بۆ مامۆستایانی ناڕازی

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی


لە پەنجەرەیەکی ئۆفیسەکەی خۆمەوە ئەتانبینم لە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەدا کۆبونەتەوە ،وردە وردە بارانێکی قوڕاوی ئەوەندەیتر شانوملتان ئەکات بە ژێر خەمێکی خاکیەوە ، ئەم خۆڵبارین و قوڕاو بارینە بە هەولێر ئەڵی ڤێستیڤاڵی ڕەنگەکان لەم دەڤەرە تەنها یەک ڕەنگی قوڕاویە ، ڕەشەبایەکی توند و بێڕەحمیش پاڵ بە ڕۆحی پڕ مقاوەمەتتانەوە ئەنێت ، کەس نازانێت بە چ لایەکدا ، لەوە ئەچێت ئەویش ڕیڕەوی خۆی نەزانێت .

 من مامۆستا وموچەخۆری حکومەت نیم ، هەرچەندە نازانم ئەوەی مایکەکەی بەدەستەوەیە کێیەو چیەو کێ ئەو ڕابەرایەتیەی پێسپاردوە ، ئایا خۆپیشاندانەکەتان ڕیکخراوەو بە بەرنامەیە و هەرکەسەو ئەرکێکی پێسپێرراوە ، یا هەر کەسەو بۆ خۆی مایکەکە وەرئەگرێت و فوی پیا ئەکات ، ئەگەر وابێت جێگەی دڵخۆشی و ئومێد نین ، وەلێ من بە دڵ لەگەڵتانم ، چونکە ئەزانم زۆرتان بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵی لەسەر ئەو موچەیەیە کە وەری ناگرێت ، کرێچیەو کرێی پێ نادرێت ، لە بەر ئەوە ژیانی ناچێت بەڕیوە و کرێی پێنادرێت ، هەرچەندە هەندێکتان گلەیی ئەوەتان لێئەکرێت کە نەتانزانی ئیدارەی گیرفانی خۆتان بکەن ، لەسەر حسابی موچە سەیارەتان بە قست ڕاکێشا بێئەوەی بیر لەم ڕۆژە بکەنەوە یا تەنانەت بیرتان لەوەکردبێتەوە کە پەکی کەوت بەچی چاکی ئەکەنەوە ، هەندێک مامۆستای ژن ئاڵتونی بە قست هێنا ئێستا ئەویش قستەکەی پێنادرێت .

 ئەم گلەییانە تا هەندێک دروستە ، بەڵام گلەیی ئەوەتان لێبکرێت کە بۆ بایکۆتی خوێندن ئەکەن و ناچن بە لای خوێنکارەکانتانەوە ،هەندێک نا درواستە ، ئاخر ئەوانەی ئەم گلەییە ئەکەن ئاگایان لەوە نیە هەندێکتان بەیانی زو ئەچن بۆ کرێکاری و دەستگێڕی فرۆشتن تا بەشی ڕۆژانە ژیانێکی هاکەزایی پەیدا بکەن ،من بە دڵ لەگەڵتانم ناڕازیبن لە هەمو شتێک ، لە بێ موچەیی ،لە بێمۆراڵی دەسەڵات، لە دزی ودرۆزنی حیزبەکان، لە بێپەیمانی پەرلەمانتاران،لە بەرنامەکانی خوێندن ، بەڵام مەخابن ئێوە خۆپیشاندان بەرانبەر دەسەڵاتێک ئەکەن ئەو کوێرە و هیچ نابینێ ، دەنگ بە ڕوی دەسەڵاتێکدا هەڵئبڕن ئەر کەڕە و هیچ نا بیستێ ، ئەوەش ئەزانم ئێوەش دڵساف و ساویلکەن هەر بە وەرگرتنی مووچەیەک ودوان دڵتان باش ئەبێت و سارد ئەبنەوە ، ئەوەش باش ئەزانم هەر ئێوەن سبەی پاڵە پەستۆ ئەکەن لەدبەردەم سندوقەکانی دەنگداندا بۆ ئەوەی دەنگ هەر بەم دەسەڵاتە بدەنەوە هیوادارم ڕێڕەوی تێکۆشانی ڕاستەقینە بزانن .


AM:11:43:25/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 5036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی