‌‎بەرەی یەكێتی
PM:05:26:03/09/2018
مه‌سعودی‌ مه‌لا هه‌مزه‌


‎لەدوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بەگشتی و لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو بە تایبەتی سەركردە سیاسییەكانی كورد دابەشی سەر هەردوو بەرەی جەلالی و مەلایی بوون، دواجار و لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئەم دابەشبوونە بووە دوو بەرەی جیاواز لەژێر دوو ناوی جیاوازو دوو ئایدیای لەیەك دوور، ئەویش یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.

‎لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا ڕاپەڕین و ڕزگاركردنی كوردستان لە چنگی بەعس سەرەڕای بوونی چەند هێزێكی تر، بەڵام هێزی ڕاستەقینە لە گۆڕەپانەكە یەكێتی و پارتی بوون.

‎جیابوونەوەی گۆڕان و دروستكردنی لیستی جیاواز و بەدەستهێنانی ٢٥ كورسی و كارابوونی ئۆپۆزسیۆن لە خولی ڕابردووی پەرلەمان، سەرباری كەمتركردنەوەی پێگەی یەكێتی و پارتی لە ناوچەكە، لێ هێشتا هێزی سەرەكی لە كوردستان یەكێتی و پارتی بوو.

‎هەڵبژاردنی ڕابردوو و بەشداری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە حكومەت و وەرگرتنی چەند پۆستێكی دیارو هەستیار نەیتوانی ببیتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی پێگەی پارتی و یەكێتی لە كوردستان، هەر ئەوەش بوو وایكرد لەدواجاردا لایەنەكان لە حكومەت بكشێنەوەو گۆڕەپانەكە بۆ یەكێتی و پارتی و چۆڵ بكەن هەوڵی بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن بدەن.

‎سەرجەم گۆڕانكاری و جیابوونەوەكان سنووری زۆنی سەوز بەگشتی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەتایبەتی گرتۆتەوە و هیچ یەك لە لایەنەكان نەیانتوانیوە سنووری چالاكییەكانیان بپەڕێننەوە بۆ زۆنی زەرد، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین دەبێ یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە بكات؟

‎ئەزموونی سیاسەتكردن لە چەند ساڵی ڕابردوو و ململانێكانی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەكان تا توندترین ئاستیش ئەو ڕاستیەی دەرخست كە ململانێی توندی نێوان یەكێتی و لایەنەكان نەك چارەسەر نییە، بگرە سەرجەم هەنگاوەكان لەخزمەتی پارتی شكانەوەو تا دەهات حەجمی یەكێتی و لایەنەكان لە بەرامبەر هەژموونی پارتی كەمتردەبوونەوە.

‎ئێستاو بارودۆخی دوای هەڵبژاردنەكانی ١٢ی٥ و گرژی و ئاڵۆزییەكانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی ئەوە دەخوازێ كە ئیتر كورد یەكدەنگ بێ و بەكۆدەنگییەوە دەتوانێ بەهێزتر بێ، لەپاڵ ئەوەشدا دەركەوت كە هاوشانی پارتی هێزی سەرەكی لەكوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو دەتوانێ بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و هاوكات ململانێی پارتی بكات و هەوڵی جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی خۆی بدات، كەواتا لەم سۆنگەیەوە ئەركی ئێستای یەكێتی چییە؟

‎بەرلەهەر شتێك و ئەگەر بڕیاربێ یەكێتی بیەوێ وەك جاران حوكمڕانی كوردستان بێ و تاكە هاوبەشی دەسەڵات بێ لە كوردستان وعێراق دەبێ هەنگاوەكانی یەكێتی بەم ئاراستەیە بن كە پێش هەموو شتێك نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو ململانێ ناوخۆییەكان كۆتایی پێ بهێنرێ و دیسپلینی حزبی بۆ سەرجەم ئۆرگانەكان بگێڕدرێتەوە و كاری حزبی لەنێو ئۆرگانەكان بكرێ.

‎هەنگاوی دووەم كە ئەركە لەسەر یەكێتی بیهاوێژێ، دووبارە ڕێكخستنەوەی زۆنی سەوزو كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكانە لەدەوری خۆی كە دەتوانین ناوی بنێین بەرەی یەكێتی، بەرەی یەكێتی ئەوكاتە بەهێزو خاوەن بڕیار دەبێ كە یەكێتی بتوانێ بەلانی كەم گۆڕان و هاوپەیمانی تائەندازەی یەكگرتنەوەو تێكەڵبوونەوە  لەگەڵ خۆی نزیك بكاتەوە، بە جۆرێك یەكێتی سەنگ و قوڕسایی خۆی و ژمارەی كورسییەكانی خۆی و گۆڕان و هاوپەیمانی و لایەنە ئیسلامییەكان. لەپێناو جێبەجێكردنی بەرنامەكانی خۆی لەحوكمڕانی لەبەرامبەر پارتی و ئەجێنداكانی بەكاربێنێ.

‎ئەگەر یەكێتی ئەم هەنگاوە بنێ، ئەوا بێ شك دەتوانێ ئارامی تەواو بۆ زۆنی سەوز فەراهەم بكاو وەك لایەنێكی بەهێزیش لەبەرامبەر پارتی بڕیاردەر دەبێ و لەدواجاردا دەتوانێ ململانێ سیاسییەكان بەتەنها لە زۆنەكەی خۆی نەهێڵێتەوەو گشتگیرترو لەهەموو كوردستان بەدهۆك و زاخۆو هەولێری پایتەختیشەوە هەنگاو بهاوێژێ و لەدواجاردا ببێتە شەریكی ڕاستەقینەی حوكمڕانی لەكوردستان.

‎بەم هەنگاوەی یەكێتی، لایەنەكانی تریش دەتوانن سوودمەندبن و لەژێر سێبەری یەكێتی باشترو چالاكتر كاربكەن و سنووری چالاكییەكانیشیان تەنها زۆنی سەوز نەبێ و بپەڕنەوە بۆ زۆنی زەرد و لەگۆڕانكارییەكاندا هەموو كوردستان بەشدار بێ نەوەك تەنها زۆنێك.

‎لەدواجارو بەهەنگاونانی یەكێتی بەو ئاراستەیەو هاتنەپێشی لایەنەكان بۆ دروستكردنی ئەم بەرەیە لەیەكەم هەنگاوی پۆزەتیڤدا هاوسەنگی حوكمڕانی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، ئەوكات نە پارتی ئەو هێزە یەكەمە گەورەیە دەبێ كە بێ باك بێ لەزۆر شت و نە یەكێتی و لایەنەكانی تریش ئەو هێزە دووەم و سێیەمە دەبن كە نەتوانن بەگوێرەی حەجمی خۆیان كاریگەریان هەبێ لەسەر كوردستان و ئەو گۆڕانكارییانەی ڕوودەدەن.


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.