‌ بەهاری داهاتوو، بەهاری نێچیرڤان بارزانیە
PM:08:40:20/01/2017
ئاسۆ حاجی

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو مانگی داهاتوودا بە سەر قەیرانی دارایی سەر دەکەوێ و موچەی فەرمانبەران ئەگەر نەشگەڕێتەوە دۆخی بەر لە پاشەکەوت کردن ئەوە بە ڕادەی حەفتا تا هەشتا لە سەدا باش دەبێتەوە.

ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەو هەڵمەتە چاکسازیە دێت کە لێژنەی بەرەنگار بوونەوەی قەیڕان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە دوو ساڵی رابردوودا کاریان بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیاد کردنی داهات کرد.

 حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بن باری قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت دەرباز بوو ئامادەیە ڕوبەڕوی هەڕەشە دەرەکیەکان زیاتر بێتەوە بە تایبەتیش ئەو هەڕەشانەی بەغدا بە دەرفەت وەرگرتن لە شەڕی پێشمەرگە لە دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستانی دەکرد.

دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرکردەیەکی کاریگەر دێنێتەوە مەیدان و مێژووش ئەوەی بۆ دەنوسێ کە لە تەنگترین کات و سەخترین قۆناغ شانی لە بەرامبەر گۆشارە ئابووری و سیاسەکانی ناوخۆیی و هەرێمایەتی گرت و پێداگیری لە سەر ئەوە کرد کە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ ئاراستەیەکی راستە کە هەرێمی کوردستان پێیدا دەڕوا و فرۆشتنی نەوتی کوردستان راستەخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە باشترە بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە کە چاوی لەوەیە ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و جیرانی عێڕاق.

نێچیرڤان بارزانی کە لەگەڵ سەرکردایەتی کردنی لێژنەی ڕوبەروبونەوەی قەیڕان و سەرکردایەتی کردنی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی عێڕاق کە لە دواین سەردانی بۆ بەغدا و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دەوڵەتی عێڕاق حکومەتەکەی ئامادەیی دەربڕێ کە باسی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوە لە ناوخۆیی کوردستان و لە بەرامبەر گرژی و کێشە سیاسیەکان سەرۆکایەتی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ رێکەوتن لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەکتیڤکردنەوەی پەڕلەمان و گۆڕانکاری لە حکومەتدا، کە لەیەکەمین دانیشتن لەگەڵ یەکێتی نشتیمانی کوردستان ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا گرێ کوێرە بوون بە ئاسانی و گیانێکی کوردەواریانە کردیانەوە، چاوەڕوانیش دەکرێ باشبوونی دۆخی سیاسی وەپێش باشبوونی دارایی بکەوێ و نەورۆزی داهاتوو خەڵک بە گیرفانی پڕ و بە دلێکی خۆشتر لە دوو نەورۆزی رابردوو بچنە سەیران و بەهارەکە ئەگەر کەم بارانیش بێ ئەوە بەهاری پڕ ئەمێد دەبێ کە نێچیرڤان بارزانی کار بۆ وەدیهێنانیان دەکات.

ئه‌م بابه‌ته 6382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.