‌نوسخەی کوردی ئیسلام
PM:07:18:29/07/2018
ئاسۆ حاجی

دوای گووتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام(یەکێتی مەلایان) چاوەڕوان دەکرا قسەی زۆرتر دەربارەی ئەو دەستەواژە نوێیە بکرێ کە یەکەمین جارە لە سەر زاری گەورە بەرپرسێکی حکومی و سیاسیەکی لە ئاستی نێچیرڤان بارزانی باسی نوسخەی کوردی ئیسلام بکرێ.

بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە لە دۆخێکی هەستیاردا کە رۆژهەڵاتی ناوین پێیدا گوزەر دەکا و کوردستان وەک بەشێکی ئەو جوگرافیایە هێشتا لە ژێر هەڕەشەی فکر و مەترسی گروپە توند ئاژۆکانە لە بۆشایی نەهاتووە،بەڵکو لە باوەڕێکەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێشتر تاقی کراوەتەوە و بەرهەمەکەشی ئاستی کۆمەڵایەتی نێوان ئاینەکان و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بووە.

ئایە ئیسلام نوسخەی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی هەیە؟ کە ڕەنگە ئەوەیان یەکێک بێت لە پرسیارە جدیەکان کە دوای گووتارەکەی نێچیرڤان بارزانی وەک وەڵامدانەوە یان لابردنی سەرنج لە سەر دەستەواژەکە دروست ببێ و بەکاربهێندرێ، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەتوانین بڵێین بەڵێ نوسخەی جیاوازی ئیسلام هەیە چونکە هەر کۆمەڵگەیەک لە گۆڕ ویست و بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆی کەلکی لێوەرگرتووە.

(ده‌سته‌ و تاقمی‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی‌ عه‌ره‌ب وایان كردووه‌ كه‌ نوسخەی عەرەبی ئیسلامی لە ژێر کاریگەری کلتور و داب ونەریتی بەدەوی عارەبی باڵاده‌ست بێت و گەشه‌ بكات و ئه‌و نو‌سخه‌یه‌ باڵی بەسەر کۆمەڵگەی عەرەبی داهێناوە)، بە درێژایی مێژوو (ده‌سته‌ و تاقمی‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی‌ عه‌ره‌ب) ئەو ئایەتانەیان بەکارهێناوە کە باسی کوشتن و تاڵان و کەنیزە و داگیرکردن دەکا، عەرەب زیاتر ئایەتە مەدینیەکانیان لەلا گرنگتر و پیرۆزتر بووە تا ئەو ڕادەیەی کە هەوڵ بۆ سڕکردن و کار پێنەکردنی ئایەتە مەککیەکان بدەن کە زیاتر باسی پێکەوە ژیان و قبوڵکردنی ئەوەی دیکە و بەزەیی و مرۆڤ دۆستی دەکا هەرچی ئایەتە مەدینەیەکانە بە تایبەتی کە دەوڵەتی مەدینە دروست دەبێ و لەشکردی ئیسلام ئامادە دەبێ بۆ هێرشکردن زیاتر باسی کوشتن و داگیرکاری و حەڵال کردنی ژن و کچی دوژمنان و بە تاڵان بردنی ماڵ و موڵکیان.

ئەو دەستەواژانە پێویستیەکی ژیانی و ژیاری عەرەبی بەدو بووە کە هۆزی قوڕەیش پێکهێنەرێکی سەرەکی ئەو کلتورەیە بۆیەشە تا ئێستا ئیسلام لە فۆڕمە نوێیەکەشیدا فکری ئیخوانی و فکری وەهابیدا نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکا بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر هەوڵی پاراستنی ئەو کلتورەیان داوە بۆیەشە لە هەموو بزاڤە ئیسلامیەکان کە لە سەدەی بیستەم لە فۆڕمێکی سیاسیدا وەدیارکەوتوون لە جیاتی پەنا بردن بۆ چاکسازی و تەرکیزکردن لە سەر هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەوە پەنایان بۆ توندوتیژی بردووە و هەمان ئەو دەستەواژانەی لە کلتوری بەداوەی عەرەبی و لە ڕێگەی موفەسیر و موشەریعانی دەقە پیرۆزەکان پەڕیونەتە ناو ئیسلام و بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی فکری عەرەبی بە تایبەتیش کە ئەو چەمکانە خزمەتی زۆریان بە عەرەب کردووە وەک نەتەوە لەوەی لە جوگرافیایەکی دیاریکراوی نیمچە دوورگەی عەربیەوە بێنەدەرێ و رووبەرێکی دیکەی گەورەتر داگیربکەن کە ناویان لێ ناوە نیشتیمانی عەرەبی لە سەر حیسابی داگیرکردنی گەلانی باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیسلام کە دەپەڕێتەوە ئێرانی خاوەن شارستانیەت و پێشکەوتوو هەروەها خاوەنی ئاینێک کە باوەڕی بە یەکتاپەرستی هەبووە و بەهۆیەوە شارستانیەتێکی دەوڵەمەند و کاریگەریان دامەزراندووە،بۆیە لە یەکەمین دەرفەت ئێرانیەکان لەو ئیسلامە هەڵدەگەڕێنەوە کە عەرەب بۆ داگیرکردنی نەتەوەکانی دیکە بەکاری دەهێنن.لە ناو ئیسلام لە شێوەی دژە شۆڕش شۆڕش بە کەلک وەرگرتن لە ناکۆیەکانی ناو ماڵی پێغەمبەر(د.خ) و دروست بوونی مەزهەبی شیعە سەرلەنوێ خۆیان لە ژێر دەستەیی عەرەب ڕزگاردەکەن و ئیمپڕاتۆریەتی خۆیان دروست دەکەنەوە.

لە ناوچەی ئەنادۆڵیش تورک هەمان کەلکیان لە ئیسلام وەرگرت و لە ڕێگەیەوە بۆ ماوەی نزیکەی حەفت سەت ساڵ بوونە خاوەنی ئیمپڕاتۆریەت و حاکمی رۆژەهەڵاتی ناوەراست و بەشێکی ئەوروپا و ئێستاش لە پاشماوەی ئەو ئیمپڕاتۆریەتە کۆمارێکی بەهێز و گەورەیان بۆ ماوەتەوە.

لە ناو کۆمەڵی کوردەواری تەواو پێچەوانەی ئەو سێ نەتەوەیەی سەرەوە ئاینی ئیسلام هەر لە قۆناغی پەیوەندی نێوان خالیق و مەخلوق مایەوە و زیاتر وەک بەهایەکی پەروەردەیی و مامەڵەی نێوان مرۆڤەکان بەرخوردی لەگەڵ کرا کە هەر ئەوەشە جەوهەری هەموو ئاینەکان کە بۆ ڕێک خستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە نەک پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا چونکە پەیوەندی نێوان خالیق و مەخلوق دیارە کە مەخلوق لە هەموو بار و دۆخێکدا ملکەچی فەرمان و ویستی خالیقەکەی دەبێ.

کۆمەڵی کوردەواری کە پێکهاتەیەکی مۆزاییکی بوو و بەر لە ئیسلامیش زۆرینەی کورد لە پەیڕەوانی ئاینە ئاسمانیەکان بوونە و باوەڕیان بە یەکتاپەرستی هەبووە و لەو چوارچێوەیەی کە ئیسلام بۆ پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤی داناوە ئەوان پێی ئاشنا بوونە و پەیڕەویان لێ کردووە بۆیە بەرەنگاری نەبوونەوتەوە بەڵام چوارچێوەی نێوان مرۆڤەکان کەمەڵی کوردەواری موسلمان زیاتر دەستیان بەو ئایەت و حەدیسانەوە گرتووە کە هانی پێکەوە ژیان و یەکتری قبوڵکردن دەدەن چونکە کورد تەنها موسڵمان نەبوونە بەڵکو کرستیان و جو و زەردەشتی و ئێزیدی بوونە،لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دوورکەوتونەوە لە بەریەک کەوتنی عەقائیدی ناچار بوونە لە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتی سوود لە لایەنە ئامۆژگاری و نەرم و نیانیەکەی ئیسلام وەربگرن.

لە ڕێگەی تەریقەت و عیرفانەوە کورد زیاتر پەرەی بە ئیسلام بوونی خۆیدا و تایبەتمەندیەکی پێ بەخشیوە کە لەوانەی دیکەی جیا بکاتەوە، لە نوسخەی کوردی ئیسلامدا زیاتر دەستەواژەی خۆشەویستی بوونی هەیە هەتا ترس،زیاتر ڕەچاوی مافی خەڵک دەکرێ لە ڕەچاوکردنی مافی خودا لەو ڕوانگەیەی کە "خوا بەزەیی زۆرە و ڕەنگە لە مافەکانی خۆی لێمان خۆش بێ بەڵام هەرگیز لە سەر مافی خەڵک لێمان خۆش نابێ".

لە دوای ڕاپەڕین و وەدیارکەوتنی حیزب و گرووپی ئیسلامی سیاسی کە درێژکراوەی فکری ئیخوانی یان وەهابین ئەو مۆدێلەی ئیسلامیان خستە بەر مەترسی لەناوچوون و بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوە ئیسلامی دروست نیە و ئیسلامی دروست ئەوەیە کە ئیخوانەکان و وەهابیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەوەی تەنها ئەوەی لە ناو بازانەی بیروباوەڕی ئەوان بێ برایە و موسلمانە ئەوەی دیکەش بە دەرچوو لە ئاین هەژمار دەکرێ یان غافل لە دین کە پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و هێنانەوە سەر رێ هەیە.

ئەو ڕەووتە ئیسلامیانە کە دەرفەتیان لە دۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک وەرگرت و لە بەرامبەر نان داوای لە خەڵک دەکرد عەقڵیان خۆیان تەسلیم بکەن تا لە دونیا نان و لە قیامەتیش بەهەشتیان بۆ مسۆگەر بکەن، لەوێوە جلکی کوردی ئافرەتان گۆڕا بۆ عەبای ڕەشی خەلیجی و ڕدێن بەردانەوە و سمێڵ و شەرواڵ کورت کردن بووە نیشانەی ناسینەوەی یەکتر و تەوقەکردن لەگەڵ غەیرە موسلمانێک بە کوفر ناسێندرا و چوونە ماڵی نا موسڵمانێک یان موسڵمانێکی نا ئیسلامی سیاسی بە نا جائیز داندرا،ئەو ڕووبەرە فراوانەی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانە تەنگ کرایەوە و لەوێوە کۆمەڵگە دابەش دوو کرا،موسلمان و نا موسلمان.

ئەوانەی لە دەنگی عەبدولباست و مەنشاوی ڕوحیان لەگەڵ مەقام و ئاواز و لەرەی دەنگیان دەچووە ئاسمان و لە جوانی خودا نغرۆ دەبوو، ئەوجارەیان بە دەنگی غامدی و غامڕی دەیان ترساندن و ئەو ترسەشیان دەکردە کەرستەی بنیاتنانەوەی کەسایەتیەک کە تەنها برای موسڵمانان بێ و بەرگریکاری ئاینی خوا بێ و دژی نا موسلمان و هەموو ئەو ئاینانە بێ کە دوای هاتنی ئاینی ئیسلام ئەوان ئێکسپایەر بوون.

لە نوسخە کوردیەکەی ئیسلام مرۆڤ وەکیلی خوای گەورە نیە و ئەو دەسەڵاتەی نیە کە لە سەر زەوی کەسانێکی عاسێ لە ئەمری خودا دادگایی بکەن یان ناچاریان بکەن لە نێوان ئیسلام بوون و مردن یەکیان هەڵبژێرن، لە نەوسخە کوردیەکەی ئیسلام هێشتا ئەو باوەڕە زاڵە وەک کورد گووتەنی:" مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی".

کورد بە درێژایی مێژوو هەوڵی نەداوە ئاین لە بەها و حەقیقەتی جوانی خۆی دابشۆرێت، لە هزرێکی ئافرێندەرەوە ڕووت بکرێتەوە بۆ کۆمەڵێک حوکم و بڕیار،لە پڕۆسەیەکی مرۆڤ سازیەوە بگۆڕدرێ بۆ پڕۆسەیەکی دەسەڵاتسازی، لەوەی یەکەمیان هەمووشتێک بە دەسەڵاتیشەوە دەبنە کەرستەی خزمەت کردنی مرۆڤ و لەوەی دووەمیشەوە مرۆڤ تەنها کەرستەیەکە بۆ بنیاتنانی دەسەڵات.

ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.