وێنەكانی كاك نەوشیروان

‌ره‌حمان غه‌ریب

ئەوەی دەڵێت ئێستا نەوشیروان مستەفا كارەكتەرێكی لاوازی ناو دنیای سیاسەتە، ئەو كەسە لە سیاسەت تێنەگەیشتوە.ئەبێت چاو بە فەرهەنگی سیاسی و حزبی خۆێدا بخشێنێتەوە.ئێستاش رێكخەرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كارەكتەری سەرەكی ناو دیمەنی گشتی سیاسی ئێمەیە.

بەر لەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش رابگەیەنێت،نەوشیروان مستەفا وەك كەسایەتیەكی كاریزمی، كاریگەریی خۆی هەبووە لە ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان و عێراق.

ئەوانەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كۆك و تەبان و ئەوانەشی جیاوازن لەگەڵ بیروبۆچونی فكری وسیاسی ئەو،لەهەموو قۆناغێكی سیاسی هەستیارو چارەنوسازدا، بۆ ئەوەی تابلۆی سیاسی بە تەواوەتی ببینن، چاوەڕوانی راِ و بۆچونی ئەو بوون تا بزانن  چی دەڵێت.

بەڵام تەماشا بكەن، بزانن دۆخەكە چەند شێواوە، كاتێك دەتەوێت هەڵوێستی ئەو سەركردەیە بزانیت، تەنها چەند وێنەیەكی تازە دەبینی یان لە نێوان خێزانەكەی یا كۆمەڵێك دۆست و ئەحباب وێنەیەكی یادگاریان لەگەڵدا گرتووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردۆتەوە.

چونكە خەڵكانێك هەن جۆرەها هەواڵی جیاجیا لەسەر تەندروستی ئەو بڵاودەكەنەوە، بێ گومان بڵاوكردنەوەی وێنە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هەواڵی تەندروستی بزانن، گرنگە.بەڵام ئەوەی پێویستە ووشەیە، ووتنی شتێكە، زانینی هەڵوێستی ئێستای ئەم سەركردەیەیە،نەك شێوە و روخساری ئێستای، ئەوەی پێویستە لەزاری خۆیەوەیە،نەك لە رێگەی كەسی دووهەم و هەندێ جاریش سێهەم و چوارەم، هەڵوێستەكانی بزانین.


PM:09:37:25/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 6465 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی