ڕیفراندۆمێکی تر

‌هونەر تۆفیق

ھەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق، بەدەر لەنەخشە ئیقلیمییەکەی وڵاتانی دەرەکی لەناو عێراقدا، نەخشەیەکی سیاسی تری نێوخۆیشی لەنێوان کورد و عێراقدا داڕشتەوە .
ئەوەی کورد لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە فاشیلەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەردا لەدەستی دا، لەم ھەڵبژاردنەدا بەدەستی ھێنایەوە .

ھەڵەی کورد لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەکەیدا ئەوەبوو تاک لایەنە ئەنجامی دا و گوێ ی بەبەشداری و ڕای پێکھاتەکانی دیکەی ناوچە کێشە لەسەرەکان نەدا، عەرەب و تورکمانەکان بایکۆتیان کرد. بەوەش ناشەرعی بوونی ڕیفراندۆمەکەی لێکەوتەوە چ لەلایەن عێراقەوە یان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. ئەمجارەیان کورد لە ھەڵبژاردنەکەدا بەڕێژەی لەسەدا پەنجا زیاتر شەرعیەتی کوردبوونی خۆی لەو ناوچانە وەرگرتەوە .

تا ئێرە ھەڵبژاردن و ئەنجامەکەی لەو ناوچە کێشە لەسەرانە پرۆسەیەکی سیاسی و دەستوری عێراقیە. چۆنیەتی حکومەت و دەستەڵاتی سیاسی لە عێراقدا دیاری دەکات. بەڵام لەئەنجامە کوردیەکەیدا لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا وەک کەرکوک، موسڵ، شەنگال، خانەقین و ھتد، واقیعێکی سیاسی نوێ نیشانی کورد و تەرەفی بەرانبەری ئەدات . لەو واقیعە تازەیەوە پێویستە کورد بەھەمان ڕێچکە و عەقڵیەتی ڕابردوودا نەڕواتەوە کە لەسەرەتای کەوتنی کۆمارەکەی سەدامەوە خواستی کوردی جیابوونەوە و جیاکردنەوەی ئەو ناوچانەبوو بەلای ھەرێمی کوردستاندا . لەم واقیعە تازەیەوە کە لەپاش فەشەلی ڕیفراندۆمەوە ھاتۆتە پێشەوە، دەبێت کورد پرۆژەیەکی نوێ ی ھەبێت، لەئاست ئەم شانسە نوێیەدا بێت لەو ناوچانەدا.

 تەنانەت قەوانی مادەی سەد و چلی دەستوری عێراقیش ھاوتا و ھاوشانی ئەم دابەشکردنەوە نوێ یە نیە. لەبەر ئەوە گۆڕانکاری ڕیشەی لە سیاسەت و دید و بۆچونی کوردیدا بۆ ئەو ناوچانە دەبێت ئەولەویەتی سیاسەتی سەرکردایەتی کورد بێت بەھەموو پارتە سیاسەکانی کوردستانەوە .


PM:05:50:27/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 4110 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی