گۆڕان بزاڤێکی یاخی لە بوون

‌ ئاسۆ حاجی

سەرەتایەکی ھەڵە:

ئەو زیزبوونەی لەگەڵ مام جەلال لێکی ترازاندن دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا گەیشتە قەناعەت کە ئەو جێگرەوەی مام جەلال نیە و بە نەمانی مام جەلالیش ئەو ناگاتە ئامانجەکەی خۆی ببێتە کەسی یەکەمی ناوی یەکێتی،چونکە بە کورتی و بە کرمانجی نەوشیروان لای مام جەلال بەشێک بوو لە تەکتیک بە پێچەوانەوە مام جەلال ھەموو ستراتیژیەتی نەوشیروان بوو، لێرەدا نەوشیروان لە ھەژمارەی خۆیدا بە لاڕێدا چوو بوو.
نەوشیروان وەک ڕەوانشاد غەنی بلوریان دەڵێ لە بن ساقۆیەکەی مام جەلال سەری تروکاندوە،تەنھا شاگردێکی باشی لێدەرچووە نەک جێگرەوە و بەردەوام مام جەلال بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و لێدانی باڵەکانی ناو یەکێتی بەکاری ھێناوە، بۆیە لەو بوارەدا پسپۆڕیەکی زۆری پەیدا کردووە و ئەوەش یارمەتی دا کە زوو ببێتە خاوەن باڵ و یاریکەرێکی سەرەکی یاریەکە.

لە ڕەگەوە بۆ گۆڕان:

زیز بوونی ئەو جارەی نەوشیروان لە مام جەلال زۆر جیاوازتر بوو لە جارانی پێشوو کە کوردستانی بەجێدەھێشت و ھەڕشەی وازھێنان لە یەکێتی دەکرد، ئەوجارەیان لە ناوەوەی یەکێتی دەستی بە بنکۆڵکردن کرد و دەزگای زانیاری و دارایی یەکێتی تا ئەو ڕادەیە کۆنتڕۆلکرد کە لە ساڵی دوو ھەزار و پێنجەوە تا ڕاگەیاندنی گۆڕان دەزگای زانیاری ڕاپۆرتی نا دروستی دەگەیاندە مام جەلال بە تایبەتی دەربارەی نەوشیروان مستەفا و ئەو کەسانەی بەوەوە گرێدرا بوون.

ھەر لە ساڵی دوو ھەزار و پێنج ژمارەیەک کادیری یەکێتی کە لە ئەوروپا بوون بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا (رەگ) یان دامەزراند وەک بزاڤێکی ریفرۆمخواز لە ناو یەکێتیدا بەلام لە ئەسلدا ئەو دەستەیە تەنھا بۆ ترساندنی مام جەلال و فشار دروست کردن لە سەری دروست کرا، سەرەتا مام جەلال زۆر لێیان دەترسا و حیسابی زۆری بۆ دەکردن بەلام دواتر کە بۆی ڕوون بویەوە بە فیتی نەوشیروان دژایەتی مام جەلال دەکەن یەکسەر بڕیاری دەرکردنی ھەمووانی ئیمزاکرد.

دواتر ئەوە سەلمێندرا کە کادیرانی رەگ پیاوە پلە یەکەکانی نەوشیروان بوون بۆیە بوونە بناغەی دروستکردنی گۆڕان.

چۆن رەگ و گەشە تێکەڵ کران؟

نەوشیروان مستەفا ھەمان ئەزموونی کۆمەڵەی لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە کردەوە، چۆن بە زاری خۆی دانی بەوە داناوە کە ئەو قەت بڕوای بە مارکسیەت نەبووە بەڵام بە تەکلیفی مام جەلال سکرتێری کۆمەڵەی وەرگرتووە، کەڵکی لە ھەمان پەند وەرگرت کاتێک بازنەی گۆڕانی لە تەنھا یەکێتیەکان فراوانتر کرد و کەلکی لەو ناکۆکیانەی ناو یەکگرتووی ئیسلامی وەرگرت ئەو ڕەوتە توندڕەوەی بە مۆدێلی سیاسەتکردنی یەکگرتوو ڕازی نەبوون و ئەردۆغانیان وەک نموونەی سەرکردەیەکی ئیسلامی سەرکەوتوو چاو لێدەکرد و ھیواکانیان لە سەر سیاسەت و لێدوانەکانی ئەردۆغان بنیات دەنا لە گێڕانەوەی سەروەری و شانازیە مێژوویەکانی ئیسلام،ئەو گرووپە ناویان لە خۆ نابوو گەشە کە بەشێکە لە ناوی پارتی داد و گەشەپیدانی تورکیا و زۆرینەی ئەو پارتە ئیخوانیانەی لە رۆژھەڵات و باکوری ئەفریقا دروست بوون،ئەوان لە بن کاریگەری گوتاری ئیسلامی سیاسی بارگاوی کراو بە فکری جیھادی و دەرباز بوون لە قۆناغی متبوون (میانڕەوی) بە تایبەتیش کە پاڵپشتی دەرەکی زۆر بۆ ئەو ڕەوتانە ھەیە.

جەماعەتی گەشە ھێز و ڕووێکی گەنجانەیان بە گۆڕان بەخشی و لە سەرەتاشەوە خۆیان کردە واجیھەی بزووتنەوەکە و ھێزێکی کاریگەر لە سەر داڕشتنی گووتاری سیاسی و میدیایی گۆڕان، لە ناو گۆڕانەوە کادیرانی ڕەوتی گەشە بە کەلک وەرگرتن لە تەکنیکی حزبە ئیسلامیەکانی تورکیا کادیرانیان لە ناو دەزگا کاریگەرەکانی کۆمەڵگە بڵاوکردنەوە،لە ڕێی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی میدیا لەوێوە کار بۆ یەکتری و بەھێزکردنی پێگەیان بکەن لە ناو گۆڕاندا ھەروەھا لە ناو دەزگاکاندا،بۆیەشە دەبینین ئەوانەی بوونە پاڵەوانی میدیایی گۆڕان ئەوانەن کە پاشخانی گەشەیان ھەیە ھەروەھا ئەو میدیاکارانەی بە ھۆی ئەوانیشەوە وەدیارکەوتن و بەناوبانگ بوون ھەمان پاشخانیان ھەیە.

نەوشیروان مستەفا بەر لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش خەریک بوو کەلک لەو توانایانە وەربگرێت کە لە ناو یەکگرتووی ئیسلامی وەدیاردەکوتن و کەلێنی ئەوەیان تێدا مابوو تێکەڵیان ببێ بە تایبەتی ئەوانەی کە خەونی گەورەتریان ھەبوو لەو ڕوبەرەی کە یەکگرتوو بۆی سازاندبوون،ھەندێکیانی بە ناوی میدیای ئازاد و ھەندێکیش بە ناوی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و کاری رۆژنامەوانی.

بە دەستەبژێرکردنی ئەو کەسانە و تێکەڵکردنی توانا و بەرھەمەکانیان بەو توانایانەی ھێشتا لە ناو یەکێتی مابوون و کاریان بۆ ئەجێنداکەی کاک نەوشیروان دەکرد بە تایبەتی ژمارەیەک لەو کەسانەی کاروباری دەزگای زانیاریان لە دەست بوو،ھەر لایەکیان ئەوەی دیکەی تەواو دەکرد،کادیرانی زانیاری خەریکی بەلاڕێ دابردنی سەرکردایەتی یەکێتی و شەخسی مام جەلال بوون کە لە ڕێی ڕاپۆرتەکانیان بەردەوام دڵنیایان دەدا مام جەلال کە دۆخی یەکێتی لە باشەوە بەرەو باشتر دەچێ لەو کاتەیدا کە نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێیانی خەریکە بنکۆڵکردنی یەکێتی بوون و لە دەرەوەش ئەو لەشکرەو بەناوی ڕۆژنامەوانی ئازاد تەجنیدی کردبوون لە ڕێی دروست کردنی گووشاری دەروونی و ناشیرین کردنی کەسە بڕیار بەدەستەکانی ناو یەکێتی بۆ فراوانکردنی روبەری نێوان سەرکردایەتی و خەڵک،تا ئەو ڕادەیەی کە ئەو بەرپرسە حکومیانەی بە نوشیروان مستەفاوە گرێدرابوون لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە خزمەتکردنی خەڵک و ناشیرین کردنی حکومەت تەقسیریان نەکرد،ئەو پارەیەی کە دەبوایە لە بەرەوپێشبردنی سلێمانی سەرفی بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گردەکە و دامەزراندنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی چوو،بە گوێرەی ئەو دۆسیەی لە سەر دانا ئەحمەد مەجیدی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی ھەیە پارەی وشکە ساڵیش ھەمان چارەنووسی ھەبووە.

وشە وەک بناغە و کلتور:

نەوشیروان مستەفا بەناوی دامەزراندنی دەزگایەکی کلتوری مام جەلالی لە خشتە برد و لە ترسی لێ جیابوونەوە و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی وای لێکرد دە ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە بداتێ، کۆمپانیاکەی ناونا وشە. وشەی وەک کۆمپانیا و وەک کەرستەی بنیادتنانی مەعریفە بۆ ئامانجە مێژوویەکەی خۆی وەگەڕخست.

بەرھەمی کۆمپانیای وشە جگە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئەوە دروست کردنی کەسایەتی و عەقڵیەتێکی سیاسی نوێش بوو، بۆ ھەردووکیشیان کەلکی لە ئەزموونی خۆی وەرگرت کە لە سەرەتای کاری سیاسیەوە بڕیاری خۆتەرخانکردنی دا بۆ خزمەتکردنی ڕەوتی جەلالیەت کە بەو ھۆیەوە تێکەڵ بە کاری رۆژنامەوانیش بوو و سەرنووسەریکردنی یەکەمین ڕۆژنامەی دژ بە شۆڕشی کوردستان بەوبڕا،بە ھێنانەوەی ھەمان وشە و دەستەواژە لە فۆڕم و بەرگێکی سەردەمیانەدا بەڵام لە پێناو ھەمان ئامانج بووە دەستێکی خۆناساندنی کۆمپانیاکە.

وشە لە بێ بەھاکردنی وشە و داشۆرینی مەعریفە لە ناوەڕۆکەکەی خۆی دەستی پێکرد گووتار و کاری رۆژنامەوانی بۆ جوێن نامە گۆڕی و ڕەخنەی کردە تەنھا ناونیشانێک بۆ جێکردنەوەی سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە ھەموو شتێک،ئەو گووتارە کرا بە کەرستەی بنیاتنانی کەسایەتی و فکری ھەڵسوڕاو و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەگەڵ یەکەمین وەدیارکەوتنیان لە خۆنیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات ھەوڵیاندا ھەموو ئەو ڕق و توڕەیە تەرجومەی سەر واقیع بکەن و تەواو بە پێچەوانەی بانگەشەکردنەکەیان بەوەی کە بزووتنەوەیەکی مۆدرێن و مەدەنین و باوەڕیان بە چەک نیە و لە ڕێگای ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی ھاوچەرخ بۆ سەڵاتداری ھەرێمی کوردستان ھەوڵی وەرگرتنی دەسەڵات دەدەن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوانە لە یەکەمین رۆژ و یەکەمین سعات خۆنیشاندانی خەڵکیان کە داواکانیان ئاسایی و شەرعی بوون ئاراستەکەیان بۆ توندوتیژی و ڕشتنی خوێن و زیان گەیاندن بە کەرتی گشتی و گۆڕینی دروشمی خۆنیشاندەران لە داواکانیان بۆ ڕوخاندنی حکومەت و سوتاندن و ھەڕەشەی لەناوبردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان.

گۆڕان لە یەکەمین ئەزموونی لەگەڵ شەقام نەیتوانی وەک بزاڤێکی مۆدرێن مامەڵە بکات،بۆیە ھەر زوو پەنای بردەوە بەر کەرستە تەقلیدیەکان و لە خربوونەوەیان لە بەردەم دەرکی سەرا لە شاری سلێمانی ئەو کەرستانەی گۆڕان بەکاری ھێنان بریتی بوون لە گووتاری پڕ لە سوکایەتی کردن و بێڕێزیکردن کە ڕکابەرەکانیان و زیاتر ھاندانی ئەندامانیان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ڕوبەری لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و کاری ھاوبەشی سیاسی بەوەش شیرازەی کۆمەڵایەتیان خستە بەردەم مەترسی پچڕان،ھەروەھا بەکارھێنانی ئاین و پیاوانی ئاینی بۆ ھەمان مەبەست کە بە نوێژی بە کۆمەڵی بەردەرکی سەرا و ھەبوونی کاریگەری ئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان و بە بانگکردنی اللە ئەکبەر ھەوڵی موتربەکردنی شێوازی ئەو پەروەردەیە دەستی پێکرد کە دروست بوونی ھاوپەیمانێتی و یەک گووتاری نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووەکانی سلێمانی لێکەوتەوە.

ئەو لێک دابران و دژایەتی نێوان ناوچەکانی کوردستان و شارەکان و شێوەزارەکان و پێکھاتە سیاسیەکانی کە رژێمی سەدام کاری زۆری لە سەر کردبوو ئەوان تەواویان کرد و کەلێن و لێکترازانەکانیان گەورەتر و فراوانتر کرد کە دەرئەنجامەکەی شەرم شکانی پەڕلەمانتارانی گۆڕان و پەڕلەمانتارانی یەکێتی و دواتر کۆمەڵیش چووە پاڵیان لە بە ئاشکرا دژایەتی کردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ بێھێزکردنی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای بانگەشەکردن بۆ ئەوەی بەغدا پێویستە جێگای ھەولێر بگرێتەوە و پیویستە کێشەکانی کوردستان ببردرێنە بەغدا دەبێ بەغدا ببێتەوە چەقی یەکلایی کردنەوەی ھەموو پرسەکان تا کار گەیشتە ئەوەی پەڕلەمانتارانیان لە ململانێی نێوان مالیکی و ھەرێمی کوردستان ئەوان چوونە پاڵ مالیکی کە ھەوڵیدا بە ھێزی سەربازی کوردستان ملکەچی بەغدا بکا و دەستەبەرداری مافە دەستوریەکانی خۆی بێت بۆ ئەوەش ھێزێکی تایبەتی بە ناوی دیجلە دروست کرد،دواتریش بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی و دەستی بە لادانی بەرپرسانی کورد کرد لە پۆستە گرنگەکانی بەغدا،پەڕلەمانتارانی گۆڕان و بەشێک لە یەکێتیەکان ئەو ململانێیەیان بە ململانێی شەخسی نێوان مالیکی و بارزانی بەناو دەکرد ئەوەش بووە ھۆکاری زیاتر ھاندانیان بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە ئەجێندای مالیکی تا ئەو ڕادەیەی بە (ئەکرادانی مالیکی) ناسران،لە دیارترین ئەو کەسانە سروە عەبدولواحید و ھۆشیار عەبدوللا کە لە دوای یەکتر گۆڕان سەرۆکایەتی فڕاکسیۆنەکەی پێدان ھەروەھا ئاڵا تاڵەبانی کە ئەو کاتەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی تاڵەبانی گەڕاندەوە سەر عەشیرەتی بەنی ئەسەدی عەرەبی کە زۆرینەیان شیعەن ھەر سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی بوو و میدیای یەکێتی و ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بەرگریان لێدەکرد، ئەوە ڕاستیەک نیشان دەدا کە سەرکردایەتی گۆڕان بەو کاتەوەش کە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو ھەروەھا سەرکردایەتی یەکێتی باڵی ھێرۆ ئیبڕاھیم ئەحمەد پاڵپشتی ئەو ھەڵوێستانەی پەڕلەمانتارەکانیان بوون،جەلالی بوون و دژایەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی خاڵی ھاوبەشیان بوو،ڕێکەوتنی دەباشانیش لە سەر ھەمان بناغە بوو.

گۆڕان و دواین ڤێرژنی کوردایەتی:

ئەو پەروەردەی گۆڕان بە روحیەتی تۆڵەکردنەوە و سڕینەوەی بەرامبەر کە بەرھەمھێنەری ئەو کەسایەتیە بوو کە سروە و ئاڵا نموونەی ھەرە دیارن،ھۆکارێکی سەرەکی و کاریگەرترین ھۆکار بوو بۆ ئەوەی بزاڤە سیاسیە نوێیەکان ئەوانەی لە ھەناوی جەلالیەت دێنە دەرەوە و لە سلێمانی بەدوای شوێن پێ دەگەڕێن ھەوڵدەدەن لەو بارەیەوە لەوانیش تێبپەڕێنن تا ئەو ڕادەیەی سەت ساڵی خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد بخەنە ژێر پرسیار و ھەموو ئەو کارەساتانەی بە سەر کورد داھاتوون لە وێران بوونی کوردستان و ئەنفالکردن و کیمیاباران کردن ھۆکارەکەی بۆ حیزبە کوردستانیەکان بگەڕێنەوە و حکومەتە فاشی و داگیرکەرەکانی عێڕاقیش ئەستۆ پاک بکەن.

دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داگیرکەر بۆ لەناو بردنی پارتێکی کوردستانی مێژووێکی زیاتر لە پەنجا ساڵەی لە پشتەوەیە و لەو ماوەیەدا بە چەند ڕەنگ و ناونیشانێک دووبارەبۆتەوە بەڵام ھەرگیز وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ رووی نەداوە، بزاڤێکی نوێی سیاسی داوا لە بەغدا بکات کە ئەوان ئامادەن پشت لە داوا نەتەوەییەکانی کورد بکەن،ئامادەشن قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان بە خواستی دڵی ئەوان پێداچوونەوەی پێدابکرێ و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم مەگەر لە میدیا ئەگەر نا جارێکی دیکە باسی نەکەنەوە تەنھا لە بەرامبەر ھاوکاریکردنیان بۆ ئەوەی ئەو حکومەتەی ئێستا بڕوخێنن و ئەوان لە سەر پاشماوەکەی و بەو پەروەردە و گووتارە سیاسیەوە حکومەتێکی دیکە دروست بکەن.

خۆ کاندیدکردنی سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە سەر لیستی ئەو حیزبەی کەرکوکی داگیرکردەوە و ھەوڵیدەدا قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێنێتەوە،ھەروەھا ھاوتاکەی لە ناو فراکسیۆنی یەکێتی لە سەر لیستی پاشماوەکانی سەدام، شێوازی پەروەردە و مۆڕاڵی سیاسی و دنیابینی و ئامانجی بزووتنەوەی گۆڕانمان بە ڕوونی نیشان دەدات چ جۆرە کەسایەتیەکی بەرھەمھێناوە.


PM:01:58:08/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی