ئێران چۆن گەیشتە كۆیە!!

‌ره‌حمان غه‌ریب


ئەو موشەك یان تۆپانەی ئێران بە ئاسمانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لەم ساتەوەختە ئالۆزو پڕ لە گرێ كوێرە سیاسییەدا بەتەنها نامەیەك نییە بۆ حدكا و ئۆپۆزسیۆنی چەكداری ئێرانی، نامەیەكیشە بۆ ئەمریكای پارێزەری ئاسمان و ئەرزی عێراق.

دوێنێ لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە، ئەمریكا ئیدانەی بەئامانج گرتنی تیمە دبلۆماسییەكانی كرد، بەوەی كە لە  شاری (بصرە)یش رویدابوو. ئێران نەچوو سوپاسی هەڵوێستەكەی بكات، لە بەرامبەر دا ئێران زینجیرەیەك بڕیاری لە سێدارەدانی جێبەجێكرد و ئینجا بۆردومانی قەڵاكەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد.

ئیتر لەم پرۆسە سەربازییەدا رادەی پێكانی ووردی ئامانجە سەربازییەكانی خۆی بۆ ئەمریكاو ئیسرائیلیش نارد. ئەگەر تۆپ یان موشەكی بگاتە كۆیە، یانی دەشگاتە عینكاوەی هەولێر، ئەگەر پێویست بكات.

ئاخر تەوقیتی بۆردمانەكە لەكاتی كۆبونەوەی فراوانی حزبێكی ئۆپزسۆنی چەكداری نهێنی، ئاستی هەواڵگری سوپای ئێرانی، دەبێت نەك تەنها حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، بەڵكو كونسڵ و باڵوێزی ئەمریكاو وڵاتانی تر لە بەغداو هەرێمی كوردستان توشی شۆك بكات.

لە پاڵ ئەم نامەنەدا، ئێران بە دەنگی بەرز بە رووی ئەمریكاو نوخبەی سیاسی عیراقی خنكاو لەناو گۆمی فەزیحەت و دزی هاوار ئەكات: "خۆ بە بەلاش نەهاتومەتە ناو عێراق تا بە دەستی بەتاڵ دەربكرێم"، لە (بەصرە) دەمانكەنە ئامانج و دەمسوتێنن، ئەوە ناوچەیەكی فراوانی عێراق بە بەرژەوەندییكانی ئەمریكاوە، ئامانجی سوپاكەمن.

ساویلەكەیی سیاسیشە ئەگەر وا تێنەگەین، دەنگی ئەو جۆرە تەقینەوانە نەتوانن كەشی هەڵبژاردنیش تێكبدەن، ئەگەر ئیرادەی سازدانی لەرزۆك بێت.

ئێران كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا بە بەرچاوی ئەمریكاوە بە ئازادی گەمەی دەكرد، پارسەنگی هێزی دەگۆڕی، ئێستا نە بەشێكی هێزەكانی ئەم هەرێمەو نە ئەمریكاش دەتوانن سنور بە فڕكان فڕكانی سیاسی و سەربازی ئەو دابنێن، ئەمە بێ ئەوەی گریمانەی ئەوە بكەین " لە بنچینەدا بۆ هەندێ پرسی لە عێراقدا ئەمریكاو ئێران پێویستیان بە هەمئاهەنگییە نەك دوژمنایەتی راستەوخۆ"

ئینجا لەناو خۆماندا هەموو پسپۆرە سەربازییەكانی كوردستان بۆیان یەكلا نەبۆتەوە، ئەمەی روویداوە بە جۆرە چەكێك ئەنجامدراوە، موشەكی ئاسمانی- زەوییە، یان زەوی – زەوی؟ فرۆكەی بێ فڕۆكەوانە؟ بۆ خۆتان لێ بووە بە خەبیری هەواڵگری سەربازی؟ كەچی هەر خەریكی شەڕە پەڕۆین و دەمانەوێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بیسلمێنین لەناو خاكی كوردستانەوە ئامانجەكەی پێكاوە.

كاكە ئێران ئەوەتا لە جنوبی لوبنان- سوریا- یەمن- چەندین هێزە بە وەكالەت شەڕی بۆ دەكات لەعێراقیش گەمەكەری سەرەكییە و بۆ میراتی بڕیاری سیاسی كێبڕكێی ئەمریكا دەكات. لەسەر ئاستی رەسمی و هەڵوێستی هێزی دەسەڵاتدار بەرامبەر ئەم تاوانە شەرمی پێوە دیارە، تۆش تازە بە تازە دەتەوێت بۆم روونبكەیتەوە ئێران چۆن گەیشتە كۆیە.؟ دە بڕۆ ....


PM:04:35:08/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 14278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی