سیاسەتی ئەمەریكا لە ترۆمان بۆ ترامپ

‌هیوا سەید سەلیم

دوای دیدارەكەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، فلادێمێر بۆتین، سەرۆكی روسیا، كە بە لوتكەی هلسنكی ناسراوە چونكە دیدارەكە لە وڵاتی سێیەم ئەنجامدرا، ئەمەش لە عورفی دبلۆماسی گونجاوە بەتایبەت كاتێك دوو وڵات پەیوەندیەكانیان ئاسایی نابن بۆ دیداریان وڵاتی سێیەم هەڵدەبژێرن.

 دیدارەكەی نێوان (ترامپ- بۆتین)  كاردانەوەی توندی لە ئاستی شەقامی ئەمریكی لێكەوتۆتەوە، وە زۆرێك لە كاردانەوەكان بە ئاڕاستەی رەخنەگرتن بوون لە هەڵوێستەكانی ترامب لەو دیدارە .

دوای جەنگی جیهانی دووەم پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و سوڤیەتی ئەوسا  بە جەنگێكی تازە تێپەڕی كرد،  كە بە  جەنگی سارد ناسراوە ، هاری ترۆمان كە لەو سەردەمە(٣٣) مین سەرۆكی ئەمەریكا بوو،  سیاسەتێكی لە بەرامبەر یەكێتی سۆڤیەت پیادەدەكات كە پێی دەوترێت سیاسەتی ئیحتواء، كە ئامانج لێی رێگری كردن بوولە بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی شیوعیەت كە ئەوسا یەكێتی سوڤیەت كاری لەسەر دەكرد، جگە لەمە لە رێگەی پلانی مارشال و بەناوی هاوكاری وڵاتانی ئەوروپا كە لە جەنگی جیهانی دووەم تووشی زیانی ئابووری گەورە بووبوون لە ئەوروپانی دراوسێی سۆڤیەت نزیكبووەوە، هەر ئەو كاتەش لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەكانی هاوپەیمانی ناتۆی لێ بەرامبەر هاوپەیمانی وارشۆ كە یەكێتی سۆڤیەت سەرۆكایەتی دەكرد دامەزراندن .

هەندێك لە چاودێران پێیان وایە كە دیدارەكەی هلسنكی نێوان ترامپ – بۆتن پشتكردنە ئەو سیاسەتەیە كە لە سەرەتای جەنگی ساردەوە واتا لە زەمەنی دەسەڵاتی ترۆمان تا كۆتایی هاتنی ئەو جەنگە كە بە هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران تەواو بوو پەیڕەوكراوە، هەر بۆیەشە لەسەر ئاستی شەقامی ئەمەریكی ترامپ رەخنە باران دەكرێت و دیدارەكەشی بە لاوازی لەبەرامبەر نەیارە سەرەكیەكەی ئەمریكا دەبینرێت.

ترامپ كە دوای دیدارەكە رەخنەی لە سیاسەتی ئەمەریكا گرت بەوەی لە ڕابردوو خراب مامەڵەیان لەگەل روسیا كردووە بەتایبەت روسیا و ئیدارەی بۆتینی لەو تۆمەتانە بێ بەریكرد كە دەوترا ئەوان دەستوەردانیان كردووە لە هەلبژاردنەكانی ٢٠١٦ ئەمەریكا هەروەها دیدارەكەی باشتر لەقەڵەم دا لە دیداری لوتكەی ناتۆ كە چەند رۆژێك پێش لوتكەی هلسنكی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ئەنجام درابوو.

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە(ئەمەریكا- روسیا) كە رۆژگارێك بە دوو جەمسەری گەورەی جیهان هەژمار دەكران، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتی ئیدی كۆتایی بەو دوو جەمسەریەش هات، تێدەگەین كە پەیوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتە بە هەوراز و نشێوی زۆر تێپەڕیون، لە ئێستاشدا پێناچێت بەرهەمی ئەو دیدارەی هلسنكی گۆڕانێكی جدی لە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە بكات.

كاردانەوە ناوخۆیەكانی ئەمەریكا لەبەرامبەر ئەو دیدارە ئەوەمان پێدەڵێت كە دۆنالد ترامپ،  تاسەر ناتەوانێت درێژە بەو سیاسەتە بدات لەبەرامبەر روسیا، چونكە لە ئاستی ناوخۆی ئەمەریكا  ترامپ شەقامی ئەمەریكای هەژاند ودابەشی كرد بەسەر دووبەرە، بەرەیەكی بەهێزی دژ بەو دیدارە، كە لەلایەن دیموكراتەكان و بەرپرسانی كۆنی ئاژانسی ئیستخباراتی ناوەندی ئەمەریكی (CIA) و چەند سیناتۆرێكی پارتەكەی بەتایبەت جۆن مەكین كە یەكێك لەوانە بوو كە كاردانەوەی توندی هەبوو، بەرەی دووەم حزبەكەی خۆیەتی كە پشتیوانی لە لێدوانەكانی ترامپ دەكەن.

ئەمە جگە لە ئەوەی دیدارەكە نەیتوانیوە دەست بۆ چارەسەری چەندین قەیرانی گرنگ ببات، كە لە لایەن هەردووو وڵات ناكۆكی گرنگیان لەسەرە،  وەك كێشەی سوریا- ئۆكرانیا – رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی .

ماوە بڵێین لوتكەی هلسنكی تازەیە و لەوانەشە هەندێك دیوی شاراوەی مابێت ئاشكرا بكرێن،  بۆیە دەبینین كە كۆنگرس مانەكانی ئەمەریكا بەتایبەت لە دیموكراتەكان داوای گوێگرتن لە فلیمی دیدارە دوو قۆلیەكە دەكەن، تا بزانن سەرۆكەكەیان چی تری لەگەڵ بۆتین باس كردووە، چونكە ئەوەی لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە گوێ بیستی بوون بە لای ئەوان و زۆرێك لە ئەمەریكیەكان لاوازی سەرۆكەكەیان بوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی هەندێك ئەو رۆژە بە رۆژێكی رەش بۆ ئەمەریكای ببینن و ترامپیش بە لاواز و خائین ناو ببەن.

لێرەدا تێدەگەین كە ئەگەرچی جیهان دەمێكە لە دوو جەمسەریەوە گۆڕاوە بۆ تاك جەمسەری، روسیا لەبەرامبەر ئەمەریكا سۆڤیەتی جاران نیە، بەڵام هێشتا سێبەری ململانێی جەنگی سارد لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان ئەمەریكا و روسیا ماوە، بۆیە بە گۆڕانی سیاسەتی سەرۆكەكانیش ئاسان نیە ئەو پەیوەندیە بچێتە چوارچێوەی پەیوەندی ئاسایی دوو دەوڵەت.


PM:03:29:19/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 2118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی