هەڵەی ترەمپ نییە کلتوری سیاسیان وایە...

‌ئاوات عەلی


لە چوارچێوەی گەرمبونی جەنگی جیهانی دووەم و دوای بۆردومانکردنی کەشتی گەلی‌ ئەمریکا لە دوورگەی پێرڵ هاربەر لە ویلایەتی هاوای‌ ئەمریکی لە لایەن فڕۆکەکانی یابانەوە لە ٧ی‌ دیسەمبەری ١٩٤١ و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی و برینداربونی هەزرانی تر، ترس و دڵە راوکێ لەنێو هاوڵاتیانی ئەمریکی بڵاوبوەوە لە ئەگەری ئەوەی یابانییەکان ویلایەتەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکا بۆردومان بکەن.

لەو کاتەدا ١٢٠ هەزار هاوڵاتی بە ئەسڵ یابانی لە ئەمریکادا دەژیان و زۆرینەیان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریکی بوون و چەند دەیەیەک بوو لە ئەمریکا بوون و بەشێکی زۆریشیان لە سەر خاکی ئەمریکا لە دایکبووبون. ئەم هاوڵاتییانە بەشداربوون لە پێشکەوتنی ئەمریکا لەڕووی کشتوکاڵ و ئابوری و پیشەسازییەوە بە تایبەتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

لەو کاتەدا فرانکلین رۆزفێڵد سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی‌ ئەمریکا بڕیاری ٩٠٦٦ ی دەرکرد و فەرمانی بە سوپا کرد بۆ ڕاگواستنی ئەو ١٢٠ هەزار هاوڵاتییە ئەمریکییە یابانییە و لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەموویان راگواستران بۆ کەمپەکانی‌ دەستگیرکردن لە بیابانی یۆتا . هەندێکیشیان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، ئەمە بێجگە لەوەی پەنجە مۆری سەرجەم ئەو ١٢٠ هەزار هاوڵاتییە وەرگیرا. ئەم هاوڵاتییانە ژیانیان ئاسایی نەبووەتە تا خۆبەدەستەوەدانی یابان لە جەنگی جیهانی دووەم لە ٢ی‌ سێپتەمبەری ١٩٤٥.

ئەم بڕیارانەی ترەمپیش دەربارەی هاوڵاتییانی چەند وڵاتێکی موسوڵمان کە عێراق و هەرێمی کوردستانیشی تیادایە، زۆر سادە تر و باشترە بە بەراوردی بڕیارەکەی رۆزفێڵت دەربارەی هاوڵاتییە یابانییە ئەمریکییەکان. لەکاتێکدا ئەبێ ئەوەش بزانین ترەمپ خۆی و خێزانەکەی و سەرجەم هاوڵاتیانی ئێستای سەر خاکی ئەمریکا بە ئەسڵ کۆچبەرن و تەنها هندییە سورەکان خەڵکی ئەسڵی ئەمریکان کە ساڵانێکی زۆر توندوتیژییان بەرامبەر دەکرا و دەچەوسێنرانەوە.


AM:11:26:29/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی