کۆسەرەکە بۆ وەزیر!
ئاوات عەلی
لەدوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیی بڕینەوەی شیشک بە کۆسەرە لەنێو هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات لە هەولێر، کاردانەوەی لێکەوتەوەو لەسەر داوای وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر کۆمەڵێک کارمەند سزادران لەسەر ئەوەی تایبەتمەندی نەخۆشیان نەپاراستووەو ڤیدیۆکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.
لێرەدا بابەتی کۆسەرەکە بۆ وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر جێدەهڵین و قسەی لەسەر ناکەین! بەڵام ئەوەی پێویستە زۆر قسەی لەسەر بکرێت لە کۆسەرەکە و تایبەتمەندی نەخۆش گەورەترە و مەترسیدارترە!
بەپێی نوسراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئەو شوێنە ڤیدیۆکەی تیادا تۆمارکراوە هۆڵی نەشتەرگەرییە، هەر لە گرتە ڤیدیۆیەکەشدا دەردەکەوێت کە ژمارەیەک مۆبایل لەنێو ئەو هۆڵەدایە، هەروەها یەکێک لەچکی خۆی بەسەریەوەیەتی و یەکێک شەش تاک بازنی گەورەی لە دەستدایە و یەکێک کاتژمێری لەدەستدایە. لەکاتێکدا وەزیری و بەڕێوەبەری گشتیش دەزانن کە نابێت ئەو شتانە لەنێو هۆڵی نەشتەرگەری دا بونیان هەبێت... چونکە بونی ئەو شتانە وەک (مۆبایل و بازن و کاتژمێر و لەچک و ....) کە بەشێک نین لە هۆڵی نەشتەرگەری و (تعقیم) خاوێننەکراونەتەوە، دەبێتە هۆی توشبونی نەخۆش بە ڤایرۆس و بەکتریا، چونکە جەستەی ئەو نەخۆشە کراوەتەوەو بەئاسانی توش دەبێت!
هۆڵی نەشتەرگەری ستانداری خۆی هەیە بۆ پاکوخاوێنی و پۆشاک و دەستکێش و کڵاو و تەنانەت پلەی گەرمییەکەشی دیاریکراوە، کە دەبێت وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەئێمە باشتر بیزانن!
کەس قسەی لەسەر ئەو مەترسییە نەکرد کە ئەمە نمونەی هۆڵەکانی نەشتەرگەریی یە لە هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پاک و خاوێنی بەم جۆرەیە لەم هۆڵانەدا! بێ ئەوەی کەسیشی لەسەر سزا بدرێت و هیچ ئاماژەشی پێبدرێت لە نوسراوی سزاکاندا!
هەر باشە ئەم نەخۆشەشیان نەناردووە بۆ حەی سەناعەی هەولێر و بڵێن ئیشی ئێمە نییە و بڕۆ با لەوێ بۆت ببڕنەوە، چونکە پێشتر منداڵیکیان نارد بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی واشەرێک لە پەنجەیدا ببڕنەوە!
PM:12:41:08/08/2018
ئهم بابهته 1883
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی