‌بەربەستەكانی پێش وەرگەڕان
PM:03:27:03/09/2018
خه‌ڵه‌ف غه‌فور


وا چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق تێپەڕ دەبێت و هیچ ئاسۆیەكی روونیش بەئاراستەی بەرەوپێشچوونی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی عیراقدا نییە، خاڵی سەرەكی فەرامۆشكراو گەڕانەوەیە بۆ بەرژەوەندیی سادەی خەڵك كە رەنگە سەرەتاكەی لە كۆڵانە تەنگەبەر و قیرنەكراوەكانەوە دەستپێبكات و ئەوەش بۆ دەستەبژێری سیاسی گرنگییەكی ئەوتۆی نییە.

لەئاستی ژینگە سیاسییەكەدا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژاردن كەمتر بۆ نوێبوونەوە و خزمەتی گشتییە، بەڵكو ئەوە روویەكی نمایشكراوە هێندەی ئەوەی حەقیقەتێك بێت و بكرێتە گوزارشتی چینی خوارەوە و ناوەڕاست.

عیراق لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردن ژیانی سیاسی نەگۆڕیوە، خێری گشتی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵكو ئامانج لێی "شەرعیەتدانەوە" بووە بەوەی لەسەر كورسییە، لەمڕووەوە سەدام حسێن ناشیرینترین نموونەیە.

ئێستای عیراق، بەپێی ئەوەی دەیبینین رۆژانە، یان بەپێی ئەوەیشی كە لە مێدیای جیهانی باسی لێوەدەكرێت بووەتە مەیدانی شەڕێكی ناعیراقی لەسەر وەرگرتنەوەی شوناس و باڵادەستی، ئەم شەڕە دوو كارەكتەری سیاسی وەكو ئەمەریكا و ئێران دەیكەن، بەڵام كارەكتەرە لۆكاڵییەكە گیرۆدەی هەیمەنەیەكی سەپێندراوە كە وزەی پێویستی بۆ خۆ دەربازكردن لێی نییە.

شاڕستە و دروشمی سەرەكی لەماوەی 15 ساڵی رابردووی دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقدا لای ئەمەریكا و ئێران ئەمە بووە "عیراق دەبێت بۆ من بێت". ئەم شا دروشمە هیچ پەیوەندییەكی یاسایی بەهەریك لە دوو خاوەنە غەیرە عیراقییەكەیەوە نییە، بەڵكو درێژكراوەی پرۆسەی پارێزگاریكردنە لە بەرژەوەندییەكانیان لەچوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا.

گرفتی گەورەی عیراق وەكو دەوڵەت ئەوەیە مەرجەعی ئایینی هەیە بێ ئەوەی مەرجەعی دەستووریی كارپێكراوی هەبێت، ئەمە دوو كێشەی خوڵقاندووە:

یەكەم: لە عیراقدا ستراتیژیی هەڵسانەوە و گەشەكردن نییە، حكومەت ستراتیژێكی بۆ ئەوە نەخستووەتەڕوو كە عیراق چۆن بتوانێت خاوەن سیاسەت و ئاسایش و ئابوورییەكی سەربەخۆی خۆی بێت كە مەرجی سەرەكییە بۆ سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی.

دووەم: كێشەی خزمەتگوزاری و سەربەخۆیی سیاسەتی گشتی گۆڕیوە بۆ كێشەی نەبوونی متمانە لەنێوان پێكهاتەكان و حزبە سیاسییەكان و ململانێی نێوان كورد و شیعە و سوننەی توندتر كردووەتەوە.

ئەو دوو كێشەیە بۆ وڵاتێكی بێ ستراتیژیی وەكو عیراق مەترسیدارن، دەرفەتی زیاتریش بۆ دەستتێوەردانی دەرەكی دەخوڵقێنێت وەكو ئێستا دەیبینین.

لەڕووی كردارییەوە عیراقی یەكگرتوو بوونی نییە، ناوچە سوننییەكان وێرانكراون، هەرێمی كوردستان تائەندازەیەك سەربەخۆیە لە بڕیاردانی سیاسی و پێكهاتەیەكی سەرەكییە، شیعەیش بۆ خۆیان خاوەن دەوڵەت و هێزن و رووی ناوە و دەرەوەی عیراقن تائەندازەیەكی زۆر.

چوار مانگ بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق كە براوەكان دیارن كاتێكی زۆرە و ژمارەی پێوانەیی شكاندووە، هێشتا ئێران و ئەمەریكا لەسەر كاندیدێك رێكنەكەوتوون، هەڵبەتە ئەمە قسەی بەردەرگا نییە هێندەی ئەوەی حەقیقەتێكی هەستپێكراوە، دابەشبوونی هێزە براوەكانیش بەسەر ئەو جەمسەربەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بارودۆخەكەی قورستتر كردووە.

بۆ هەرێمی كوردستان دۆخەكە مەترسیدارترە، بەهەمان شێوەی بەشە عەربییەكە هێزەكان دابەشی سەر جەمسەربەندییەكە بوون، شیعەیش دەیەوێت بەمە دوو ئیش بكات، هەم كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان زیاتر بكات، هەمیش كوتلەی زۆرینەی پێ پێكبهێنێت و پرۆسەی تەشەیوع بەردەوامی هەبێت بەشێوە دەستوورییەكەی.
بەربەستەكان لە عیراق و كوردستان هێندە زۆربوونە مەترسی وەرگەڕانی پرۆسەی سیاسی هەیە، لەمەشیاندا كوردستان خەسارۆمەندی یەكەم دەبێت ئەگەر لەكاتی وەرگەڕان یان هەڵسانەوەدا كاركتەرێكی یەكگرتووی بەهێز نەبێت.

* گۆشەی كەمین پۆڵەتیك لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ



ئه‌م بابه‌ته 513 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.