كاریگەری شەڕی تایبەت لە هەڵبژاردنەكانی توركیا

‌هیوا سەید سەلیم

 لەگەڵ نزیک بووونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە لە ٢٤ حوزەیران ئەنجام بدرێت، دەوڵەتی تورکیا پڕوپاگەندەکانی بۆ گەرم کردنی شەری تایبەت زیاتر دەکات، پەنابردنە بەر شەڕی تایبەت مێووێکی دوورو درێژی ھەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا و زۆرجاریش لەو شەڕەدا دەسکەوتیان بەدەستھێناوە.

تورکیا و سەرانی پارتی دادوگەشەپێدان لە ئێستادا ماکینەی شەری تایبەتیان ئاڕاستەی کورد کردووە، لەو شەڕەشدا ئامانجێکی تایبەتیان ھەیە ئەویش رێگری لە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان لەو ھەڵبژاردنانە، چونکە ئەوان دەزانن تەنیا بە مانەوەی HDP لە ژێر بەندی ١٠% ئەوان دەتوانن پلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و تێنەپەڕاندنی ئەو رێژەیە لەلایەن HDP وادەکات زۆربەی دەنگەکانیان بۆ AKP  بگەڕێتەوە، ئەوسا ئەوان زۆر بە ئاسانی دەتوانن بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێبکەن.

لەو پێناوەشدا ئەردۆغان و بەرپرسانی تری تورکیا رۆژ نیە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە تایبەتەیاندا قسەیەک بۆ میدیاکان فڕی نەدەن، لەوەێ ئەوان دێن ئاڵا لەسەر چیای قەندیل ھەلدەدەین یان شەنگال تەخت دەکەین و دەچنە ناو شاری منبج و زۆرێک لە لێدوانی لەو جۆرە پێویست ناکات میدیاکانی ئێرە بکرێنە مینبەری گواستنەوەی ئەو جۆرە ھەرەشانە.

ئەوەی کە جێگای داخ و نیگەرانیە زۆر جار میدیاکانی کوردستان بە ئەنقەست یان لە نەزانیان بێت ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو شەڕە تایبەتەی ڕاگەیەندنەکانی تورکیا و دێن ئەو شتانە دەگوازنەوە کە لە زاری بەرپرسانی تورکیا وەک ژەھر لەبەرامبەر کوردا دەردەچێت.

ئەوەی کە زۆر گرنگە باکووری کوردستان کە لە ئێستادا ڕاستەوخۆ رووبەرووی ئەو شەرە بۆتەوە لەو گەمەیەی تورکیا باش تێدەگات، خۆ ئەگە ئەمە نەبوایە دەبوو ئێستا لە ئاست ئەو ھەموو شەرەدا ئاڵای سپی ھەڵکردبا، ئەوەی کە لەو شەڕە ناگات بەشێکی ڕاگەیاندنەکان و سیاسەکانی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەرنا چ لۆژیکێک ئەوە قەبوول دەکات کە تورکیا چەند رۆژێکی تر دەچێتە ناو ھەلبژاردن لەو کاتە ھەستیارە ھێزێکی سەربازی خۆی بە قوڵای دەیان کیلۆمەتر بنێرێت بۆ داگیرکردنی قەندیل!!

ھەمووشمان دەزانین کە داگیرکردنی قەندیل بۆ ھێزێکی تورکیا ئەگەر ھاوکاری نەکرێت ئەو پاروە ئاسان نابێت.

ھەلبژاردنی ٢٤ حوزەیران لە تورکیا تا دێت نزیک دەبێتەوە، بە تێپەراندنی بەربەستی ھەلبژاردن لە لایەن HDP زۆرێک لە ھاوکێشەکان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا  بە زیانی  AKPدەگۆڕێت، ھەر بۆیەشە دەبێت چاوەڕوانی پروپاگەندی زیاتری سەرانی AKP) )ە بکەین.

لێرەوە تا رۆژی ھەڵبژاردن پێویست دەکات میدیاکانی کوردستان و ڕای گشتی و شەقام و پارتە سیاسیەکان نەک ھەر نەبنە بەشێک لەو شەرە تایبەتە یان نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو شەرە بگرە دەبێت وەلامدەرەوەی پروپاگەندەکانی ئەو شەرە بن و لە ئاستی میدیای ھاوکاری HDP بکەن تا بتوانن بەسەر ھەموو کۆسپەکانی کە بۆیان درووست دەکرێت زڕل بن و لە ٢٤ حوزەیران مژدەی سەرکەوتنە گەورەکە بدەن بە ھەموو لایەک.

خۆ ئەگەر ناتوان بەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانەیش ھەڵس لێگەڕێن با HDP وەک یاریزانێکی بە ئەزموون لە مەیدانی ململانێی توندی شەڕی دیموکراسی کاری خۆی بکات.


PM:06:39:20/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 2971 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی