لاستیکی تیروکەوانە کوردییەکە!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەفەرهەنگی جیهانیدا گوتەزایەکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت "تیروکەوان؛ بۆئەوەی باشتر تیرەکەی بۆ پێشەوە بڕوات، پێویستە زیاتر لاستیکەکەی بۆ دواوە ڕابکێشرێت"

مەبەستی پشت ئەم گوتەزایە هەڵگری مانایەک لەماناکانی شکست و پاشان قۆناغی هەڵسانەوەیە لەدوای شکستەکە. ئەم گوتەزایە لەچرکەیەکدا هەم وێنەی شکست و گەڕانەوەمان بۆ دوواوە پێدەڵێت؛ هاوکات لەهەمان کاتیشدا ئامادەکاری چرکەساتێکیشمان پیشان دەدات چۆن بتوانین بەباشی لەم شکستە هەڵسینەوەو بەرەوپێشەوە هەنگاوبنێین و قۆناغی شکست و گەڕانەوە بۆ دوواوە تێپەڕێنین.

ئەکرێت ئەم گوتەزایە تەنها لەکایەیەکدا چڕنەکرێتەوەو بۆ هەموو کایەو بوارێکیتر بەکاربهێنرێت.
بەمانایەکیتر؛ ئەکرێت ئەم تێڕوانینە لەئاستی کۆمەڵایەتییەوە هەڵکێشین بۆ ئاستی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و ...هتدو لەهەمان کایەو بواریشدا مانایەکی دروست بداتەدەستەوە.

وەک دەبینرێت لەئێستادا هەرێمی کوردستان، لەهەموو کایەو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا توشی گەڕانەوە بۆ دوواوە هاتووەو لەدۆخی شکستی هەموو جومگەو پنتەجیاوازەکانی کۆمەڵگەدایەو بەپێوەری ئەو گوتەزایەیش بێت لاستیکی تیروکەوانە کوردییەکە هەمیشە بۆ دوواوەیەو هێزی بەرەوپێشەوەچوون و تیژ ڕۆشتنی پێشەوەی نییە.
لێرەیشدا پرسیاری جدی و کۆنکرێتی ئەوەیە: ئەی ئایا کوردو حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن بەقەدەر بڕی هێزو خێرایی ڕاکێشانمان بۆ دواوە، بۆ پێشەوە هەنگاوبنێن؟

ئەگەر گەڕانەوەیەکی خێرا بەمێژووی ئەو پاشکەوتنە بەردەوامانەدا بکرێت کە کورد لەچەند وێستگەیەکی مێژووییدا تێیکەوتووەو سوودی لێنەبینیوە، ئەوا هیوایەکمان نییە بۆئەوەی بڵێین پاشکەوتنی ئەمجارەی کورد دەبێتە هێزی پێشەوەچوون و گروتینێکی باش دەدات بەحکومەت و دەسەڵاتدارانی کوردستان تاکو هەنگاوی گەورەو مێژوویی بەسەر ئەم شکستەیشدا بنێت و تێیپەڕێنێت.

لەنێو وێنە مێژووییەکەدا دەردەکەوێت؛ کوردو دەسەڵاتدارانی کوردستان هێندەی هێزی گەڕانەوەو پاشکەوتنی بەهێزبووە، هێندە هێزی بەرەوپێشەوەچوون و سەرکەوتنی نەبووەو لەبازنەیەکی دووبارەی مێژووییدا خولاوەتەوەو خاڵی بەرکەوتنی ئەم مێژووەیش زیاترە لەجارێک و دووجارو زیاتریش.

ئەمەش هەمیشە ناهاوسانگییەکی لەبڕی هێزی پاشکەوتن و پاشکەوتنی هێزی پێویست بۆ بەرەوپێشەوەچوون و هەڵسانەوەی دوای شکستدا پیشانداوە.


PM:10:23:17/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5955 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی