تورکیا چۆن لە قەیرانەکەی دەڕوانێت لەگەڵ ئەمریکادا

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان


کردار و بڕیارە تاکلایەنەکان لە دژی تورکیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لاواز دەکات و، تورکیا ناچار دەکات بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێدا بگەڕێت. لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشی ستراتیژیی یەکتر بوونە لە "ناتۆ/ ڕێکخراوی هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی"دا. لە ماوەی جەنگی سارد و دەرهاوێشتەکانی جەنگەکەدا شان بە شانی یەکتر ڕووبەڕووی هەڕەشە هاوبەشەکان بوونەتەوە.

ساڵانێکی زۆر تورکیا بەپەرۆشەوە هەر کاتێک ئەمریکا پێویستی بە یارمەتی بووبێت، یارمەتیی داوە. سەربازەکانمان بەیەکەوە لە کۆریا خوێنیان داوە. لە ساڵی ١٩٦٢ لە لووتکەی قەیرانی مووشەکەکان لە کوبا، تورکیا ڕۆڵی لە هێورکردنەوەی دۆخەکەدا بینی و، ڕێگەی دا مووشەکەکانی ئەمریکا لە تورکیا هاوکات لە ئیتاڵیا جێگیر بکرێن. لە سەروبەندی هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی سێپته‌مبەردا، کاتێک واشنتۆن داوای لە دۆست و هاوپەیمانەکانی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنان، ئێمە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ناتۆ سەربازەکانمان ناردە ئەفغانستان. 

ئەگەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی لە تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە نیگەرانییەکانی خەڵکی تورکیا شکستی هێناوە و، لەم دوایییەیشدا ئەم هاوبەشبوونەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا زیاتر دوچاری ترازان و دوورکەوتنەوە بۆتەوە؛ بەداخەوە، هەوڵەکانی ئێمە بۆ کاڵکردنەوەی ئەم مەترسییە شکستی هێنا. تا ئەو کاتەی ئەمریکا دان بەوەدا نەنێت کە بێڕێزیی بە سەروەریی تورکیا کردووە و، پیشانی نەدات کە لە هەستیاری و نیگەرانییەکانی تورکیا تێ گەیشتووە، هاوبەشبوونەکەمان دەکەوێتە مەترسیی زیاترەوە.

لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا، تورکیا لە لایەن ئەندامانی گرووپێکی سێبەرەوە کە لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە ئاڕاستە دەکرا هێرشی کرایە سەر، کە بە شێوەیەکی ڕەسمی ڕێکخراوەکە لە لایەن حکوومەتەکەی منەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و گولەنیش لە پەنسیلڤانیا نیشتەجێیە. گولەنییەکان هەوڵیان دا کودەتایەکی خوێناوی لە دژی حکوومەتەکەم ئەنجام بدەن. لەو شەوەدا، ملیۆنان هاووڵاتیی ئاسایی بەجۆش و خرۆشی نیشتمانپەروەرییەوە هەروەک چۆن خەڵکی ئەمریکا بێ دوودڵی لە دوای ‌هێرشەکانی پێرڵ هاربۆر و ١١ی سێپته‌مبەرەوە ڕژانە سەر شەقام، ئاوا ئەوانیش ڕژانە سەر شەقامەکان. ٢٥١ کەسی بێتاوان، لەوانە هاوڕێی ئەزیز و بەڕێوەبەری لەمێژینەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنم "ئیڕۆڵ ئٶڵچۆک" و، کوڕەکەی، "عەبدوڵا تەيیب ئۆڵچۆک" گیانیان سپارد و دوایین باجی ئازادیی نەتەوەکەیان دا. بێ گومان منیش دەچوومە کاروانی قوربانیانەوە ئەگەر هەوڵی تیرۆرکردنی من و خێزانەکەم لە لایەن کودەتاچییەکانەوە سەرکەتوو بووایە.  

گەلی تورکیا چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتوندی سەرکۆنەی هێرش و کودەتاکە بکات و ئامادەییی هاوکاریی خۆیشی بۆ حکوومەتە هەڵبژێردراوەکەی تورکیا دەرببڕێت؛ بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمەی نەکرد! کاردانەوەكه‌ی ئەمریکا لە جێگەی خۆیدا نەبوو بۆ ئێمە. لە جیاتی پاڵپشتی بۆ دیموکراسییەت لە تورکیادا، بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای سەقامگیری و بەردەوامیی ئاشتییان دەکرد لە تورکیادا. بۆ خراپترکردنی بارودۆخەکە، ئەمریکا بەدەم داواکەی تورکیاوه‌ نەهات و فەتحوڵڵا گولەنی لەژێر ڕێککەوتنێکی دوولایەنەوە ڕادەستی ئێمە نەکردەوە.  

یەکێک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا یارمەتییەکانی ئەمریکایە بۆ پەیەدە و یەپەگە کە بە درێژکراوەی پەکەکە لە سووریادا دادەنرێت. ئەم گرووپە چەکدارە، بەرپرسیارە لە کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی تورکی لە ١٩٨٤ەوە و، لە لایەن خودی ئەمریکایشەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دانراوە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و زانیارییە فەرمییەکانی تورکیا، واشنتۆن ٥٠٠٠ بارهەڵگر و ٢٠٠٠ فڕۆکەی بارهەڵگر/کاڕگۆی چەکی وەک یارمەتی گەیاندووە بە پەیەدە و یەپەگە لەم ساڵانەی دواییدا.

حکوومەتەکەم بەردەوام ئەو نیگەرانییەی ئێمەی بە بەرپرسانی ئەمریکا گەیاندووە، بەتایبەت سەبارەت بە بڕیاری ڕاهێنان و چەکپێدانی هاوپەیمانەکانی پەکەکە لە سووریا. بەداخەوە! وتەکانی ئێمە بە گوێی کەڕدا چووە و، چەکە ئەمریکییەکان لە کۆتاییدا خەڵکی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئێمەی لە سووریا، عێراق و تورکیادا کردە ئامانج.

لەم چەند هەفتەی دواییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند هەنگاوێکی گرتۆتە بەر بۆ زیاترکردنی بارگرژی و تەنگەژەی زیاتر لەگەڵ تورکیادا بە هۆی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی، قەشە "ئەندرۆ بڕۆنسۆن" لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە کە تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. لە بری ڕێزگرتن لە ڕێکارە دادوەرییەکان و سەروەریی یاسا، کە چەندین جار خۆم لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان هانی "دۆناڵد ترامپ"م داوە کە ڕێز لەو بڕیارە دادوەرییانە بگرێت، کەچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە هەڕەشە و سەپاندنی سزا لە بەرامبەر نەتەوەیەکی دۆستی ئەمریکا و، سزای بەسەر دوو لە وەزیری ناو حکوومەتی تورکیادا سەپاندووە. ئەم بڕیارە قبووڵکراو نییە و بڕیارێکی ناعەقڵانییە و زیان بە پەیوەندی و دۆستایەتییە لەمێژینەکەمان دەگەیەنێت. ئێمەیش لە بەرامبەردا سزامان بەسەر چەند بەرپرسێکی ئەمریکیدا سەپاند. ئێمە پابەندی هەمان بنەما دەبین؛ هەوڵ دەدەین حکوومەتەکەمان پابەندی دەستوور بێت و، گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی دادوەرییش  لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان یەک ناگرێتەوە.

تورکیا وادەیەکی دیاری کردووە و ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوێی بۆ نەگرێت، تورکیا ناچارە پلانی ئابووریی خۆی جێبەجێ بکات. لە ١٩٧٠دا، تورکیا ڕێگریی کرد لە قڕکردنی تورکەکان لە لایەن قوبڕسییە یۆنانییەکانەوە، سەرەڕای لۆمە و ڕەخنەکانی واشنتۆن. لەم دوایییەدا، واشنتۆن گوێی بە نیگەرانییەکانی ئێمە نەدەدا سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان لە لایەن باکووری سووریاوە و، دواتر لە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا توانیمان هەم داعش کە گەیشتبووە سەر سنوورەکانی ناتۆ، هەمیش هێزێکی وەک پەیەدە لە عەفرین، وەدەربنێین. بەم شێوەیە ئێمە هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان دەگرینە بەر.

لە سەردەمێکدا کە خراپەکاری لە هەموو سووچێکی دونیادا ئامادەییی هەیە! کردە و بڕیارە تاکلایەنەکان لە دژی تورکیادا لە لایەن ئەمریکای دۆستی چەندین ساڵەمان، تەنیا زیان بە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریکا دەگەیەنێت. بەر لەوەی زۆر درەنگ دابێت، واشنتۆن دەبێت واز لە بڕیارە هەڵەکانی بهێنێت و، دەبێت هەر دوو دیوی پەیوەندییەکانمان ببینێت و، دەبێت ئەوەیش بزانێت کە تورکیا جێگرەوە و بژاردەی تری هەیە. ئەگەر ئەمریکا واز لەو بێڕێزی و مەیلە تاکڕەوییانەی نەهێنێت، ئەوا ئێمە بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێین. 

ڕاستکردنەوە:
لە سەرەتای وتارەکەدا هەڵەیەک هەیە لە دانانی مووشەکی جیوپیتەر لە تورکیادا. لە ١٩٦٢دا ئیدارەکەی جۆن کەنێدی لە ڕێگەی دانوستانەوە قەیرانی مووشەکی کوبای چارەسەر کرد و پێش قەیرانەکەیش ئەمریکا مووشەکەکانی خۆی لە ئیتاڵیا و تورکیادا جێگیرکردبوو نەک دوای قەیرانەکە. بۆیە ئەوە ڕاست نییە کە لە کاتی قەیرانی مووشەکیی کوبا، هەروەک ئەردۆغان بەهەڵە ئاماژەی پێ کردووە، تورکیا پێشوەختە دەستپێشخەریی کردبێت و لەسەر جێگریکردنی مووشەکەکان ڕەزامەند بووبێت.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر


PM:08:44:18/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 2931 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی