دەستخۆشی لە شاندی ئۆپۆزسیۆن دەکەین بۆ سەردانەکەی بەغدا
بەهادین نوری
شاندێکی هەرێم لە ئۆپۆزسیون [ گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموکراتی ] لەم ڕۆژانەدا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرەکوەزیرانی عێراق و سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هێندێ لایەنی دیکە دانیشتن باسیان لەوەزعی عێراق و پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم کرد و ڕاو بۆچوونی خۆیان لەسەر کێشە گرنگەکان خستە ڕوو .
لایەنی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێندێ لایەنی دیکەش نیگەرانیان سەبارەت بەم چوونە نیشانداو ڕخنەیان لە ناردنی ئەم شاندە گرت . گوایا بۆچی شاندێکی حیزبی بنێردرێ بۆ ئیشێ کە دەبێ حکوومەت بیکات .
ئەم پرسە بۆتە جێگەی مشتومڕ لە هەرێمدا ، لە نێوان ئەوانەدا ڕخنەی لێدەگرن و ئەوانەی بەرگری لێدەکەن . پێموایە ئەگەر ڕژێمێکی ئاسایی لە وڵاتدا هەبێ نابێ حیزبی ئۆپۆزسیون بە ئیشی لەم چەشنە هەڵسێ . بەڵام ئەگەر کەسانی ، حیزبانی خۆسەپێن لە پێگەی حوکمڕانیدابن ، وەک ئەوەی ئێستە لە هەرێمدا دەبینرێ ، پێویستە دەستخۆشی لە شاندی ئۆپۆزسیون بکرێ . ئەگەر عەیبێک لەم ئیشەدا هەبێ ئەوەیە کە ئەم 3 حیزبە دواکەوتن لە ناردنی ئەم شاندەدا .
دەبوو لە ئابی 2017 دا ، کەمشتوومڕەکە لەسەر ڕیفراندۆم بوو ئەم شاندە بنێردرایە و هەڵوێستی ئۆپۆزسیون ڕوون بکرایەتەوە و هەوڵێک بدرایە بۆ ڕێگرتن لەو ڕیفراندۆمە ناوەختە و لەو کارەساتە کە بەدوایدا هێنرا و هەموان دەزانن چ زیانێکی بە هەرێم گەیاند . ئەگەر باس لە یاساش بکرێ دەسەڵاتداران سەرتاپای گیانیان کاری نا یاساییە و ئەوان دوایین کەسن مافی قسەکردنیان هەبێ ، خۆیان هەمیشە یاسایان لە ژێرپێ ناوە .
خۆزگە یەکێ لە نەوەی نوێش لەگەڵ مامۆستایەکی سەربەخۆی زانکۆ لەڕیزی شاندەکەدا بوایە .
PM:07:24:07/01/2018
ئهم بابهته 5634
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی