‎دەردی بە دەرمان !

‌پیران ئەمیر

‎چەندین ساڵە قاچاخچیەكان بە سود وەرگرتن لە كەلێنی سنور و نارێكی بازگەكانی بەغدا، بە رێگای جۆراوجۆر و كاری بە قاچاخهێنانی خۆراك و كەل و پەلی بەسەرچو و دەرمانی تەزویر و بێ كاریگەر ئەنجام دەدەن، بە تایبەت كە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق فلتەرێك نییە بۆ پشكنینی ئاستی تەندروستی كەلوپەلەكان و كوالێتی جۆرەكەیان، لەناو هەمو پیشە قاچاخەكاندا قاچاخچەتی ماددە هۆشبەرەكان و دەرمان باوترینیانە.

خۆشبەختانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هێزەكانی ئاسایش و هۆبەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان رێگریەكی باشی تەشەنەسەندنی بازرگانی بوون بە ماددە هۆشبەرەكان و بۆ ئەمەش هیچ سنورێك و پالپشتێكیان نەناسیوە كە لە پشت ئەو بازرگانیەوە بێت.

بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرا لەپاش لاوازبوونی بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان بەشێك لە قاچاخچیەكان دەستیان داوەتە جۆرێكی تری بازرگانی كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیان و تەندروستی كۆمەڵگا هەیە و بە جۆرێك خۆی خزاندۆتە ناو هەموو ماڵێكی ئەم هەرێمە، ئەویش بازرگانی (دەرمانی تەزویر و بێكاریگەر و ماوە بەسەرچوو)یە.

لە ماوەی ڕابردوودا بە تایبەت لە دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە راگەیاندنەكان بە تەواوی دەنگی دایەوە، بەشێك لە هاولاتیان لە بازار و شوێنە گشتیەكان و تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەگەڵ پشتیوانی بۆ قەڵاچۆكردنی ئەم جۆرە قاچاخچیەتیە، بەڵام باسیان لەوەش دەكرد كە بازرگانە چاوچنۆكەكانی ئەو بوارە پالیان بە كۆمەلێك بەرپرس داوە حكومەت ناتوانێ دەستگیریان بكات.
لەو پێناوەشدا و بۆ دڵنیایی هاوڵاتیان و نەهێشتنی ئەو دیاردە قێزەونە و بە هەستكردنی تەواوەتی و بەرپرسیاریەتی لە ژیان و تەندروستی هاولاتیانی كوردستان، سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانی لە كاتژمێری سفردا فەرمان دەكات كە لە هەڵمەتێكی ئۆپراسیۆن ئاسادا كۆتایی بەم پڕۆسەیە بهێنن.

خۆشبەختانە لە ماوەی تەنها یەك شەودا بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی یەك و لە لایەن فەرماندەی ئەو هێزە (ڕەوان بارزانی)گرنگی زۆری پێ دراوە و ڕاستەوخۆ خۆی ئامادەی پڕۆسەی قەڵاچۆكردنەكەیە لەگەڵ چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند، چەند بازرگانێكی چاوچنۆك بە ژیان و تەندروستی خەڵك لە شاری هەولێر دەستگیركراون و هەڵمەتی كۆكردنەوەی دەرمانەكان و داخستنی دەرمانخانەكانیش دەستی پێ كردووە.
بە سەرنجدان لە دیمەنی كۆكردنەوەی دەرمانی تەزویردا تەنها لە یەك شەودا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە دەرمان نەك هەر دەوای نەخۆشی نییە، بەلكو بۆتە بەشێك لە نەخۆشی و تەشەنەسەندنی دەیان نەخۆشی تر، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕیارە گرنگەی سەرۆكی حكومەت و ئەو هێزە تۆكمە و چاوكراوەیەی بۆ قەڵاچۆكردنی ئەو دیاردە و بازرگانیە پێك هاتووە، دەتوانین بلێین ئەتر ئەو دەردەی لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێ دەرمانی هەیە و چیتر ژیانی كۆمەڵگا لەژێر مەترسی ئەو قاچاخچیەتیە ناژی.




PM:04:30:17/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 4720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی