فێمەنیستی ناحاڵیی

‌یاسین عومەر


ڕۆژی ١٧/٥/٢٠١٨، لافاوێک ڕەسم کە هی ژنێکی کوژراوی مەکسییلەبەری بەدەمدافڕێدراو بوو؛ فەیسبووکی داپۆشی. هێشتا هیچ زانیارییەک نەبوو، تەنیا ژنێکی بەناهەقکوژراو لەوێدا کەوتووە؛ خێزانەکەشی بە کوژرانەکەیان نەزانیوە، خودا و بکوژەکە نەبێت؛ کەس وردەکاریی ڕووداوەکە نازانێت، کەچی چالاکوانە ڕەوانبێژەکانی فەیسبووک، فێمێنیستە ناحاڵییەکان (بە نێرینە و مێینەوە)، دەستیان بە ئەپڵۆدکردنی وێنەکان کرد و لەپاڵیشیدا بە پەرەگرافە پڕ لە هەڵە ڕێزمانیی و کاڵوکرچەکانیان کۆمەڵگەی کوردییان داگرتەوە، ئیسلامیان تفشۆر کرد، پیاوی کوردیان داشۆریی و سیمۆن دی بۆڤواریان بە چۆکدا هێنا.

من کە چەند جارێک مارانگەستەی هەواڵی ساختە و دواکەوتنی ئاپۆرای فەیسبووکچییەکانم، بێدەنگ فرمێسکەکانم هەڵڕشت و داوەرییەکانم جێهێشت بۆ دوای گەیشتنی زانیارییەکان. دیمەن بورهان لە لاپەڕە دووی ڕۆژنامەی ڕووداو (ژمارە: ٥٠٦-٢١/٥/٢٠١٨) بە ڕیپۆرتاژێک تەمومژەکانی ڕەواندەوە: کورتەی زانیارییەکانیش ئاوان: ژنەکە ناوی شاناز تاریق-ە، تەمەنی ٢٥ ساڵە، ژنی ئارام عەبدوڵڵا-ی ٣٠ ساڵە، دایکی دوو منداڵە، لە مێردەکەی جیابووەتەوە، هەردوو ماڵەکە لەسەر پارە بووەتە کێشەیان، هاوسەری شاناز دەوڵەمەند بووە، کاکۆ؛ برای شاناز، چووەتە کۆمپانیاکەی ئارامی زاوایان و پاش ئەوەی ڕێک نەکەوتوون کوشتوویەتی، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم تاوانە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و خوشکەکەشی بردووە لە بێستانە کوشتوویەتی و تەرمەکەی فڕێداوە بۆ ئەوەی تاوانەکە وەکو تاوانی "نامووس" دەرکەوێت نەک تاوانی "چاوچنۆکیی و پارە".

مرۆڤ دواتر و کاتێک ئەم تەفاسیڵانە دەزانێت ئینجا تێدەگات سەبرگرتن و قسەفڕێنەدانی خێرا چ گەوهەرێکی بەهادارن. تۆ بڕوانە: پێشتر پیاوەکە کوژراوە، ژنەکە دوای کاتژمێرێک کوژراوە و بۆ پەردەپۆشکردنی کوشتنی یەکەم بووە، کێشەکە نە ژنبوون و نە مێینەییە و پەیوەستە بە شتێکەوە کە ناوی "قەیرانی ئەخلاق"ـە، جا سەیرەکە لەوەدایە کە لە ڕاپۆرتەکەی ڕووداودا ئێڤار ئیبراهیم؛ سەرۆکی لیژنەی داکۆکییکردن لە مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان کاتێک لە بارەی ڕووداوەکەوە لێدوانی داوە وتوویەتی: "داوامان لە لایەنی بەرپرسیار کردووە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم کەیسە بکرێت و بەزووترین کات بکوژی شاناز کە براکەیەتی دەستگیر بکرێت". لێدوانەکەی ئێڤار تەواوبوو... من دەپرسم کاکۆ پێش ئەوەی شاناز بکوژێت پیاوەکەی کوشتووە، دەبوو ئێڤار بیگوتایە بکوژی ئارام و شاناز، ئەمەی کە پێیدەڵێین فێمەنیزمی ناحاڵی لە دوو دیمەنی ئاوادا بەرجەستە دەبێت.

ئەم ئاوەزمەندە؛ هەر تایبەت نییە بە کوردستان، لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، فێمەنیستە ناحاڵییەکان؛ هەراوزەنایەکی گەورەیان سەبارت بە گرانکردنی نرخی پانتۆڵی قیاس ١٨ لە چاو قیاسەکانی ١٠ و ١٢دا نایەوە، ئەوان خاوەنیەلی پیشەسازیی جلوبەرگیان بە "پیلانگێڕییەکی نێرسالارانە" لە دژی مێینەکان تاوانبار کرد، ژنانی سەربەم ڕەوتە ڕادیکاڵە؛ فاشن دیزاینەرانی نێرینەیان بە سزادەری ژنان تاوانبار کرد (لەمەشدا فاشن دیزاینەرانی ژنیان ئاوارتە کرد کە ئەگەر لە پیاوان زۆرتر نەبن هێندەی ئەوان دەبن)، ڕادیکاڵیستەکان ڕەخنەی توندیان لە فاشن دیزاینەر نێرینەکان گرت چونکە ڕەواج بە مۆدیلاتێک دەدەن کە تێیدا ژنانی قەڵەو و لەشپڕ دەچەوسێنرێنەوە و واشیان لە کۆمەڵگە کردووە جیاکاریی لە دژی ژنانی لەو جۆرە پیادە بکەن، زۆر بە ڕاشکاوییش ڕایانگەیاند گرانکردنی پۆشاکە قەبارە گەورەکان نیشانەی "نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە".

پاش ئەوەی هەراوزەناکە بووە گەڕەلاوژە، وتەبێژی کۆگاکانی (تۆپ-شۆپ)ـی بەناوبانگی هەرزانجان (وتەبێژەکە ژنە)، لە زیاد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییدا ڕایگەیاند: زۆر بە سادەیی و دوور لە هەر تەمومژێک پێتان بڵێم پۆشاکە قیاس گەوەرەکان بۆیە گرانن چونکە قوماشی زۆرتر و ئێکسسوار و کاتی زۆرتری گەرەکە بۆ دروون. بەڵێ؛ بۆ کەسێک ئاوەزمەندییەکەی دەعمی نەکردبێت جلی پیاوێکی قەڵەو، قوماش و قۆپچە و بەنەخوێن و دەزووی زۆرتری دەوێت و بەوەش لە جلوبەرگی پیاوێکی سیسەڵەی داماو گرانتر دەبێت.

لە زانستە مرۆییەکاندا شتێک هەیە پێی دەوترێت (ستریۆتایپ). ستریۆتایپ؛ یانی لەقاڵبدانی بیرکردنەوە، جۆرێکە لە مەعریفەی خێچ، هەندێجار ڕاستە و هەزار جار هەڵە، بۆ نموونە سەلەفییەکی ئایدیال کاتێک ژنێکی سفوور دەبینێت یەکسەر ژنێکی شلی خۆبەدەستەوەدەر لە خەیاڵدانیدا دەترووکێت. بۆ سێکیولارێکی دۆگما؛ پیاوێکی ڕیشدرێژی شەڕواڵکورت یەکسانە بە تیرۆریستێک، بۆ فێمەنیستی ناحاڵیی؛ ژنێکی کوژراو یەکسانە بە یەک کۆمەڵگەی بێڕەوشت لە پیاوی ژنکوژ، هەر بۆیە زۆر بە ئاسانی کاتێک وێنەی مەلا تاهیر بامۆکیی و کچەکەی (کە عەزیی بووکێنی لەبەرە) بڵاو دەبێتەوە ئاوەزمەندی فێەمنیستی ناحاڵێی یەکسانی دەکات بە مەلایەکی پیر کە کچێکی دە جار لە خۆی بچووکتری مارە بڕیوە.

هەتا ڕووبەری ناحاڵییبوون فراوانتر بێت و ستریۆتایپەکان ڕەقتر و بە ژمارەش زۆرتر بن پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی ئەستەمتر و بزاوت و گۆڕانی کۆمەڵایەتییش دژوارتر دەبن. ئەگەر تۆ لەوانەیت کە زوو داوەری دەکەن، ئیتر فێرببە تێبگەیت و تا زانیاریی ورد کۆنەکەیتەوە حوکم مەدە. منیش ڕۆژانێک وابووم، لە چیرۆکی جەجمێنتاڵ (Judgmental) کە ماوەیەکی دیکە بڵاوی دەکەمەوە؛ ئێوەی بەڕێز وردتر و مرۆڤانەتر لەم دیاردەیە ورد دەبنەوە، منیش ڕۆژانێک فێمەنیستێکی ناحاڵیی بووم؛ پاش بینینی ئەو پیاوەی ناو گێڕانەوەکە ئێستا ژندۆستێکی هاوسەنگتر و مرۆڤدۆستتر و گەشبینترم...

تێبینی: فێمەنیزم چەند ڕەوت و ئاراستەیەکە، من لەگەڵ ئاراستە هاوسەنگە مرۆڤدۆستەکە؛ بە تەحەفوزەوە تەبام و کێشەیەکم نییە..


PM:03:56:22/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 2527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی