میدیای کوردی لە چاوەڕوانی خنکانی ئایلانەکاندا

‌سۆران ڕەشید


شتێکى ڕوونە، میدیا لە زاڵترین ئامڕازەکانى پەیوەندییەکردن و گەیاندنە، دەتوانێت پەرە بە شتە باشەکان بدات و ڕێگری لە خراپەکان بکات و یارمەتى بڵاوبوونەوەى بدات، هەرچەندە بەداخەوە پێچەوانەکەشى ڕاستە، بۆیە دەزگا میدیاییەکان، هاوڕێ لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە بەشێکى گرنگی ژیانى هەموو تاکێکى کۆمەڵگە.
میدیا، بە هەموو جۆر و بەشەکانییەوە، پەیامی جۆراوجۆر دەگەیەنێتە کۆمەڵگە، بابەت و شتەکانیان دەگەیەنێت و هۆشیاریان دەکاتەوە و دواتر کاریگەری دەبێت لەسەر ئاڕاستەکردن و هەڵوێست و کاردانەوەى تاک بۆ ئەو ڕووداو و بابەتانە.

لە ئێستادا، میدیا لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ڕوماڵی چەندین بابەتی سیاسی و ئابوری و چەند قەیران و ناکۆکییەکن، بۆ نمونە، کەمی کارەبا و ئاو، دواکەوتنى موچە و نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ناکۆکی لایەنەکان، راستە ئەوە ئەرک و مافێکى بنچینەیی میدیا کە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەن.

بەڵام جیاواز لە پێویستى ڕوماڵی بابەتە گەرم و جێی مشتومڕەکانى ناو خەڵک، پێویستە ڕۆڵی بنیادکەرانەى زیاتر ببینێت، ئەویش ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ بابەتگەلێک کە ئاگایان لێی نییە، بۆیە میدیا پێویستە گرنگ و مەترسی و دەرئەنجامەکانى ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە کۆچی نایاسایی (کۆچ بە قاچاخی) یەکێکە لەوانە.
بەپێی نوێترین ئاماری فیدراسیۆنى سەراسەری پەنابەرانى عێراق لە هەرێم ، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیكەی ٢٤ هەزار هاوڵاتی هەرێم كۆچیان كردوە بۆ دەرەوە، بە گشتى و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا، ٥٥٠ هەزار هاوڵاتی عێراق بە ڕێگەى نایاسایی کۆچیان کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ١٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون کە ژمارەیەکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تەنها لە دوو مانگی ڕابردووشدا، زیاتر لە ٤٠٠ کۆچبەری نایاسایی هەرێمی کوردستان کە لە زیندانەکانى تورکیا دەستگیرکرابوون، دیپۆرتی هەرێم کراونەتەوە.

کێشە سەرەکی میدیاکانى کوردستان لەم بوارەدا ئەوەیە، بە بەردەوامى ڕوماڵی کۆچی نایاسایی ناکەن تاوەکو چیرۆکێک یان ڕووداوێکى تراژیدی و ئامارێکى ترسناک نەبینن، بۆ نمونە، لەدوای بڵاوبوونەوەى وێنەکانى تەرمی ئایلانی کوردی کە منداڵێکى کۆچبەر کورد بوو لە کەنار ئاوەکانى دەریای ئیجە لە ساڵی ٢٠١٥، شاشەى هەموو تی ڤیی و ڕوپەڕی هەموو ڕۆژنامەکانى گرتەوە، بەڵام دواتر ڕوماڵەکانیان بە تەواوی خاو کردەوە تاوەکو رووداوێکى دیکە جەرگبڕ کە نقومبوونى بەلەمێکى کۆچبەرانى کورد بوو لە ساڵی ٢٠١٦، جارێکى تر بابەتى کۆچی نایاسایی بووە سەردێڕێ یەکەمی میدیاکان.

لەدوای دەرکەوتنى داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق، شەپۆلێکى گەورەی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانى ئەوروپا دەستیپێکرد، خەڵکی دەیان و سەدان رووداوی ناخۆش و تراژیدیایان بینى، سەدان کۆچبەر خنکان، هەزاران کێشەى کۆمەڵاتى لێکەوتەوە، بە ملیۆنان دۆلار بە هەدەردران و چوونە دەرەوەى وڵات، بەڵام ڕوماڵی میدیا لە ئاستى پێویستدا نەبووە، چەند راپۆرت و هەواڵێکى کەمی لێکراوە بەبێ لێکۆڵینەوە و بەرنامەی بەدواداچوونى درێژ و تێروتەسەر.

لەکاتى ڕووماڵەکانیشدا، میدیا تەنها باسى لە هۆکارەکانى کۆچکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەرەوە، بەڵام زۆر بە کەمی هەوڵدراوە لە میدیاکانەوە خەڵکی هۆشیاربکرێنەوە لە مەترسییەکان کۆچ و هاندانى خەڵک بۆ کۆچنەکردن.
بۆیە بە ڕای من، پێویستە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێک بنێن بۆ باشترکردنی ڕوماڵەکیانان لەم ڕووەوە.

پێویستە دەزگا میدیاییەکان بە بەردەوامی ڕوماڵی کۆچ و کۆچی نایاسایی و مەترسی و دەرئەنجامەکانى بکەن، دۆکیومێنتاری قوڵتر و بەرنامەى زیاتر بکەن تاوەکو کۆچبەر و ئەوانەشی بە نیازی کۆچن لە مەترسی ڕێگا و دەرئەنجامەکانى کۆچ و سیاسەتى وڵاتان شارەزا ببن، پێویستە میدیا کاری زیاتر بکات لە نیشاندانى بەدیلەکانى کۆچ و هەلی مانەوەى گەنجان لە وڵات.

هاوشێوەى زۆربەى میدیا و ئاژانسە جیهانییەکان کە ڕیپۆرتەر و ڕۆژنامەنوسی تایبەت دانراون بە بابەتى کۆچ، پێویستە لە ناو دەزگاکانى هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژنامەنوسی شارەزا و تایمەتمەند دابنرێن کە بە بەردەوامی لەسەر ئەو بابەتە کار بکەن و تیمی ڕوماڵی کۆچی نایاسایی فراوانتر بکرێت، هەندێجار، پێویستە پشت بە ڕۆژنامەنوسی فریلانس ببەسترێت بۆئەوەى بە وردی و فراوانی و لەسەرخۆ کار لەسەر بابەتەکە بکات.
پێویستە باشترین و نوێترین خولی فێرکاری و پێدانى زانیاری بکرێتەوە بۆ ڕۆژنامەنوسان تاوەکو بتوانن لە بوارەکەدا شارەزا ببن و بەئاگا بن لە داتا و ئامارەکانى کۆچ و نوێترین زانیاری لەسەر بابەتەکە، بە تایبەت پەیوەست بە هەرێمی کوردستان.

پێویستە ژوری هەواڵی دەزگاکان راگەیاندن سیاسەتێکى داڕشتن و نوسینی بێلایەنیان هەبێت دەربارەى بابەتەکە، نابێت بابەتى کۆچ تێکەڵی بابەت و ناکۆییە سیاسی و ئابوریییەکان بکرێت.
پێویستە ڕۆژنامەنوس و ڕیپۆرتەرەکان زانیاری دروست و ورد و پشتڕاستکراوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەى گرنگ و جدیەتى بابەتەکە لەخەڵک تێبگەیەنن.

پێویستە میدیاکان پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی بواری کۆچبەراندا هەبێت و ڕوماڵی کار و چالاکییەکانیان بکرێت و هەوڵ بدرێت دەرفەتیان پێ بدرێت تاوەکو قسەی خۆیان بکەن.
نیشاندانى چاوچنۆکی و فێڵەکانى قاچاخچی و ڕێگاکانى هەڵخەڵەتاندنی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە، ئەرکێکى گرنگی میدیایە و پێویستە مەترسی ئەم بابەتە بۆ کۆچبەر بخرێتەڕوو، زۆر گرنگە میدیا باسى ژیانى ناو کامپ و ئەو وڵاتانە بکرێت کە کۆچبەر ڕووی تێدەکەن.

بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم، بەبێ ڕوماڵێکى میدیایی باش و کاریگەر، کێشە و قەیرانە مرۆییەکان بە تەواوی کاریگەرییە خراپییەکانیانەوە بەردەوام دەبن و ئاشکرا نابن بۆ خەڵک و سودی لێ نابینن.



PM:11:14:10/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 2977 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی