بارزانی و لێڤەگەڕی سلێمانی!

‌سلێمان عەبدوڵا یونس

گرنگی دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لەمیکانیزمەکانی دایە، بەتایبەت ئەمجارەیان کەئەو لەپێناو گەیشتن بەچارەسەر، دیواری یەکەمی ڕووخاندو لەودیوی عەنتەریات و فعلە ناجۆرەکانی ماوەکانی ڕابردووی پارتیەوە، خواستی هاویشتنی کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی بەکراوەیی ڕووەو ئەودیوی دێگەڵە خستەڕوو.

راستە بارزانی دیواری یەکەمی ڕووخاند، بەڵام هەمدیس قەدەریەتی دیواری دووەمیش ببڕێت و هەر خۆی یەکەمین کەس بێت ئەو هەنگاوە پراکتیکیانە ڕووەو تێپەڕاندنی دیواری دووەمی دێگەڵە بهاوێژێت و گرفتەکان بەڕوونی ببینێت.

گرفتی ئەم دیوی دێگەڵە بەتەنها گرفتی موزایەدەی نێوان هێزەکان نییە. بەڵکو گرفتەکە لەپەرشوبڵاوی حزبی و پیلانی سەر لێڤەگەڕێکی سیاسی بەقودەرەت دایە. لێڤەگەڕێک،کەتوانای هەیە لەسەعاتی سفردا کۆچانەکەی مام جەلال تاو بداتێ و باڵەکانی یەکێتی و ئەم دیوی دێگەڵە بۆ خوڵقاندنی حەدەسێکی دیکەی مێژوویی ساز بکاتەوە.

ڕەنگە لێرەدا گرفتی بارزانی لەهاویشتنی هەنگاوی عەمەلیدا کزو لاوازبوونی پارتی بێت لەکاتێکدا ئەو حزبە چوارشانە و قەڵەو دەبینرێت. 

بەڵام لەڕاستیدا چارە نییە و دەبێت بارزانی لەپێناو گەلێکی بێ دەرەتان و ڕووت و برسیدا ڕیسکە گەورەکە بکات و چاوەڕێی هیچ فریادڕەسێکی تر نەکات. چونکە با لە بارزانی مەعلوم بێت، بەدوور لەنەڕەنەڕو موزایەدەکانی ناو میدیا، گۆڕان و یەکێتی، لەغیابی مەرجەعێکی وەک مام جەلال، هەریەکەیان بەدەست سەرو عەقڵێکی حزبی بڕیار بەدەستی نەخۆشتر لەهی پارتیەوە 
دەناڵێنن!


PM:05:35:04/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3754 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی