‌نێچیرڤان بارزانی بۆ نیگەرانە !
PM:12:19:25/07/2016
ئاسۆ حاجی

نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی لە قۆناغی دوای شەڕەکەیە نەک لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی شارەکە، چونکە ئەو هەمان بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی هەیە لەو رووەوە کە ئەگەر کورد شتێک لە ئێستاوە گرێنتی نەکا ئەوە بە دەست بەتاڵیەوە لە یاریەکە دەکرێتە دەرەوە و قۆناغی دوای موسل دەبێ کورد شەڕ لەسەر ئەو دەسکەوتانە بکاتەوە کە لە دوای روخانی سەدام وەدەستی هێناون چوونکە هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە هێزە عەرەبیەکان بە هەموو توانایانەوە هەولی گۆرینی دەستور دەدەن بە تایبەتی ئەو مادانەی پەیوەندیان بە کوردەوە هەیە وەک مادەی سەد و چل و یاسای نەوت و گاز و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکان ئەوەش کورد دەباتەوە خوار خانەی یەکەم و دەبێ شەڕ بۆ ئەوە بکات لە خانەی یەکەمی رێکەوتنەکان جێگای بکەنەوە.

نێچیرڤان بارزانی کە یەکێکە لە یاریکەرە سەرەکیەکانی داڕشتنەوەی سیاسەت و هاوکێشەکانی ناوچەکەو خاوەن پەیوەندیەکی جاڵجاڵۆکەیی دبلۆماسی فرەلایەن و فرە رەنگە و زۆر جار بە باش یان بە خراپ ئەوەی دەدرێتە پاڵ کە ئەندازیاری دروستکردنی هاوکێشەی نوێیە و یان داڕشتنەوەی هاوکێشە کۆنەکان بەشێوەیەک کە ئەو دەیخوازێ و هەموو جارێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و پەیداکردنی بازاڕی جیهانی بە یەکێک لە کارەکانی وەبیر دەهێنرێتەوە کە بۆ هەرێمێکی نا سەربەخۆیی ژێر دەستە لە کارێکی نەکردە نزیکترە،کە ئەو بڕە فرۆشەی نەوت نەبوایە لەمێژ بوو دەبوا فاتیحە لە سەر روحی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی ئێستا بخوێندرێ.

ئەگەر ئەو شتانە سەرەوە راست بن،ئەی نێچیرڤان بارزانی لە چی نیگەرانە ؟ بە تایبەتیش کە پاڵپشتی نێودەوڵەتی رۆژ بە رۆژ بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێ، نیگەرانیەکانی سەرۆک وەزیران وەک بۆ دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی نەیتوانی بیشارێتەوە ململانێی نێوان لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانە بە شیوەیەک کە ناکۆکیە ناوخۆیەکان قوڕسترین ڕوبەڕوبونەوەن کە یەخەی ئایندەی هەرێمیان گرتووە و بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو ناکۆکیانە و دەربازکردنی ئەو قۆناغە ناتوانرێ قۆناغی دوای ئازادکردنەوەی موسل گرێنتی بکەین ، بۆیەشە لەو درزەوە نەیاران دەست دەخەنە ناو کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ رێگەگرتن لە دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کە پێشمەرگە بەخوێن نەخشی کردوون.

بە کورتیەکەی نێجیرڤان بارزانی، زیاتر بانگ لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکات بۆ یەکدەنگی دەربارەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان چونکە بە گووتەی ئەو باشترین کاتە و دوا کەوتنی لە بەرژەوەندی کورد دا نیە ، بانگەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لاینەکان بە حزبەکی خۆشیەوە وەبیرهێنانەوەیەکی مێژووییە کە بەهێز بوونی حکومەتی عێراقی هەموو جار مەترسی بووە بۆ سەر کوردستان و لە جیاتی هەماهەنگی کردن ئەوە هەڕشە و رەوانە کردنی دەبابە و هێز کارتی مامەڵەکردنیان بووە، بەڵام بە پیچەوانەوە هەر جارێک هەرێمی کوردستان بەهێز بووە زیاتر هێزی داوەتە هەموو عێراق و سەقامگیری ناوچەکەش.


ئه‌م بابه‌ته 3056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.