جەنگی یونیڤێرساڵێتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و تورکیا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەوەی ئێستا ئەمریکا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیکات، شتێک نییە لەدەرەوەی ئەو خەونە یونیڤێرساڵێتییەی ئەمریکا دەستی داوەتێ. لەکاتێکدا جیهان تاڕادەیەک لەخاڵێکدا وەستابوو، بەڵام ئەمریکا لەڕێگەی ناردنی کۆکاکۆلاو ماکدۆناڵدەوە دەستی بەسەر ئابووری جیهاندا گرت.

پاشان ئەگەر (پۆڵ ڕیکۆ)ی فەرەنسی نەخوێنینەوە لەبارەی ئەمریکاوە لەجیهانگیریدا کە دەڵێت "جەنگی ئێمەو ئەمریکا، جەنگی یۆنیڤێرساڵێتییە" یان سەیری ئەمریکای پێش هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم نەکەین و پاشان لەسەردەمی جەنگی ساردیش نەڕوانین، ناتوانین ئەمریکا وەک خۆی ببینین.

ئەوەی لەلای ئەمریکاییەکان بڕوای جێگیرە ئەوەیە ناکرێت هیچ گروپ و وڵاتێک لەبەرهەمی عەقڵی ئەمریکا سوودمەندبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا بییەوێت لەدەرەوەی هەژموونی دیموکراسی یان یونیڤێرساڵێتی و هەژموونی سەرمایەداری ئەمریکا بژی.

مادام ئەمریکا خۆی بەداهێنەری چەمکی جیهانگیری دەزانێت و بەرلە سێ دەیە ئەم چەمکە لەفۆرمێکی نوێدا لەئەمریکاوە سەریهەڵداو بەجیهاندا بڵاوبووەوە، ئەوا ئەو قسەیەیش تائەندازەیەک ڕاستە دەگوترێت هەموو جەنگێکی ئەمریکا دیوێکی شانازی و سەرداری هەیە. یان ئەو قسەیە ڕاستە کە دەگوترێت "جیهانیبوون واتە ئەمریکاییبوونی جیهان".

ئەی ئایا لەم ئەمریکاییبوونەی جیهاندا وڵاتێک و کەسێک دەتوانێت دژی جەنگی ئەمریکا بۆ تەحەکومکردن بەسەر جیهاندا بێت و هەنگاوەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا بووەستێنێت؟ لەم بەباوکبوونەی ئەمریکایشدا بۆ جیهان، هەڵەیە پێمانوابێت مادام ئەمریکا دەسەڵاتداری یەکەمی بازاڕی سەرمایەدارییە، ئیدی هیچ ئاوڕێک لەلێکەوتەکانی مامەڵە بازرگانییەکانی چەک ناداتەوەو بەهەمان هاوکێشەی (بڕی سودی) ماکیاڤیلی کاردەکات.

یەکێک لەو ململانێیانەی ئەمریکا لەم جەنگی یونیڤێرساڵێتییەدا دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت و کۆنترۆڵی بکات، جەنگی قوڵی توندڕەوان و فەندەمێنتاڵیستەکانە، چونکە ئەوان دەیانەوێت لەڕەگەوە جیهانگیری هەڵتەکێنن، چونکە بەدیدی ئەوان مایەی بەدڕەوشتی و خراپەکارییە.

لەبەرامبەریشدا ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی مۆدێرنە یان کرانەوەی زیاترەوە کۆد لەسەر عەقڵە دۆگماو چەقبەستووەکان هەڵبگرێت، کە ڕەنگە لەئێستادا ئێران ئەم ترسەی لەلای ئەمریکا دروستکردبێت.

هەرچی تورکیایشە دەیەوێت لەدەرەوەی جیهانگیری ئەمریکا بژی. لەمەڕ کۆتایی هێنان بەدژایەتییەکان بۆ ئەمریکا، بنیامین باربێری نوسەری ئەمریکایی دەڵێت "لەم جەنگە یونیڤێرساڵییەدا کە ئەمریکا دەستی داوەتێ، خاڵێک لەدەرەوەی هەژموونی ئەمریکا ناهێڵێتەوە".

ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت ئەوەیە. ئەمریکا لەم جەنگەدا تەنها یەک ڕێگا ناگرێتەبەر بۆ سەرکەوتن لەم جەنگی یونیڤێرساڵی و جیهانگیرییەدا.

هەر یەکێک لەڕێگاکانی هێزی نەرم و سەربازی و دپلۆماتی و ئابووری .....هتد دەخاتەکارو لەپاڵ هێزی سەربازیدا یان لەپاڵ مارگەی نوێی چەک و تەقەمەنیدا، کەلتورێکی نوێیش ئاشنا دەکات بەهەمووان و لەکاتێکدا جەستەمان لەدەرەوەیە هاوکات عەقڵمان لەناو بەرهەمی ئەو کەلتوورەدا دەنیشێت و ڕادەستی دەبین.


PM:09:43:11/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1274 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی