۱۷ی شوبات،مێژویەکی داپۆشراو
هوشیار عهبدوڵا
۱۷ شوبات ...ڕوداوێک نیە لە پشتمانەوە،عەقڵیەت و تێروانینێکە لەئەمڕۆماندا بە ئاشکرا دەژیت ، هەتا خاوەنی ئەمجۆرە هێزگەلەش بین کە ئیدیعای ملمملانێی جدی دەکەن لەگەڵ ئەم سیستمە پۆلیسیە کوردیەدا بێگومان لە سبەیشماندا ئامادە دەبێت .
۱۷ شوبات تاوانێکە کە مێژوو نەک لە ئەنجامدەرانی بەڵکو لەوانەش خۆشنابێت کە جارێکی تر بە ئاساییکردنەوە و حکومەت پێکهێنان ، لەگەڵ هێزە کورد کوژەکان وایان کرد روداوەکانی شوبات و مانگەکانی دوایی ببنە بەشێک لە مێژوو ...مێژویەکی داپۆشراو، وەلێ بێگومان تا رۆژگاری ئێستا و ئایندەش ئێجگار زیندوو !
ئەوانەی بە ئاشکرا خەڵکی کوردستانیان دایە بەر رێژنەی گوللە و هێشتا ئازاد و بێشەرم دەسوڕێنەوە ، هەر شەرم نیە بۆ حیزبە فاشیەکانیان ، لە راستیدا شەرمە بۆ هەرچی حیزب و حکومەت و دادگا و پەرلەمان و رێکخراو و میدیا و دامەزراوەی هەرێم هەیە .
ئەوە ۱۷ شوبات نیە چەند ساڵێکی بەسەردا چوە ، ئەوە مێژوی ئێمە و ئێستای ئێمەیە کە دەمێکە ساڵەهای ساڵی لە غەفڵەت و خەودا بەسەربردوە .
۱۷ شوبات و کلتوری کورد کوشتن لە لایەن چەکدار بەدەستی حیزبی کوردیەوە دەبوو کۆتایی وجودی ژیانی سیاسی( بەشێک ) لەو نەوە سیاسیە بێت کە هەمو شت لە لولەی چەک وگیرفانی پڕ لە پارەی دزراوی میللەتەوە دەبینێت، بەڵام مانەوەی هەموو شتێک وەک خۆی دوای ۱۷ شوبات ، تاوانێکە هەموو کۆمەڵگەی کوردستانی لێی بەرپرسە ، ئاخر خۆڕایی نەوتراوە دەسەڵاتەکان لە سەر شێوە و سروشتی کۆمەڵگەکان دروست دەبن و دەق وەردەگرن.
درود لە گیانی یەک بەیەکی شەهیدانی ۱۷ شوبات و رۆژانی دوایی ..ئەوان لەلایەکەوە بوونە قوربانی عەقڵیەتێکی داماڵراو لە بەها و لە لایەکی ترەوە قوربانی عەقڵیەتێکی سیاسین کە ناتوانن بە نەفەسی درێژ وەک هێزگەلی ستراتیژی کە جەنگاوەری دیموکراسی بن جیا لە مۆدێلی دوای نەوەدەکانی حیزبی کوردی دونیایەکی نوێ بونیاد بنێن .
هەموو ئەو قسانە بەو مانایە نیە سەرەوەری و نەمریەکی گەورەی مێژویی بۆ قوربانیانی ۱۷ شوبات نەبێت ، بێگومان ئەو لەحزە مێژوییە هێندە زیندوە و زیندوو دەبیت کە ئەمرۆش نەبێت سبەی لە مۆتەکەوە دەبێت واقیع، بۆ ئەو کەس و لایەنانەی لە ۱۷ شوباتدا هەموو شەرعیەتێکی خۆیان بەتاڵ بەتاڵ کردوە و دواتریش سەرکوتکردن و داپڵۆسینی کۆمەلگەکەی خۆیان کرد بە دەستکەوت و سەرکەوتن ، بەشێک لەو قارەمانە درۆزنانە ئێستا باسی ئازادی و نان و مافی هاولاتیان دەکەن .
۱۷ شوبات مێژویەکی نوێیە ، مێژویەک کە پێی وتین شەرعیەتی شاخ و بازرگانە سیاسەکان و شەرعیەتی گوللە و شەرعیەتی حوکمی پۆستاڵی کوردی کۆتایی هات ، وەلێ ۱۷ی شوبات ئەوەشی گوت کە نارەزایی و تورەیی خەلک خۆی لێنەکرێت بەساحێب و وەک خۆی لێیبگەڕێیت ئێجگار باشترە لەوەی مساوەمەی جیاجیای پێوە بکرێت .
لە ۱۷ شوباتەوە تا ئێستا ئەوەی سیاسەتی کوردی لەو سەریەوە بۆ ئەمسەری بەرهەمی دەهێنێت نائومێدبونی بەردەوام و زیاترە ، نا ئومێدی ۱۷ شوباتی خولقاند، ئەو نا ئومێدیەی، ئێستا بەراورد بە ۱۷ ی شوباتی ۲٠۱۱ دەیان جار زیاترە.
۱٦ی شوباتی ۲٠۱٦
بەغداد
PM:07:46:16/02/2016
ئهم بابهته 6264
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی