وتارەكەی بارزانی بانگەشە یان بانگهێشت؟

‌ره‌حمان غه‌ریب

دەكرێت ئەو بەشەی وتارەكەی كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئەیلول وەك بانگهێشتكردنیك بۆ كۆبونەوە لەسەر "دواخستنی هەڵبژاردن" تەماشا بكرێت، دەشكرێت پەیامێك بێت بۆ دەستپێكردنی "بانگەشە"ی هەڵبژاردن.

بە بۆچوونی من دوو جۆر خوێندەوە هەڵەگرێت یەكەمینیان دەعوەتنامەیە بۆ كۆبونەوە، چونكە بە روونی وتی" گرنگ ئەوەیە خۆمان دەڵێین چی"وەك ئاماژەیەك بۆ بڕیاری سەربەخۆی حزبەكان. هەروەك دەكرێت وەك دەستپێكی "بانگەشە"یش تەماشای بكەین، چونكە داوای لە ئامادەبووان كرد خۆیان رێكبخەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، وەك دوو هێزی دیموكرات و خاوەن بڕوا بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا، ئەمجارەیان كەوتنە داوی بانگەشە بۆ دواخستنی هەڵبژادنی پەرلەمان كە بڕیارە 54 رۆژی تر بەڕێوەبچێت.

بیرمان نەچێت كە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، مەیدانی موزایەداتی سیاسی هەموو هێزەكان بوو، ئەمجارەیشیان بۆ هەڵبژاردنی ئەیلولی داهاتوو دەیان لێدوان و سەدان داواكاری سەركردەی حزبەكان هەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.

لەناو ئەو لێدوان و موزایەداتانە پارتی "تۆمەتبار"ی سەرەكی بوو بە هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ خۆشكردنی تامی دواخستنەكە هەندێ جار ناوی "برێت مەكگۆرك" یش دەكرا بەسەر پرسی دواخستنەكە. شەوی رابردوو راپۆرتی كەناڵێکی ئاسمانی تەرخانكرا بوو بۆ هەوڵی دڵسۆزانەی برێت مەكگۆرك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە پاساوی ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە درزی نێوان هێزەكان زیاتر دەكات و كەشێكیش دروستدەكات كە پێگەی كورد لە بەغدا لاواز بێت.

كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتارەكەی ئەمڕۆی لە هەشتەمین كۆنگرەی یەكێتی لاوانی كوردستان بە روونی ئەوەی یەكلاكردەوە كە (برێت مەكگۆرك) پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی باس كردبێت وتی" ئەصل و ئەساسی نییە" گرنگیش نییە ئەمو ئەو چی دەڵێن گرنگ ئەوەی خۆمان دەوڵێین چی؟

بەڵام راستییەكەی ئەوەیە خۆمان چی دەڵێن؟

بە پێی زانیاری باوەڕپێكراو لە كۆبونەوەكانی پارتی-یەكێتی "جگە لە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممە كە زانیاریم لەسەری نییە)، نە یەكێتی و نە پارتیش بە رەسمی پرسی "دواخستن"ی هەڵبژاردن نەخراوەتە ناو ئەجێندای كۆبونەوەكان و تەنانەت لابەلاش و لە پەراوێزی كۆبونەوەكانیش باس نەكراون.

خۆ ئەگەر داوایەك بۆ دواخستن لە ئارادایە، ئەوە هێزی سیاسی دەبێ ئەوەنە جورئەت بدات بە خۆی كە بە رەسمی لەزاری وتەبێژەكانیانەوە دوای دواخستنەكەی بكەن. نەك لە قۆناغی هەستیاردا و بۆ پەڕینەوە لە قۆناغی ئیحراجبوون، (برێت مەكگۆرك) بكەنە بەردەباز. یان خۆت بكەی بە وتەبێژی هەمووان بلێیت" هەموو لەگەڵ دواخستنن بەڵام ناوێرن بیڵێن".

لەم قۆناغەدا پارتی توانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قسەكردن لەسەر "دواخستن" رابكێشێت و ئینجا زۆر بە ساردی بڵێت "پاساوی لایەنەكان بەتایبەتی یەكێتی و گۆڕان، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌‌ زۆر لاوازن‌". ئافەرین پارتی.


PM:12:30:07/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 5898 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی