یەکێتی .. لە دوو جێگرەوە، بێ جێگرەوە

‌ ئاسۆ حاجی

هەبوونی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم سالح لە ناو یەکێتیدا زیاتر بۆتە هەبوونێکی تەشریفاتی، لە چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک رووداو و پێشهاتی گەورە روویاندا کە یەکێتی بەشێک بوو تێیاندا بەلام ئەو دوو بەڕێزە تەنها بەشداریەکی سیمبولیکیان تێدا هەبوو، لە هەمووی گرنگتر رێکەوتنی سیاسی یەکێتی و گۆڕان تەنها ئیمزایەکەی سەری ناوی کۆسرەت رەسولی هەڵگرتووە بەڵام ناوەڕۆکەکەی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دایڕشتووە و مەلا بەختیار چەندین جار ئەوەی درکاندووە کە ئەو خاڵ بە خاڵی رێکەوتنەکەی نووسیوە.

باڵی ئەو دوو جێگرەی سکرتێری گشتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان چەند لە ناو یەکێتی باڵکراون ئەوەندەش خەریکە لە ناو دامەزراوە حکومیەکان پەڕ وباڵ بکرێن و هیچ دەرفەتێکیان بۆ نەمێنێتەوە تەنها وازهێنان نەبێت وەک ئەوەی پێنج ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردیان و ئاشکرایان کرد کە ئەوان قوربانی باڵ باڵێنی ناو یەکێتین.

لە چەند بۆنەیەکی گرنگدا کۆسرەت و بەرهەم تەنها رۆڵی پیشوازیکردنیان بینی و لە بەردەم میدیادا وا دەرکەوتن کە قسەی کۆتایی لە ناو یەکێتی لەلای ئەوانە، لە پێشوازیکردن لە نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان فواد حوسێن کۆسرەت رەسوڵ ئەرکەکەی جێبەجێکرد بەڵام دەربارەی ناوەڕۆکی دەستپێشخەریەکە و وەڵامدانەوەی ئەوە هێرۆ خان ئەو کارەی کرد.

لە پرسی یەکلایی کردنەوەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەرهەم سالح پێشوازی لە نەوشیروان مستەفا و شاندەکەی کرد و لە بەردەم میدیا وادەرکەوت کە جێگری دووەمی سکرتێری گشتی سەرۆکایەتی دانوستانەکان دەکات و کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە،پاشان دەرکەوت هێرۆخان و کاک نەوشیروان خاڵ بە خاڵی رێکەوتنەکەیان نووسیوەتەوە و ئەوان کێشەکەیان یەکلایی کردەوە وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر چەند جارێک لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا  رایگەیاند کە ئەوان ئەو رێکەوتنە جێبەجی دەکەن کە هەردوو بەڕێزان کاک نەوشیروان و هێرۆخان لەسەری رێکەوتوون هەروەها چەند جارێکیش بە چاوی ئەندامانی دادایەوە کە ئەگەر گلەیی یان تێبینیان هەیە بۆ لە بەردەم ئەو دوو بەڕێزە قسەیان نەدەکرد.

وەک هەموو شتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرۆ خان بە دیفاکتۆ ( ئەمری واقیع ) کەسی یەکەمی ناو یەکێتیە و جێگرەکان تەنها ئەو کات دەتوانن ئەرکی خۆیان وەک جێگر جێبەجێ بکەن کە ئەو واقیعە قبوڵبکەن.

هێرۆخان نەک ئەوەی بۆ ناوخۆیی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردۆتەوە بەڵکو بۆ دەرەوەش کاری لە سەر کردووە، هەموو میوانە بیانیەکانی لە ماڵی خۆی (واتا ماڵی مام جەلال) پێشوازی دەکات و هەموو جارێش تەنها ئەندامانی خیزانەکەی بەشداری پێدەکات، لە کاتێکدا ئەو خاتوونە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیە و جێگای کارکردنی ئەو وەک هەموو ئەندام مەکتەب سیاسیەکانی دیکە ناو باڵەخانەی مەکتەبی سیاسیە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە شەرعیەتی وەلانانی بڕیارەکانی کۆنگرە و پابەند نەبوون بە ریزبەندی یەکێتیایەتی کە لە ژێر سەرکردایەتی هەردوو جێگرەکە کاربکات بەر لە مام جەلال لە باوکیەوە وەریگرتووە کە بە دامەزرێنەر و باوکی روحی یەکێتی و رێبازی (جەلالیەت)ی دادەنێ کە شەرعیەتێکە یەکێتیەکان بە باڵی گۆڕانیشەوە ناتوانن خۆی لێ لابدەن و ملکەچی نەبن.




AM:10:36:30/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 8924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی