بوردومانی کۆیە!

‌ئارێز عه‌بدوڵا


١. بوردمانکردنی بنکەو بارەگاکانی دیموکرات و ئاوارەکان روداوێکی ئاسایی نیە و ناکرێ تەنیا وەکو پێکدادانی نێوان حکومەتی ئێران و نەیارەکانی لێک بدرێتەوە. ئەو ڕوداوە پێشێلکاریەکی راست و راشکاوی سەروەری خاکی عێراق بەگشتی و ھەرێم بەتایبەت و یاسا نێودەوڵەتیەکانە و پێویستە کۆمەلگای نێودەوڵەتی لە ئاستیدا بێ دەنگ نەبێ.

٢. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ھاوڕێ و کەسوکاری شەھیدان دەکەین و ھیوای زووچاکبونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. ئەو کردەوەیەو ھەموو کردەوەکانی لەو شێوەیەش ریسوا دەکەین.

٣. ئەو روداوە نیگەرانیەکی قوڵی لەناو دڵ و دەرونی خەڵکی کوردستان و ئێرانیش دروستکردوەو کۆماری ئیسلامیش بەو ھەنگاوە کێشە دەرەکی و ناوخۆیەکانی خۆی قوڵتر کردنەوە.

٤. دوێنێ قونسلخانەی ئێران لە بەسرا سوتێندرا، ئێمە پێی نیگەران بووین. چونکە لەلایەک بەکاھێنانی زەبروزەنگ دژی بنکە و بارەگا دیبلۆماسی و نوێنەرایەتی وڵاتان کارێکی ناڕەوا و نا یاساییە، لەلایەکی دیکەش تێکچوونی پەیوەندیەکانی ھەردوو وڵات لەبەرژەوەندی نیە. ئێمە پێمان وابوو دوای سوتاندنی قوسلخانەکەی ئێران ھەڵوەستەیەک لەخۆی دەکاو بیر لەچارەسەرکردنی قەیرانەکانی دەکاتەوە. بەڵام بەداخەوە بە بوردومانکردنی کۆیە سەلماندی کە نایەوێ بە لۆجیکی گفتوگۆ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.

٥. بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی لە گۆڕان و کوڵاندایە، زلھێزەکان لێرە یاری دەکەن و دەیانەوێ کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە و ھەرێمی کوردستانیش لەم بارودۆخە بەرگەی ئەو ھەموو پیلان و پلان و فشار و داگیرکاریە ناگرێ، بۆیە لەسەر ھەموو ھێزو لایەنە کوردستانیەکان پێویستە کە رەچاوی ئەو بارودۆخە بکەن و بیانو نەدەنە دەستی وڵاتانی دەرو دراوسێ و رێز لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و عێراق کوردستانیش بگرن وخاکی ھەرێمی کوردستان نەکەنە بنکە و بارەگای پەلامارو شەڕی چەکداری.

لە کۆتاییدا بە حکومەتی ئێران دەڵێین دوای سوتاندنی قونسلخانەکەتان ئەمڕۆ ئەگەر لە جیاتی ئەو روکێتانە شاندێکتان بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە ناردبایە کۆیە ئەوا لەجیاتی لەخۆ کردن دڵی ھەموو گەلانی ئێران و عێراق و ھەرێمی کوردستانتان بەدەست دێنا.


AM:10:10:09/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 951 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی