د.فایەق گوڵپی، مرۆڤێكی سەركەش‌و یاخی

‌خەليل عەبدوڵڵا



ناسینی من بۆ د.فایق گوڵپی بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتەكانی سەدەی رابردوو ئەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی كەپێشمەرگە بووم لەكەرتی دووی بازیانی تیپی 57ی سەگرمە، بەهاری 1987 بۆ یەكەمجار د.فایقم لەگوندی باڵاجۆی سنووری بازیان بینی، كە وەك هەر پێشمەرگەیەكی ئاسایی تاقم‌و تفەنگی بەستبوو، كۆڵەپشتێكیش دەرمانی هەڵگرتبوو، وەك فەرماندەی مەفرەزەی پزیشكی لەگەڵ هێزێكی گەورەی پێشمەرگەدا بوو، بەنیازی پەڕینەوە بۆ بەری سورداش‌و سەركردایەتی هاتبوون، ئەوە یەكەم بینین‌و دوا بینیم بوو لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا. دوای راپەڕین بەڕێكەوت لەگەڕەكی مانگرتووەكانی سلێمانی بووین بەدراوسێ‌‌و زیاتر ئەو پیاوەم ناسی.

لەم رۆژانەدا كتێبە نوێیەكەی( كەلێرەوە سەیری ژیانی خۆم ئەكەم، بەرگی یەكەم 1961-1989) پێشكەش كردم‌و بەوردی خوێندمەوە.

ئەم كتێبە كە پانۆڕامای ژیانی گوڵپی یە، وەك رۆمانێك بەزمانێكی كوردیی شیرین‌و پارا‌و نوسراوە، كە دەست بەخوێندنەوەی ئەكەی كێشت ئەكا‌و حەز ئەكەی تا تەواوی نەكەی دەستی لێهەڵنەگری.

نوسەر لەم كتێبەدا لاپەڕەكانی ژیانی منداڵی‌و خوێندكاری‌و خەباتی نهێنی‌و پێشمەرگایەتی هەڵئەداتەوە، بەشێوەی گێڕانەوەی حیكایەت‌و چیرۆك‌و رۆمان، بەژیانی كەسێكت ئاشنا ئەكات، كەژیانێكی سەخت‌و دژوار‌و بەئازاری هەبووە.لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەمنداڵییەوە بزیۆ‌و سەركەش‌و یاخی بووە، بەڵام بەورە‌و گەشبین، لەهیچ زروف‌و سەردەمێكدا دەستبەرداری باوەڕ‌و قەناعەتەكانی نەبووە، كە زۆر زیانیشی لێكردووە.

ئەو هێشتا منداڵ بووە، كە حەمە گوڵپی باوكی پێشمەرگەی قارەمانی شۆڕشی ئەیلول لەشەڕێكدا لەنزیك پردی زەڵم لەگەڵ سوپای داگیركەری عیراق لەهەڵمەتبردن بۆ سەر دەبابەیەك شەهید ئەكرێ‌‌و وەك سومبلی قارەمانێتی ئەچێتە مێژووەوە.ئیدی ئەم كوڕە شەهیدە بەهەژاری‌و بەنەداری، بەورەیەكی بەرزەوە سەرباری كاركردن‌و چەرمەسەری‌و گرفت‌و ئاستەنگەكانی ژیان، قۆناغەكانی خوێندن بەناڕەحەتی تەواو ئەكا‌و نمرەیەكی بەرز دێنێ‌‌و سێیەمی پارێزگای سلێمانی ئەبێ‌‌و لەكۆلیجی پزیشكی موسڵ وەر ئەگیرێ‌‌و تەواوی ئەكا.

هەموو خولیای ئەم پیاوە ئەوە ئەبێ‌ ببێ‌ پێشمەرگە‌و خزمەتی گەلەكەی بكات، هەرواش ئەكا‌و ئەبێ‌ بەپێشمەرگە.
ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە ئەو كاتەی ئەیەوێ‌ ببێ‌ بەپێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ساڵێك پێشتر برایەكی كە پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لەشەڕی ناوخۆدا لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەهید بووە، ئەوە هەرچەند كاریگەری دەروونی خۆی‌و خانەوادە‌و كەسوكاری لەسەری هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرو باوەڕەكەی هەڵبژاردووە‌و بووە بەپێشمەرگەی یەكێتی!.

لەپێشمەرگایەتی وەك دكتۆرێكی شارەزا خزمەتی زۆری پێشمەرگە‌و خەڵكی كردووە‌و هەندێ‌ جار لەو شاخانە لەبواری نەشتەگەری‌و چارەسەردا موعجیزەی دروست كردووە‌و دەیان كەسی لەمردن رزگار كردووە.

لەشاخیش سەرباری خزمەتە ناوازەكانی لەبواری پزیشكی، تووشی چەندین گرفت‌و كێشەی گەورە بووە،بەڵام هەر بەهەمان گیانی سرك‌و سەركێشی مناڵی رووبەروو بۆتەوە‌و چۆكی دانەداوە.

ئەم كتێبە چیرۆكی ژیانی كەسێكە تاڵاوی هەژاری‌و مەینەتی زۆری رۆژگاری چەشتووە،هەر لەمناڵییەوە باوكی شەهید بووە، بەبێ‌ نازی باوك گەورە بووە،كاری سەخت‌و تاقەت پڕوكێنی كردووە، خەباتی نهێنی كردووە، وەك دكتۆرێكی پێشمەرگە خزمەتی كردووە‌و چەندین جار لەكەناری مەرگ گەڕاوەتەوە‌و تووشی گرفت‌و ئاستەنگی زۆر بووە، خانەوادەكەی لەهەڵەبجە بەچەكی كیماوی شەهید بووە، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەداوە‌و لەتێكۆشانی كوردایەتی بەردەوام بووە‌و لەسەنگەری گەلەكەیدا بووە.

ئەم كتێبە دەیان بابەتی سەرنجڕاكێشی تێدایە، كە تەنها بەخوێندنەوەی چێژی تەواوی لێوەرئەگیرێ‌.


AM:10:22:06/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 3138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی