نێچیرڤان بارزانی موژدەی سەركەوتنی راگەیاند

‌ پیران ئەمیر

نێچیرڤان بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەركەوتووی دیپلۆماسی و دیاری كوردستان لە تەك ئەوەی كە بە كەسێكی میانڕەوی سیاسی ناسراوە، بەڵام كاتێك هێزە نەیارەكانی دژ بە كورد و پارتی دەیانەوێت بە گوتاری چەواشەكاری خەڵك فریو بدەن و فێڵ لە خەڵك بكەن، ئەوكات نیچیرڤان بارزانی بەڕاشكاوی و بە دەنگی بەرزەوە راستییەكان بە خەڵك دەگەیەنێت. هەروەك لە دوای ئۆكتۆبەرەوە خەڵكانی دژ بە پارتی دەیانگوت رۆژی پارتی نەما، بەڵام بە هەوڵی دیپلۆماسییانەی پارتی و بەتایبەتیش خودی نێچیرڤان بارزانی، دوژمن ناچار بوو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، وەك ئەوەی لە بانگەشەی لیستی 183ی پارتی نێچیرڤان بارزانی ئەو راستییەی ئاشكراكرد و جەختی كردەوە كە ئەوە پارتی بوو دوژمنی ناچاركرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لە گوتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی زۆر شتی روونكردەوە، وێڕای ئەوەی داوای لە دەنگدەرانی پارتی كرد كە دەبێ ئەمجارەش سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەین، هاوكات هەندێك راستی خستەڕوو لەوەی كە پارتی زۆر بەهێزە و بە ئاسانی كەس ناتوانێت لاوازی بكات، گوتیشی: لە هەڵبژاردنی عێراقدا خەڵکانێک هەبوون فاتیحایان بۆ پارتی دەخوێند و دەیانگوت پارتی جارێکیتر هیزی یەکەم نابێت، رووی ئەم قسەیەی لە لاوان و ئافرەتان و هەموو لایەنگرانی پارتی بوو، جەختی كردەوە كە لاوان و گەنجان و ژنان و ئافرەتان و هەموو خەڵکی کوردستان بۆ دوژمنانی کوردیان سەلماند کە پارتی پێشڕەوە و بە پێشڕەویش دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە كە هەمیشە باوەڕی بە سەركەوتن هەیە و هیچ كاتیش نائومێد نابێت، تەنانەت ئەو لە رۆژە هەرە سەختەكانیشدا بە بڕوا و ئیرادەیەكی بەهێزەوە دەڕوانێتە ئایندە، ئەمرۆش كە پارتی لەوپەڕی سەركەوتندایە، جارێكی دیكە موژدەی سەركەوتنی پارتی گەیاند و گوتی، حزبێکی وەک پارتی کە هەموو تەمەنی خۆی وەک ئەمڕۆ لەگەڵ بیری لاوان و ئافرەتان بێت، دڵنیابن ئەو حزبە رۆژێک نابەزێت و ناکەوێت و بەرەو سەرکەوتن دەڕوات. 

هەر بۆیەش نێچیرڤان بارزانی بە گڕوتینەوە داوای لە دەنگدەران و لاوان و ئافرەتان و كادیرانی پارتی كرد، جارێكی تر سەركەوتن تۆمار بكەنەوە، ئەو گوتی: ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی کوردستان دەچین، ئێوە بازوو لێهەڵماڵن بۆ ئەوەی لیستی 183ی پارتی سەربکەوێت، ئەو لیستەی 100 خەباتکەری وەک خۆتانی كۆکردۆتەوە کە کچ و کوڕانی گەنجی ئەم وڵاتەن، پارتی بۆ خزمەتی دۆزی گەلی کوردستان دەستنیشانی کردوون، داواتان لێدەکەم دەنگیان پێبدەن، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە.

نێچیرڤان بارزانی كە خۆی لە دوای ئۆكتۆبەرەوە بە قووڵی لەناو رووداوە سیاسییەكانی كوردستان و عێراقدا رۆڵی هەبووە لە دوورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر كورد و كوردستان، ئەو بەوپەڕی راشكاوییەوە گوتی سەركەوتنی پارتی سەركەوتنی كوردستانە. 
دیارە ئەم باوەڕەی نێچیرڤان بارزانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە پارتی لەبەر چاوی هەموو دونیا بۆ ناحەزانی سەلماندووە تەنیا پارتییە بەرگری لە كوردستان دەكات، لە كاتێكدا گرووپێكی خیانەتكار لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نیوەی خاكی كوردستانیان رادەستی سوپا و حەشد و پاسداران كرد، هەموویان هەڵاتن و حەزیان دەكرد، هەولێر و ناوچەكانی دیكەش بە دەردی كەركووك بچن، بەڵام ئەوە پارتی بوو خوێنی خۆی كردە قوربانی و رێگری لە لەشكری دوژمن كرد و نەیهێشت نزیكی هەولێر بكەونەوە.

بۆیە دوای ئەوە دیسانەوە خاكفرۆشان دەیانویست لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی بە قەوارەی هەرێم بهێنن بۆ ئەوەی ببنە فەرمانبەری عەبادی، بەڵام پارتی و نێچیرڤان بارزانی جارێكی دیكە لە رێی دیپلۆماسییەتەوە كوردستانیان پاراست، ئەو كوردستانەی كە نێچیرڤان بارزانی متمانەی تەواوی پێی هەیە لە سایەی سیاسەتی خۆی و پارتیدا سەركەوتوو دەبێ و زیاتریش بەرەو پێشەوەدەچێت، چونكە پارتی و خودی كارەكتەری نێچیرڤان بارزانی هەموو هەوڵێكیان بۆ سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان خستووەتەگەڕ.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەكەیدا هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد کوردستان چاوی لە داهاتووی گەشە، جارێکیدیکە سەرکوتکردن و پێشێلکردن نایەتەوە بۆ کوردستان. ئەمەش وەك ئاماژەیەك لە سایەی پارتیدا كوردستان بەرەو سەقامیگری و ئاوەدانی و داهاتووێكی گەشتر هەنگاو دەنێت، بەتایبەتی كە ئێستا خاوەنی نەوتە و بە ژمارەیەكی بەهێزی وزەییش ناسراوە و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمیش ئەوەیە زیاتر ئەو ژمارەیە بەهێز بكات.

نێچیرڤان بارزانی جەختیشیكردەوە سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەگەرەكان كوردستان لە سایەی پارتیدا دەگاتە لوتكە، هەروەها رەخنەی جەماوەری كوردستان بە گرنگ وەسف دەكات و دەڵێ ئێمە بە رەخنە و گلەیی هاووڵاتییان پەست نابین، چونكە بوونی خەڵكی ناڕازی نیشانەی هیوا و ئاواتی گەورەیە، ئێمە شانازی بە خەڵكی زیندووی خۆمان دەكەین، ناڕەزایی و گلەیی خەڵك بە لای ئێمەوە نیشانەی لە دایكبوونێكی نوێیە.

بەگشتی لە گوتارەكەیدا موژەی ئایندەیەكی روون و گەش بۆ پارتی و كوردستان بەدی دەكرا، ئایندەیەك كە پارتی جارێكی دیكە كوردستان بە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتنی ئابووری و ئەمنی دەگەیەنێت، ئایندەیەك كە پارتی تێیدا هێزە گەورەكەی كوردستان دەبێت و هەر بەهێزیش بۆ پارێزگاریكردن لە خەڵكی كوردستان دەمێنێتەوە.


AM:11:48:21/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 5297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی