راکردن بەرەو بەغدا

‌هیوا سەید سەلیم

ھێشتا دەرنەجامەکانی ھەڵبژاردنی (١٢)ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مشتومڕی زۆری لایەنە عێراقی و کوردستانیەکانی لەسەرە،  وە ھێشتا زۆر پرسی گرنگی وەک دزینی دەنگەکان و یەکلاکردنەوەی بابەتی تەزویرکردن لە ھەڵبژاردن  و تانەی بەشێکی زۆری لایەنە سیاسەکان لەسەر ئەو دزی و فزیە یەکلای نەبۆتەوە،  لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمی کوردستان بە شاندی قەبەقەبەی حزبی و ھەریەکەوە بە جیا بەرەو بەغدا کەوتنەڕێ، ڕاکە ڕاکیانە  تا ئەو پێشی ئەویتر بگاتە ئەو بەغدایەی کە لای ئەوانە نەمابوو و  فاشیل و موفلیس بوو،  دەچنەوە لای ئەو سەرکردانەی کە بەڕای ئەوان دووژمن بە کورد و مافەکانی کوردبوون.

بەڕای ئێمە چوونەوە بەغدا لە ئێستا و لە ڕابردووشدا بۆ کورد کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دەستووری بەشێکە لە عێراق پێویستە، بەڵام وەک چۆن لە ڕابردوو دەوترا وەرن بزانن بۆچی پێویستە بچنەوە بەغدا و چۆن دەچنەوە بەغدا؟ ئێستاش ھەمان پرسیارو داواتان ئاڕاستە دەکەین.
 پێتان دەوترا بڕۆن لەبەغدا چارەسەری کێشەکانی ھەرێم – بەغدا بکەن، بڕۆن لە بەغدا نوێنەرایەتی کورد بکەن،  نەک بۆ شەڕی حزبی بچنە بەغدا.

  کەچی گوێتان نەگرت و گەیاندتانە شوێنێک کە بەو جۆرە خەڵکە بووترێت:
 ئەوانەی داوای چوونە بەغدامان لێدەکەن لەبەرەی دژە سەربەخۆیین و زۆر جاریش تۆمەتی خرابتریشتان ئاڕاستەی ئەو جۆرە خەڵکانە دەکرد.

دەی ئێستاش ھەر باشە کە ھاتنە سەر ئەو ڕایەی دەبێت کورد کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام وا جارێکی تر لە چوونتان بۆ بەغدا ھەمدیسان نیشانتان دا کە ناتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کورد بکەن، بەڵکو وەک دوو حزب و بە شاندی حزبی بەرەو بەغداچوون تەنانەت ئەمجارەیان ھێندە بەپەلە بوون کۆبوونەی دوو قۆلی خۆشتان بردە بەغدا.

ئاشکرایە کە جارێ لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان روونە کە پارتی و یەکێتی ئەمجارەیان بە کومەڵێک کێشەوە دەچنەوە بەغدا،  بۆیە نە لەنێوان خۆیان وەک دوو حزبی شەریکە دەسەڵات رێکدەکەون،  نە خەڵکیش ئەوان  بە نوێنەری خۆیان دەزانێت، نە حزبەکانیش تا ئێستا ئامادەن لەگەڵیان بن بۆ ئەو ھەنگاوە، ئەوەشیان لە ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنە ساختەیەی کە ئەوان ئەنجامیان داو دەنگی خەڵکیان دزی تا بۆ چوونە بەغدا خۆی پێبابدەن.

لێرەدا نامەونەوێت ببینە رێنیشاندەری ئەوان، چونکە ئەو دوو حزبە جگە لەوەی دەرس لە ڕابردووی خرابیان وەرناگرن،  بەتایبەت لە مامەڵەیان لەگەڵ پرسێکی گرنگی وەک پرسی مامەڵە لەگەڵ بەغدا، بگرە وا جارێکی تریش درزیان خستەوە ناو ماڵی کوردی و کوردیان لەبەرامبەر پێکھاتەکانی تری عێراق زۆر بچووک کردەوە.

ئەو بچووکیەی ئەوانیشە وایان لێدەکات بچن بۆ دیداری نەیارەکانی دوێنێیان سەرەی ماچ و موچ بگرن، وە دوور لەھەر عورف و ئەتەکێتی دبلۆماسی نموونەیەکی لاوازی خۆیان نیشانی بەغدا و پێکھاتەکانی بەغدا بدەن.
ماوە بڵێین بەدەرس وەرگرتن لە ئەزموونی شکستخواردووی پارتی و یەکێتی لە چوونە بەغدا دوو رێگا لەبەردەم لایەنەکانی تری کوردستانی دەمێنێتەوە.

یەکەمیان ئەوەیە نەچنە ژێری باری ئەو دەرنجامە گاڵتەجاریەی ھەڵبژاردن و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن تا مافە دزراوەکانیان وەردەگرنەوە، دەوومیشیان ئەوەیە وەک لە ئاستی دەولی لێیان داوادەکرێت ھەموو ئەو ھێزانەی دەرەوەی ئەو دوو حزبە فراکسیۆنێک پێکبێنن و نموونەی جوانی نوێنەرایەتی کورد نیشانی دۆست و نەیارانی خۆیان بدەن، نەک ئەوانیش ببنە یارزانێکی خرابی ئەو مارۆسۆنەی کە ئەوانیتر دەستیان داوەتێ بۆ چوونەوە باوەشی بەغدای فاشیل!!


PM:12:26:24/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 2039 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی