دوو ساڵ پێش ئێستا، وتمان کوڕەکەی مام جەلال..

‌ئاشتی عەبدوڵا



دوو ساڵ پێش ئێستا لەوتارێکماندا پێشبینیمان کرد، کە کوڕەکەی مام جەلال وەک باوکی بەرپرسیارانە ھەنگاو دەنێ و بۆ بڕیارە سیاسیەکانی دووربینە و لەخەمی ئارامی و ئاشتەوایی و خزمەتی کوردستاندایە، پێشبینیەکانمان ئەمڕۆ بەدیھات، ئەو کات   بەشێک دەست خۆشیان کردو بەشێکیش رەخنەیان گرت تارادەیەک بەئاراستەی پەلاماردان بوو، بەڵام ئێمە سووربوین لەسەر قەناعەتی خۆمان و ئەمڕۆ خۆشبەخاتانە زۆرینە ھاوڕامانن، چونکە کورەکەی مام جەلال بەفعلی لەگۆرەپانی سیاسیدا بەو ئەدا سیاسیە تەندروستەی و کار و پرۆژەو بڕیارەکانی سەرکەوتنی بەدەستھێنا. ئەم پەرە گرافەی خوارەوە بەشێکی وتارەکەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ نوسراوە.

کوڕەکەی مام جەلال

 لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و دواتر رزگارکردنی چەند ناوچەیەک لەسەردەستی پێشمەرگە و دوای هەواڵی شەهیدبوونی چەند قارەمانێک راگەیەنرا ، ئەم پەیامەی قوباد تاڵەبانی جیاوازبوو ! نە بەنەفەسی حزبی و نە بەنەفەسی ئاڕاستەیەکی جیاواز نوسرابوو ، لەگەڵ خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، پەیامەکانی مام جەلال هاتەوە یادمان، کە لەسات و وەختە دژوارەکاندا پەیامی جیاوازو خەمخۆرانەی ئەدا بەگوێی خەڵکی کوردستاندا،  تەنها راگەیاندنی پەیامێکیش نەبوو بۆ گەلەکەی، بەڵکو راستەوخۆ دەست پێشخەرییەکانی ئەخستە بواری جێ بەجێ کردنەوە،  هەموو هەوڵێکی بۆ ئاشتەوایی بوو لەپێناو میللەتەکەیدا سەڕەڕای هەموو ئەو گلەییانەی لێی ئەکرا مام جەلال بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی چەپکەگوڵەکەو ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد، ئێستاش کوڕەکەی مام جەلال لەم ساتەوەختە دژوارەدا کەبارودۆخی سیاسی رۆژبەڕۆژ سەختر ئەبێت و لەگەڵیدا کوردستان پۆلێ شەهیدی تری گرتەوە ئامێز ، بەهەمان نەفەسی باوکی بەرپرسیارانە پەیامێکی کورت و جیاوازی راگەیاند، ئێستا چاوەڕێین کەدوای پەیامەکەی کوڕەکەی مام ، هەوڵەکانی بەپراکتیکی بخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوەو دەرگایەک بەڕووی ئاشتەوایی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردا بکاتەوە، لەپێناو میللەتێک کە گیرۆدەی سیاسەت و ململانێی حزبەکانە، رۆژ بەڕۆژ خەڵک برسیترو بێ هیواتر ئەبێت لەهەوڵەکان بۆ چارەسەری بارودۆخەکە. گەر بەدەنگەوە هاتن هەبێت بێگومان وەڵامی پرسیارەکانی قوباد تاڵەبانی قورس نییە و ئەکرێت نەهێڵرێت خوێنی شەهیدان بەفیرۆ بڕوات و بازدانێکی گەورە بێت لەم دۆخە چەق بەستووەی ئێَستا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە.



PM:04:02:20/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 22442 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی