با ئەم كەمپینەیش رابگەیەنین

‌مەم بورهان قانع

ئەو كەمپینەی چەند ررۆژیكە كەناڵی "ئێن ئاڕ تی"، لە ژێر دروشمی "با هەمومان بەشداربین لە گەڕاندنەوەی هیوادا بۆ نەخۆشخانەی هیوا"، رایگەیاندوە، پێویستە ئێمەش بەشێك بین لە گەڕاندنەوەی هیوادا بۆ ئەوانەی وەك نەخۆش رێیانكەوتوەتە ئەم نەخۆشخانەیە و بە هیوای ئەوەن چارەسەری كۆتایی نەخۆشییەكەیان بكرێت.

گەڕاندنەوەی هیوا بۆ تەنها مرۆڤێك، خزمەتێكی گەورەیە بە مرۆڤایەتیی و بە ژیانی كەسێك، بەڵام كاتێك هیوا بۆ هەزاران كەس دەگەڕێنرێتەوە، ئەمەیان خزمەتێكی سەد بەرابەر  گەورەترە بە مرۆڤایەتیی و بەژیانی زۆرترین هاوڵاتیی، سەرەڕای گەڕاندنەوەی هیوا بۆ دەیان هەزار لە خزم و كەسوكاری نزیكی ئەو توشبوانەی لەو نەخۆشخانەیەدا پێشوازییان لێكراوە و بە هیوای هەڵاتنی تروسكاییەكن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان.

بەرپرسیارێتیی مرۆیی و نیشتمانیی داوامان لێدەكات هەمومان لە خەمی گەڕاندنەوەی هیوادا بین بۆ ئەوانەی نەخۆشیی كوشندە زەفەری پێبردون و لە چاوەڕوانیی گەڕاندنەوەی هیوادان.

بۆ گەڕاندنەوەی هیوا بۆ ئەوانەی لە نەخۆشخانەی هیوادان و لە چاوەڕوانیی هیوادان، ئەگەر هەریەكێكمان بە تەنها هەزار دینارێكیش بێت بەشداریی ئەم كەمپەینەدا بكەین، دەتوانین هیوا بۆ ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانە بگەڕێنینەوە؛ كە خەون بە گەڕاندنەوەی هیواوە دەبینن. ئەگەر هەر موچەخۆرێكیش لە مانگێكدا، تەنها هەزار دیناری موچەكەی.. هەر دوكاندارێك، ئەگەر لە مانگێكدا تەنها هەزار دیناری داهاتەكەی..

هەر كاسبكارێك، ئەگەر لە مانگێكدا تەنها هەزار دیناری داهاتەكەی ببەخشێتە ئەوانەی بەهیواوه سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن، دەتوانین  نەخۆشخانەی "هیوا"، بكەینە نمونەی گەڕاندنەوەی هیوا و ژیان بۆ ئەوانەی لە بێهیواییدان بەرانبەر بە ژیان و ئاییندەیان.

بەشدارییكردنمان لە گەڕاندنەوەی هیوادا بۆ مرۆڤێك، بەشدارییكردنە لە كڕینەوەی ژیانی مرۆڤێك دا، كە خەون بە ژیانێكی تەندروستەوە دەبینێت.

بۆیە، لای خۆمەوە و  بۆ زیاتر سەرخستنی ئەم كەمپینەی "ئێن ئاڕ تی"، پێشنیازی كەمپینێكی نوێ‌ دەخەمە بەردەمی فەرمانبەران و موچەخۆران و كاسبكارانی وڵاتەكەم، بەناوی "هەزار دیناری مانگێك بۆ گەڕاندنەوەی هیوا" و داواشدەكەم رێكخراوێك، یان دامەزراوەیەك، ئەركی جێبەحێكردنی كەمپینێكی لەمجۆرە بگرێتە ئەستۆ و لە تەنها مانگێك دا، هەزار دینار بۆ گەڕاندنەوەی هیوا بۆ هەزاران كەسی هەرێمەكەكان تەرخانبكەین.


AM:09:57:07/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 3708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی