72 ساڵی پارتی

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


جودا لە موئامەراتی موخابەراتی لە ئەنجامیاندا دروست بوونی ئەحزابی دەستکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجامی موعاناتی میللەتێک دروستبوە. ئەو سەردە م و ڕۆژگارەی پارتیتێدا دروست بوو، ڕق و ڕقکاریەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو ببێتە مایەی دامەزراندنی حیزب لە پێناو ڕقی شەخسی و دژایەتیکردنی ئەوەیتر. لەو کاتەوە ھەتا ئێستا 72 ساڵ تێدەپەڕێت و، دونیا زۆر گۆڕاوە.

وەک زۆر جاریتر گوتومانە، حیزب دەزگایەکی سیاسی مەدە نیە. بەڵام بۆ ڕابوردوی ئێمە ئەم پێناسەیە پڕاوپڕ نیە. چونکە وەک نوخبەی میللەتێکی بێ دەوڵەت، ئێمەش ناچار بوین چەکی لەسەرخۆکردنەوە بکەینە شان و «لەژێر زەبری دڕندێتی داگیرکەر» چەکی لەسەرخۆکردنەوە بکەینە شان و داکۆکی لە مافە خواکردە ئینسانی و نەتەوەیمان بکەین. تێکەڵبوونی ئاگایی سیاسی لەگەڵ چەک لە لایەک و، ھێشتنەوەو پاراستنی بەھا دیموکراسیەکان لە لایەکیتر پێکەوەو لەیەک کاتدا کارێکی ئاسان نیە.

قۆناغی ١٩٧٠-١٩٧٥ بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر جگەلەوەی کە ھەناسەدانێکی باش بوو، مەجالێکیش بوو بۆ «ھەر ھیچ نەبێت» بەشداریکردنی حوکم و فێربوونی حوکمڕانی. پاش بەھاری « ڕاپەڕین و ڕزگاری» لە ساڵی ١٩٩١، یەکەم قۆناغی حوکمڕانی درێژخایەن «وەک حیزب» دەست پێدەکات. دەستپێکێکی قورس، بە تایبەتی ئەگەر ئەم حوکمە ئەنجامی یەکڕیزی نیشتیمانی نەبێت... ئینجا ھەتا ئەمڕۆ. ھەر کەسێکیش ھەر حوکمێکمان لەسەر دەدات، پێویستە واقیعبینانە و ڕەچاوی ئەو ڕابوردوە زاتی و مەوزوعیە بکات.

پشتیوانیمان لە ڕێفراندۆمە سەرکەوتوەکەی مانگی ٩ ی ٢٠١٧ بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، شانازیەکی مێژوویی بۆ تۆمارکردوین کە ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لێمان بسەنێتەوە. سەرکەوتنەکانی پاش ڕیفراندۆم «پاش ئەو ھەموو دژایەتیکردن و خیانەتەی لە میللەتەکەمان کرا» ئەگەر نەڵێین ھەمووی، بەڵام زۆربەی زۆری بۆ کارامەیی سیاسەتی حەکیمانەی پارتی دەگەڕێتەوە.
لەم ساڵ یادە دا باشترین پیرۆزبایی لە لایەن ئێمەوە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و خانەوادە بەڕێزەکانیان و خەڵکی کوردستان پێداچوونەوەیە بە خۆماندا. جورئەتی بەخۆداچونەوە ھۆکاری سەرەکی مانەوەی ئێمەیە وەک حیزبی یەکەم. ئەرکی ئێمە لەم ساڵیادەدا پێداچوونەوەیە بە:

بەھێزکردنی حوکمڕانی دروست و بنەماکانی دیموکراسی.
چارەسەرکردنی تەواوەتی مەسەلەی پاشەکەوتکردنی مووچە.
ھەنگاوی گەورە تر لەپێناو عەدالەتی کۆمەڵایەتی و، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
مۆدێرنیزەکردنی ڕێکخستنەکانی حیزب و، چەسپاندنی دادپەروەری و مەنتیق لە ئۆرگانەکانی حیزبدا.

ئەمانە ئەو تەحەتدایانەن کە بەرەوڕوی حیزبی ئێمە بوونەتەوە. خەڵک ئەگەر متمانەیان بە ئێمە نەبێت ھەرگیز گلەیمان لێ ناکەن. ئێمەش خزمەتگوزاری خەڵکین، ھەر بۆیەش بەوپەڕی ھێزەوە بەرەوڕوی ئەو تەحەدایانە دەبینەوە.


PM:05:41:16/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 5016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی