هیلالی بەپیت - هیلالی شیعی

‌هونەر تۆفیق

شارل دیگۆل لە ١٨ ئابی ١٩٤١دا،  نامەیەکی ناڕەزایەتی بۆ وینستۆن چەرچل دەنووسێت : ئێمە لە حکومەتی فەرەنسای ئازادەوە نیگەرانین بەم هەڵسوکەوتانەی شانشینی بەریتانی لەوڵاتانی هیلالی بەپیت دا (عێراق و سوریا و لوبنان و ئوردن و میسر)  . نیازپاکی بەریتانیا لەو ناوچانەدا نابینین کە بەپێ ی ڕێکەوتنی نێوانمان مۆرمان کردووە .
 
لە ٧ ئابی ١٩٤٢ دا چەرچل و دیگۆل لە قاهیرە کۆدەبنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا . چەرچل سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە ڕایدەگەیەنێت : هاتووم لێرە کۆببینەوە بۆئەوەی لە نزیکەوە چارەسەری ناکۆکیەکانمان لەگەڵ فەرەنسادا بکەین سەبارەت بە ناوچەکانی هیلالی بەپیت .
ناوچەی هیلالی بەپیت ( هیلال الخصیب ) کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەزاری پادشای ئوردنەوە ناوەکەی گۆڕدراوە بە هیلالی شیعی ، کوردیش لەم ماوەیەدا بەچڕی لە نێوەندە سیاسی و ڕاپۆرتە ئیعلامیەکانیدا هەمان دەستەواژەکەی عەبدوڵاشای ئوردن بەکاردەهێنێتەوە بۆ تەفسیرو تەحلیل کردنی شکستەکەی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا . دەیەوێت تێڕوانینی سیاسی خۆی و پرسە نەتەوەییەکەی ببەستێتەوە بە تێڕوانینە سونی یە هاشمیەکەی پادشای ئوردنەوە کە درێژکراوەی تێڕوانینە هاشمیەکەی ئامۆزاکانی عەبدوڵاشایە لە عێراقدا ، بنەماڵەی شا فەیسەڵ لەڕێگای سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراقەوە  - نوری سەعید ، کە بەنیازبوون لە ناوچەکانی هیلالی بەپیتدا ، شانشینێکی هاشمی و سوننی لە وڵاتەکانی عێراق ، سوریا ، لوبنان ، فەلەستین ، ئوردن و سینای میسردا وەک تۆڵەکردنەوە لە ئال سعود کە لە نەجد و حیجاز و حائیل ، هۆزی ئال سعود هاشمیەکان و شەمەرەکانی ڕاونابوو بۆ هەرێمی هیلالی بەپیت . لەبەر ئەوەی بەپێ ی ڕێکەوتنی بەریتانی و فەرەنساییەکان لە سایکس - پیێکۆ و دواتردا سوریا و لوبنان لە دابەشکردنەکەدا بەر فەرەنسا کەوتبوون . دیگۆل ئەو هەوڵەی نوری سەعید و هاشمیەکانی بە فیتی بەریتانیەکان دەزانی . بۆیە نیگەرانیەکانی گەیاندبوویە چەرچڵ . بەریتانیەکانیش لەدابەشکردنەکەدا عێراق و ئوردن و فەڵەستین و میسری بەرکەوتبوو . فەرەنساوییەکان لەوە تێگەیشتبوون کە لە ڕێگای هاشمیەکانەوە بەناوی یەکێتی وڵاتانی عەرەبی هیلالی بەپیت ، دەیانەوێت سوریا و لوبنان لە چنگ فەرەنساییەکان دەربهێنن و بەریتانیا لە ناوچەکەدا دەریان پەڕێنێت.

سعودیەکان لەو هەوڵانەی هاشمیەکان لە عێراق و ئوردن بە گومان بوون . چونکە لەپاش دەرپەڕاندنی بنەماڵەی هاشمی لە حیجاز ، ڕاونانیان بۆ دەشتاییەکانی شام و دۆڵی ئوردن . دوژمنایەتی ئەو دوو هۆزە تا ئەمڕۆش بە ئاشکرا و نهێنی هەر بەردەوامە . بۆ ئەوەی هاشمیەکان نەبنە دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە ساڵی ١٩٤٥ دا بە ڕێکەوتن لەگەڵ پادشای میسردا ، کۆمکاری عەرەبی ( جامعە العربیە) یان دامەزراند . شکستیان بە پرۆژەکەی هاشمیەکان لە هیلالی بەپیتدا هێنا کە لەدوایدا عێراق و ئوردن و سوریاش بوونە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەی ئال سعود و ئال فاروق . میسری و سعودیەکان بۆ ئەوەی بەتەواوی دڵنیابن لە شکستی پرۆژەی یەکێتی هاشمیەکان لە هیلالی بەپیتدا . لەپاش کۆتایی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی لە سوریا و لوبنان ١٩٤٨دا . پشتیوانیان لە ژەنراڵ حسنی زەعیم کرد لە سوریا کودەتای سەربازی بکات و لە ئازاری ١٩٤٩ دا دەستەڵاتی گرتە دەست . پرۆژەی یەکێتی عەرەبی هاشمیەکان لە هیلالی بەپیتدا بە یەکجاری کۆتاییان پێهێنا .


لەپاش هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریاوە . هاشمیەکان لە ئوردنەوە جارێکی تر خەونی مەملەکەتی گەورەی سوننی هاشمیان زیندوو کردۆتەوە . ئەمجارەیان بەناوی بەرهەڵستی کردن لە بەرانبەر پرۆژەی هیلالی شیعیەوە لە هەوڵی ئەکتیڤکردنەوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سونی - هاشمین لەناوچەکەدا . بەشێکی زۆری گوتاری سیاسی کوردیش بەمەبەست ( پەیوەست بە پرۆژە هاشمیەکەوە ) یان ناخود ئاگا بەهەمان ئاڕاستەکانی هاشمیەکاندا دەڕوات . بێ ئەوەی ئاگاداری فاکتە مێژوویەکانی ئەو پرۆژە سونی - هاشمیە بن خۆیان خستۆتە بەرەیەکی دژ بە وەهمی هیلالی شیعی . لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی دروستە کە دژایەتی کردنی شیعە و ئێرانە بۆ هیلالی سونی هاشمی نەک دامەزراندن و کۆنترۆڵ کردنی بەناوی هیلالی شیعیەوە .

تێبینی :
هیلالی بەپیت - Fertile Crescent دەستەواژەیەکی جیوگرافیە یەکەم جار شوێنەوارناسی ئەمریکی جێمس هێنری بریستاد لەساڵی 1905دا بەکاریهێناوە بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە میزۆپۆتامیا و باکوور و خۆرئاوای سوریا تا باکووری خۆرهەڵاتی ڕووباری نیل .

هیلالی بەپیت ، ئاماژەیەک بووە بۆ بە پیت و بەرەکی ئەو ناوچانە لە ڕووی شارستانی و کشتوکاڵیەوە کە شارستانیە دێرینەکانی : سۆمەر ، ئور ، ئەکەد ، بابل ، میدی ، نەبەتی ، ئاشووری ، کەنعانی و فینقی لەو هیلالەدا بوون .
هیلالی بەپیت شوێنی سەرهەڵدانی بەشێکی زۆری ئایینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە ، ئاینەکانی زەردەشتی ، یەهودی ، مەسیحی و غەنوسی ..هتد دروست بووە .


هیلالی بەپیت هەرێمێکی چڕ و پڕە لە نەتەوە و گەلی جیاواز ، هەزاران ساڵە لەو ناوچەیدا نیشتەجێ بوون .

هیلالی بەپیت لە حەوت هەزار ساڵی ڕابردووەوە پێگەیەکی جیوگرافی تایبەتی هەیە لەنێوان هەرسێ کیشوری ئاسیا ، ئەوروپا ، ئەفریقیا . ئەمەش وایکردووە کە شادەماری بارزگانی کۆنی جیهان ( ڕێگای ئاوریشم ) لەو هیلالەدا کۆببێتەوە . جێگای بایەخی ئیمپراتۆریەتەکانی ئەوسا و ئێستاش بێت .


PM:02:30:14/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5005 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی