بێئاگایی میدیای ئۆپۆزسێۆن لە ئۆپۆزسێۆن بوون

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

مەبەستم لە هەموو جۆرەکانی میدیایە بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەو گۆڤار و سۆشیال میدیا چ وەک پەیج کە کۆمەڵێک خەڵکی لە پشتەوە بێت یا وەک تاکە کەس .

دنیای ئەمڕۆی بەرفراوان وایکردوە هەموو کەسێک ئەتوانێ لە شوێنی خۆیەوە وەک میدیاکارێک کار بکات ، بەڵام ئایا هەمویان لە پرەنسیپەکانی کاری میدیایی و کاریگەریەکانی له‌سەر تاک و کۆمەڵ ئەزانن ؟ ئەمەیە گرفتەکە !
ئەرکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بون چەند ئاڕستەیە کە:

1- ڕەخنەگرتن لە هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵات و ڕونکردنەوەی هەڵەو نا عەدالەتی وپێشچاوخستنی ڕاستیەکان بە بەڵگەو دۆکیۆمێنتی باوەڕپێکراو دور لە هەڵبەستنی بێ بنەماو دور لە ڕاستی چونکە ئەگەر وا نەبو ئەو میدیایە مسداقیەت و باوەڕ لە دەست ئەدات ، بۆیە شت هەڵبەستن و ڕکەبەری بێ بنەماو بێ سەلماندن ئەچێتە خانەی درۆی گەورە و سەرنەگرتنی مەبەستەکەی کە لە پشتێوەیەتی ، لە ڕاستیدا میدیای کوردی ئۆپسزیۆن زۆری لەمە تیایە ، هەر بۆ نمونە ئاماژە ئەکات بۆ سەرچاوەیەک بەم جۆرە ( لە زاری کەسێکەوە کە نەیویست ناوی بهێنرێت ) یان (نوسەرێکی ئەمریکی تیشکی خستە سەر ڕوداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی ) ئاخر پێمان ناڵێی لە کوێدا لە چ کەناڵیکەوە یا کوا دەقەکە بە زمانی بیانی ، کە ڕەنگە ئەو نوسەرە وای نەوتبێ و هەر بۆ چەواشەکاری بە هەڵە نوسینەکەی وەرئەگێڕرێت ، دەیان شتی تری لەو جۆرەی کە ناچنە خانەی سەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە ، تەنها بۆ تانەو تەشەر لە بەرانبەر بە کار دێت ،یا گواستنەوەی هەواڵ بە شیوەیەکی نا ڕاست و بەمەبەستی چەواشەکاری .

2- هەوڵدان بۆ ڕۆشنبیر کردنی بەرەی خۆی دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دروست و گرنگیدان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و هاووڵاتی بون و لە پێناوی پەروەردەکردنی بەرەیەکی بە تواناو نیشتمانپەروەر ودور لە گەندەڵی بۆ دوبارەنەبونەوەی ئەو هەڵانەی بەرەکەی بەرانبەر کە تۆ ڕەخنەی لێئەگریت ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵاتت کەوتە دەست .

3- بوێری و ڕاستگۆیی لە خۆ دەرخستندا ،کە تۆ ئۆپزسیۆنی و مەبەستت چاککردنی دەسەڵاتە یا ڕوخاندنی ، نەک شەرمنانەو ترسنۆکانە ،لە پاڵ شەڕە بەفردا جارجار شەرە بەردیش بکەیت ، واتە خۆساغکردنەوە ، وەک ئێستا کەناڵی ( NRT ) کە کەس نازانێ ئۆپسزیۆنە یا بێلایەنە وەک خۆیان ئەڵێن ، کە بەڕای من هیچیان نیە ، بەڵکو ئەو دژە باوە ،ئەگەر باشیش بێت ، کەناڵی بێلایەن ئەبێ بە باش بڵێت باش وبەخراپ بڵێت خراپ ، بەڵکو ئەو لە سەرەتاوە وەک کەناڵیکی دژە پارتی دەرکەوتوە ، کە لە ڕاستیدا دەسەڵات هەر تەنها لە دەست پارتیا نەبوە ، وەک مەلا بەختیار جارێک بە ئاشکرا وتی هەمو ئەوانەی بەشداری حکومەتیان کردوە کەم تا زۆر بەر پرسیارن سەبارەت بەم بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە و ئەم بارودۆخە زادەی ئەم چەند ساڵەی ئەم دواییە نیە ،بەڵکو کەڵەکە بوی زیاتر لە دەساڵی ڕابردووه‌ کە بەشێوەیەکی سەرەکی یەکێتی وپارتی تیابوە وحیزبەکانی تریش بەشدار بون ، هەر بۆ نمونە وەک ڕۆشبیران ئاگادارین خراپترین سەردەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوکاتەبوە کە هادی مەحمود وەزیری بوە ( کاوە ) کە شیوعی بوو .

 کەواتە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات نابێ کەسێکی لێ هەڵبوێرێت و کەسێکی تر لەبەر ئەوەی لە حیزبێکە چاوپۆشی لێبکرێت ، ئەی عەلی حەمەساڵح و دکتۆر عیزەت لە کوێن کە ئێستا ڕۆژانە سەدان تانکەر نەوت بە ناو شاری سلێمانیدا ئەڕوات ، بۆ حاسبەکانیان دەر ناهێنن و حسابێکی بکەن و پێمان بڵێن کوا داهاتەکەی بۆ کوێ ئەڕوات و بۆ کورد لێی بێبەریەو بۆ خۆپیشاندەران ڕێگە بەو تانکەرانە ناگرن ؟ ئەمانەو دەیان شتی تر بوێری ئۆپزسیۆنی لەدەست داوەو لە بواری ئۆپسزیۆنبونی دەسەڵات وڕەخنەگرتن لە چۆنیەتی بەڕێوە بردنەوە بوە بە رقی حیزبی کە جەماوەری برسی و بێ موچەی کوردستان سود لەو ئۆپسزیۆن بونە وەرناگرێت کە بۆ بەرژەوەندی حیزبی بەکار بێت.

4- ئۆپسزیۆن لە ڕێگەی میدیاکەیەوە ئەبێ ڕویەکی جوانی خۆی نیشان بدات تا ببێتە جێگەی متمانەی خەڵک و خەڵک وای لێبڕوانێ کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵاتی گرتە دەست ئازادی و یەکسانی بۆ خەڵک دەستەبەر ئەکات ،نەک دیکتاتۆر و شەڕەنگێز و سەرکوتکەر ، بەڵام ئەوەی ئێمە ڕەچاوی ئەکەین بە پێچەوانەیە ، چەند سایتێکی سۆشیال هەن و چەند تاکە کەسێک هەن کە خۆیان بە ئۆپسزیۆن ئەزانن وڕەخنە لە دەسەڵات ئەگرن بەڵام نەک بە شێوەیەکی مۆدێرن و لە سنوری واقیع بینی و زانستیانە بەڵکو هەر خەریکی جوێن دان و قسەی ناشیرینن ، خۆ ئەگەر تۆ ڕەخنەیەکیان لێبگریت یا پێچەوانەی ئەوان ڕاستیەک بدرکێنی ئەوە هیچ کێشەیەکیان لەوەدانیە دەتدەنە بەر جوێن وقسەی ناشیرین ، کە ئەمە ڕوە ڕاستیەکەی ئەوان نیشان ئەدات و هەمو هیوایەک کە لەسەر ئۆپزسیۆن هەڵت چنیوە ئەڕوخێت و بیر لەوە ئەکەیتەوە کە ئێستا ئەو دەسەڵاتی بە دەست نیە ئاوا ڕەفتار ئەکات ئەی ئەگەر دەسەڵاتی کەوتە دەست ئەبێ چی بە نەیارانی بکات ؟

5- کەسی ئۆپسزیۆن لە ڕیَگەی ئەو کەناڵانەوە کە بەردەستین ، ئەبێ بەردەوام پاکی و نیشتمانپەروەری خۆی نیشان بدات تا جەماوەر دڵنیا بێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵاتی کەوتە دەست ئەم وڵاتە بە گورگانخوارد نادات ، لێرەدا یەک نمونەی بچوک ئەهێنمەوە ، کەسێکی وەک سالار باسیرە نامەیەک بۆ حکومەتی ئەڵمانی ئەنوسێت و پییان ئەڵێت ئەو چەکەی کە ئێوە داوتانە بە پێشمەرگە بۆ شەری داعش ، بەڕوی خۆپیشاندەرانی کوردا بەکار دێت ، سەیری پیشاندانی ئەم ڕوە ناشیرینەی پێشمەرگە بکەن لە لایەن ئەو بەڕیزەوە ، ئەی بۆچی کە حەشدی شەعبی دوز و کەرکوکی وێرانکرد وهاووڵاتی بێتاوانی کوردی کرد بە ژێر پێی ئەو دەبابانەوە کە ئەمریکا دابوی بە حکومەتی عێراقی بۆ شەری داعش و ماڵی کوردەکانیان ڕوخان ، بۆ نامەیەکی لەو جۆرەی نەنوسی بۆ حکومەتی ئەمریکاو پێیان بڵی ئەو چەکەی ئێوە داتان بە حکومەتی عیراق بۆ شەڕی داعش ئێستا کوردی پێ ئەکوژن ، کوا نیشتمان پەروەری ودڵسۆزی باسیرە بۆ میلەتەکەی ، ئەمە ئۆپسزیۆن بونە بۆ دەسەڵات یا ڕقە لە لایەنێک لە بەرژەوەندی لایەنێکی تر .

هیوادارم ئەوانەی لە پشت ئەو ناڕێکییەی ڕاگەیاندنەکان و کەنەڵەکان وسۆشیال میدیاکانەوەن وریاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو شتە هەستیارانەدا بکەن .


PM:12:02:31/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی