قسەیەكیش بۆ د.بەرهەم

‌یاسین عومەر

 ئەوەی لە فەیسبووك دەنووسرێت سەبارەت بە د. بەرهەم  و وا وێنا دەكرێت كە تەماعی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەرەو ماڵە گەورەكەی گێڕاوەتەوە، دەكرێت هەڵە بێت و ڕێك پێچەوانەكەشی ڕاست بێت.

ئێرانییەكان و ئەمریكییەكانیش كۆمەڵێك پێوەریان بۆ سەرۆك كۆمار داناوە، ئەو پێوەرانە لە هیچ كەسێكی ناو یەكێتی و پارتیشدا نییە، ئەوان كەسێكیان دەوێت حەسساسییەتە قەومیی و تایەفی و مەزهەبییەكانی پشت گوێ خستبێت و بتوانێت جگە لە پۆستە تەشریفاتییەكەی سەرۆك كۆمار، ڕۆڵی ناوبژیكار و هاوڕێیەكی باشی سیاسییە جەمسەرگرەكانی عێراق بگێڕێت و بتوانێت گرژییەكان خاو بكاتەوە و ڕۆڵی عازلێك ببینێت لەو نێوانەدا، لەبلەبان و ڕەوانبێژ و فلێكسەبڵ بێت، لەگەڵ شیعە كوڕی حوسێن، لەگەڵ سوننە برازای معاویە و لەگەڵ مەسیحی ڕۆڵەی مەسیح و لەگەڵ كوردیش كوردی عەیارە بیستوچوار بێت، جگە لە د. بەرهەم هیچ كەسایەتییەكی ئێستای كوردستان ئەو ڕۆڵەی بەو شێوەیە پێ وازی ناكرێت.

ئەمە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەیە كە لە تاڵەبانی باوكیشدا هەبوون كە بەرهەم هەمیشە وەكو مامۆستا و ڕابەر و سەرمەشقی خۆی پێناسەی كردووە.
ئەمجارە بە تایبەتیی ئەمریكییەكان تایبەتمەندی ئەو كەسەیان داوە بە كورد و یەكێتی كە دەبێتە سەرۆككۆمار، نەك وەكو جاران لە زەرفێكدا ناوی كاندیداكە بنێردرێت بۆ بەغداد و لەوێش تەنیا موبارەكە بكرێت.

بەو تێڕوانینەی من بێت، كە تەنیا خوێندنەوەیەكە بە پێی ئەزموون و زانیارییە لەپێشترەكانم، یەكێتی نیشتیمانی نەك پێیان خۆش بووە بەرهەم ببێتە كاندیدایان، بگرە مەمنوونیشی بوون، چونكە ئەگەر بەرهەم نەبوایەتە پاڵێوراویان هیچیان ئەهلیەتی ئەوەیان نەدەبوو ئەو پۆستە وەربگرن، نەك یەكێتی بگرە پارتیش بەو مەرجانەی ئەمریكا كەسی دەست نەدەكەوت ببێتە پاڵێوراو.

هەر لایەنە و قازانج و زیانی خۆی لەو پرۆسێسەدا بەردەكەوێ، د. بەرهەم ئەو قسانەی فەیسبووك، لەدەستدانی متمانە وەك كەسایەتییەكی سەنگین...یەكێتی كێشەی زیاتری ناوخۆیی، پارتی كەسێكی  كەمێك دوورتر لە كاندیدای دڵخوازیان دەبێتە پاڵێوراو و هتد.... بەڵام قازانجیشی زۆرە: بەرهەم لە سەرۆكی قەوارەیەكەوە دەبێتە سەرۆككۆمار (بێگومان ئەگەر ببێ)، دەبێتە كەسێتییەكی ناسراوتر، لە حاڵی سەركەوتنیشیدا لە پێگەكەی هێندەی دیكە بەهێز دەبێت... یەكێتییش بەوە دەیەوێت مەسجێكی بەهێز بگەیەنێت كە هە موو ئەوانەی لێی جیا دەبنەوە تەنیا كێشەیان پۆستە و هەر كات بۆیان فەراهەم كرد دەگەڕێنەوە.

لە هەموو حاڵەتێكیشدا د. بەرهەم پیاوێكی تەكنۆكراتە،  بە پێی ناسینی من ئەو بە كەڵكی پۆستی یەكەمی حیزب نایەت، خوا  درووستی كردوە بۆ ئەوەی پۆستی حكومی بدەیتێ و بە گرووپێكی بەهێز بیپارێزیت، چاودێرییەكی وردی بكەیت و عەسرانی درەنگی پاییزیش بۆ چاخواردنەوەیەك میوانی بیت و ڕێی بدەیت كەمێك باسی خۆی و كارەكانیت بۆ بكات.

الامریكان أعلم بأمورنا منا...
والایرانیون یفعلون ما یشائون...


PM:07:51:19/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی