شێوه‌ی پرسیار‌و وه‌ڵام، هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه مام جه‌لال پێشتر لای چه‌ند كه‌سێك باسی له‌وه‌كردووه كه بیره‌وه‌رییه‌كانی نووسیوه‌ته‌وه.
جەلال تاڵەبانی کوڕی حیسامەددین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی، رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1933 لە گوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە. سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکات و قۆناغی ئامادەییش لە کەرکوک و هەولێر تەواو دەکات.
جه‌لال تاڵەبانی لە تازە لاوی بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێت. لە مانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی 1953-1955 دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان. ساڵی 1959، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.
تاڵەبانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کچی ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا و دوو کوڕیان هەیە بەناوی قوباد و بافڵ. "بافڵ كوڕه گه‌وره‌كه‌یانه.
PM:06:27:02/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 9976
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت