راگەیاندن و رووماڵی پیشەیی

‌مه‌سعودی‌ مه‌لا هه‌مزه‌

‎هەمیشەو لە سەروبەندی ڕووداوە گەورەو خێراكان و تەنگژە سیاسییەكان، ڕاگەیاندنی كوردی لەبری ئەوەی قسەی جدی لەسەر ڕووداوەكان بكات و ڕووماڵی پیشەییانەی ڕووداوەكە بكات، خودی میدیا و چۆنیەتی كاركردنی دەبێتە بابەتی گەرمی ڕۆژ و قسەی جدی لەسەر ئەدای دەكرێ و وەك هەمیشەش ئەم ڕووداوانە دووبارەو چەندبارە دەبنەوەو دەرس لە ڕابردوو وەرناگیرێت.

‎لەشكركێشییەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە 16ی ئۆكتۆبەر بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر و ڕووماڵی ناپیشەییانەی میدیای كوردی بابەتێكە هەرگیزاو هەرگیز ناكرێ وا بەسانایی بەسەریدا تێپەڕین، بەجۆرێك وەرگری كورد لەنێوان دوو كەناڵی سیاسەت جیاواز لێی تێكدەچێ ئاخۆ كامە ڕاستی ڕووداوەكانەو كامانەن ئەو كەناڵانەی پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداوەكانیان كردووە، یاخود بەگوێرەی هەندێ كەناڵ بێ دنیا شامی شەریفەو بەگوێرەی هەندێكی تریش شەڕ گەیشتۆتە بەر دەرگای ماڵەكانمان و ئاگامان لێی نییە، لە ڕاستیشدا هیچیان وانییە.

‎پرسیارە هەرە سادەكە ئەوەیە ڕووماڵی پیشەییانە چییە؟ ئەركی ڕاگەیاندن لەكاتی ڕووداوەكان لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟ پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن كۆكن لەسەر ئەوەی كە ڕووماڵی پیشەییانە بریتییە لە گواستنەوەی بێ لایەنانەی هەواڵ و زانیاری ورد و ڕاست لەبارەی ڕووداوێكی دیاریكراو و گەیاندنی بە وەرگر، لە پاڵ ئەوەشدا ئەوەشدا ئەركی ڕاگەیاندن لەوپەڕی سادەییدا بریتییە لە گەیاندنی زانیاری ڕووداوەكان لە نێرەرەوە بۆ وەرگر، كەواتا هیچ سەرچاوەیەك و هیچ میتۆدێكی زانستی میدیایی ڕێ بەوە نادات كە میدیا ببێتە بەشێك لە لایەنداری بۆ ڕووداوەكان و لەپاڵ گواستنەوەی زانیارییەكان ژەهری سیاسەتی خۆی بڕێژێت، كەواتا بەپێی هەموو میتۆد و ڕای توێژەرانی بواری ڕاگەیاندن بێ ئەوەی میدیای كوردی لە سەروبەندی قەیران و ڕووداوەكان دەیكات نە ڕووماڵی پیشەییانەو نە ئەركی ڕاگەیاندنە.

‎ئا لێرەدا پرسیارێكی تر خۆی قووت دەكاتەوە، ئەویش لە گۆڕەپانەكە چەند جۆر و چ جۆرە میدیایەكمان هەیە؟  وەڵامە هەرە ئاسانەكەی هەموومان بریتییە لە (ڕاگەیاندنی حزبی، ڕاگەیاندنی ئەهلی، ڕاگەیاندنی سێبەر) كە هەر سێ جۆرەكەی ڕاگەیاندن هەمان هەڵەی یەكتریان لە قالبی جیاواز و بەشێوازی جۆراوجۆر ئەنجامدا.

‎گەر بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی بابەتەكەمان و قسە لەسەر ڕووماڵی كەناڵە كوردییەكان بكەین بۆ ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژانی دوایی بێشك دەبێ ئاماژە بەوە بكەین كەهیچ یەك لە میدیا كوردییەكان خاوەنی تیمی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە جەنگ نین و هەریەكەی بەمیزاجی خۆی و زانیارییەكان و ئاستی پەیامنێرەكەی كاردەكات، بەجۆرێك پەیامنێری وا هەبوو لەناو جەرگەی شار جلی دڵنیایی و درعی بەستبوو، بەڵام لە هەمان كات و لە بەرەكانی شەڕ پەیامنێری هەمان كەناڵ بەجلی سادەی ئاساییەوە خەریكی ڕووماڵكردن بوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە بەداخەوە كەناڵە كوردییەكان بەوپەڕی بێ بەرنامەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەكان دەكرد.

‎كێشەیەكی تری هەرە گەورەی میدیای كوردی بەگشتی ڕوانینیەتی بۆ ڕووداوەكان لەیەك گۆشەنیگاوە و لەوەش خراپتر لەم گۆشە نیگایەش تەنها یەك لایەنی ڕووداوەكە وەردەگرێ، بەو مانایەی میدیای كوردی لە سەروبەندی ئەم ڕووداوانە كارە پیشەییەكەی خۆی لەبیر دەكات و دەبێتە بەشێك لەو ڕووداوانەی كە ڕوویداوە، ئەمەش سادەترین پێناسەی میدیای پێ لە دەست دەدات، كە بریتییە لە بێلایەنی لە گواستنەوەدا.

‎هەروەها میدیای حزبی و سێبەری كوردی لەبری ڕووماڵكردنی پیشەییانەی ڕووداوەكان، بوونەتە سەنگەری تەخوینكردنی لایەنی بەرامبەر و لەبری ئەوەی میدیای حزب خەریكی ڕووماڵ و گواستنەوەی هەڵوێستەكانی حزبەكەی بێ، دێت لایەنی بەرامبەر دەشكێنێ و ئەسڵی ڕووداوەكە لەبیردەكا كەچییەو دەبێ چۆن ڕووماڵی بكا...

‎جیاواز لە كەناڵە حزبی و سێبەرەكان، لە سەروبەندی ئەم ڕووداوانە وەرگر چاوەڕوانە لە كەناڵە (ئەهلی و بێلایەنەكان!!!) ڕاستی ڕووداوەكان و ڕووماڵی پیشەییانەی پێ بگات، بەڵام بەداخەوە هەمیشە لەو كاتانەدا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە كورد شتێكی نییە بەناوی میدیای ئەهلی و بێلایەن، بەڵكو هەموویان كەناڵی حزبی و شەخسین و لە قالبی تردا خۆیان نمایش دەكەن، ئەمە سەرباری ئەوەی كە بەهیچ شێوەیەك ئیشی پەیامنێر و بێژەرو پێشكەشكار نییە تەحلیل بۆ ڕووداوەكان بكاو ڕای شەخسی خۆی هەبێ، بەداخەوە لەمیدیای كوردی ئەوەش هەیە!!

‎ئەمانەو دەیان نموونەی تر دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی كە بەداخەوە ڕاگەیاندنی كوردی ڕاگەیاندنێكی زۆر هەژارەو ناتوانێ پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان بكات و زۆرجار ئەجێندای میدیاكان لەدواجاردا بە مەترسی بۆ سەركۆی میللەتەكەو كێشەكە دەشكێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان سانسۆری پیشەیی و ئیتیكی بۆ سەرجەم كەناڵەكان دابنێن و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردانە بدەن، دانانی سانسۆریش بە مانای تەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین نایەت، بەڵام ناكرێ میدیاو ڕووماڵكردنی ببێتە مەترسی بۆ سەر كوردستان و كەسیش دەنگ نەكات، بەڵكو دەبێ ئیتر میدیاكان خۆشیان بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن ڕووماڵی پیشەیی ڕووداوەكان بكەن و وەرگری كورد بەڕاستی و دروستی ڕووداوەكان ئاشنابكەن، نەك وەك ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ڕووماڵی پیشەیی و گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بكرێتە قوربانی ئەجێندای شەخس و حزبەكان و وەك چەكی ململانێ لە بەرامبەر یەكتر بەكابهێنرێ.


AM:10:44:27/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 4360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی