بۆچی گرنگە ھەدەپ سەرکەوێت

‌هیوا سەید سەلیم

ئەمرۆ  HDPدەچێتە نێو وێستگەیەکی گرنگی تێکۆشانی مەدەنیانەی خۆی، ئەویش بەشداریکردنە لە کێبرکێی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، ھەلبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی، ئەوەی دووەمیان بەبەراورد بە ھەڵبژاردنی پەرلەمان زۆ بایەخەی بۆ HDP نیە،  چونکە دەزانین بۆ HDP ئاسان نیە لە رێگەی ھەڵبژاردمی ڕاستەوخۆ واتا بە سیستەمی سەرۆکایەتی کە ئێستا لە ھەلبژاردنی تورکیا پەیڕەو دەکرێت،  ئەوان بتوان ملامانێی پێکھاتەکانی تر بەتایبەت پارتی دەسەڵاتدار بکەن و کاندییان بەسەر ئەوانی تر سەرکەوێت،  بەڵام بەشداریان لەو ملاملانێیە کە بۆ دوومین جارە دەمیرتاش دەپێتە رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان   بۆ بوونی پرۆسەی دیموکراسی گرنگە، ھەروەھا پەیامێکیشە بۆ ھەموو جیھان کە کورد لە تورکیا ژمارەیەکی گرنگە و تەنانەت دەتوانێت لە ھەڵبژاردنەکان  ڕکابەری سەرۆکایەتی کۆماریش بکاتئەگەر چی ئاستەمە دەرییش بچێت.

لێرەدا مەبەستمانە بڵێین بۆچی سەرکەوتنی ھەدەپ لە ھەلبژاردنی ٢٤ حوزەیران گرنگە، ئایا کورد و HDP لە پەرلەمانی تورکیا یچیان پێدەکرێت، ئایا تورکیا ئەو ئەو دەوڵەتەیە کە پەراوێزێک بۆ خەباتی مەدنیانەی کوردی تێدابێت، ئەمەو چەندین پرسیاری تر کە ماوەیەکە بۆتە جێگای مشتومڕی چاودێرانی رەوشی سیاسی تورکیا.

دەولەتی تورکیای ھاوچەرخ کە دوای ھەلوەشاندنەوەی ئیمبراتۆریای عوسمانی و دوای شکستی لە جەنگی جیھانی یەکەم دامەزراوە،  لە سەد ساڵەی ڕابردوو بەچەندین قۆناغی گرنگ و جۆراوجۆر تێپەڕیوە، ھەر لە دامەزراندنی دەولەتی نەتەوەی لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک بگرە،  تا قۆناغی کودەتاکان و ھاتنە پێشی ڕەوتە ئیسلامیەکان، وە دواجاریش گرتنە دەستی دەسەلات لەلایەن پارتی دادوگەشەپێدان کە میراتگری حزبەکانی وەک رەفای ئیسلامی و سەعادەت بووە، لە ھەموو ئەو وێستگانەی مێژووی تورکیا ھیچ دەرچەیەک بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد نەھاتۆتە پێش، بگرە ھەرھەموویان بەبێ جیاوازی بە سیاسەتی ئینکارکردن و دواتریش سەرکوتکردن رووبەڕووی داخوازیەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بوونەتەوە.

ھەر بۆیەش لەو سەردەمانەی ڕابردوو نەک خەباتی مەدەنی دادی کوردی نەداوە،  بگرە دەوڵەتی تورکیا دوای کودەتاکەی ساڵانی ھەشتا لە ژێر سیبەری دەسەلاتی کودەتاچیەکان لە دەستوری تورکیا ماددەیەکیان زیادکردووە کە کۆسپ بێت لەبەردەم کورد تا بتوانێت نوێنەرەکانی بگەیەنێتە پەرلەمانی تورکیا، ئەویش بریتیە لە  بەندی ھەلبژاردن.

لە ئێستادا دوای سەدەیەک لە خۆراگری کورد لەبەرامبەر ھەموو ئەو سیاسەتە چەوتانەی تورکیا کە  ( لە کووشتن و گرتن و ئیناکار و وێرانکردنی خاکی کوردستان )پیادەی دەکرد، ھەلبژاردن چ شتێک بۆ کورد دەگۆڕێت، ئایا کورد لە تورکیا چی پێدەکرێت و چ شتێک بەدەست دێنێت؟

بە خوێندنەوەی ووردمان بۆ مێژووی سەد ساڵەی تورکیا لەوە تێدەگەین کە تورکیا یەکێک لەو دەوڵەتانەیە ھەر چارەگە سەدەیەک ڕووبەرووی گۆڕانکاری گەورە دەبێتەەوە، بۆ نموونە کەمالیستەکان و حزبەکەی ئەتاتورک چارەگە سەدەیەک توانیان لەسەر میراتی ئەتاتورک بمێنەوە و جلەوی دەسەڵاتیان بەدەست بێت، بەڵام لە ئێستادا رەوتێکی لاوازی سیاسین بە بەراورد بە ئیسلامیەکان، ئیسلامیەکانی تورکیاش وا بۆ چارەگە سەدەیەک دەچێت لە دەسەڵاتن لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکانەوە بگرە تا ھاتنە سەردەسەلاتی AKP لە ٢٠٠٢ بگرە تا رۆژی ئەمڕۆمان، بۆیە سیاسەتە چەوتەکانی AKP لەو ماوەیەدا لە بوارەکانی دیموکراسی و پاشەکشەی ئازادیەکان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد تورکیای بەرەوە قەیرانی گەورە بردووە لەنێو ئەو قەیرانانەشدا قەیرانی ئابووری زۆرترین کاریگەری لەسەر خەڵکی تورکیا داناوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت AKP باجی ھەڵەکانی لەو ھەڵبژاردنە بدات و بڵێن کاتی گۆڕانکاریەیەکی ترە لە تورکیا.

ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کاتێدایە کە HDP باری ناوخۆی وەک ھەلبژاردنی حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٥ نیە، ھاوسەرۆکەکانی پێشووی لەگەڵ چەندین پەرلەمانتاری تری و سەرۆک شارەوانی و ھەزاران ھەڵسوڕاوی پارتەکەی لە زیندانن، ئەوانی لە زیندانیش نین ئازادانە نەیانتوانیوە بانگەشەی ھەلبژاردن بکەن، بۆیە لەو بارودۆخە ئیراھابیەی کە دەسەڵات دژ بە HDP پەیڕەوەی دەکات گرنگە کە بتوانن سەربکەون.

سەرکەوتنی HDP لەو ھەلبژاردنەشدا شکستی سیاسەتی ئیناکار و بەشەر چارەسەرکردنی پرسی کورد بەدوای خۆیدا دادەھێنێت و دەروازەیەکی تازەش دەبێت بۆ درێژەدان بە خەباتی مەدەنیانەی HDP، کە ئەمەشیان دەولەتی تورکیا ناچار دەکات  وەک دیفاکتۆ مامەلە لەگەل HDP بکات وەک ھێزێکی دەستووری تورکیا، ئەوسا نەک ھەر بەتەنیا بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەروازەیەک دەکرێتەوە بگرە ھیچ بیانوێک لەبەردەم سیاسەتی شەڕفرۆشانەی ئەو دەوڵەتش نامێنێت.

لێردەدا دەگەینە ئەو راستیەی کە سەرکەوتنی HDP جگە لە لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکەی بۆ چوارپارچەی کوردستان گرنگە بگرە فاکتەرێکی گرنگی کردنەوەی زۆرێک لە گرێکوێرەکان دەبێت و ئەو چەکەشە لەدەست دووژمنێکی داگیرکەر دەردێنێت کە ھەمیشە لوولەکەی ئاڕاستەی کورد لە پارچەکانی کوردستان دەکات.


PM:02:48:24/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 2574 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی