ئەردۆغان و گرێی شەرعیەت ‌

‌خه‌ڵه‌ف غه‌فور


ئەزموونی حوكمڕانی توركیا لە سەردەمی پارتی داد و گەشەپێدان ئەزموونێكی هاوشێوەی ئەزموونی حوكمڕانی مستەفا كەمال ئەتاتوركە، ئەو دوو كەسێتی و حزبە تەنیا ئامانجیان حوكمڕانی نەبووە بەتاك لایەنی وەك فۆرمێكی دیكتاتۆری، بەڵكو ئامانجەكەیان بنیاتنانەوەی كۆی كایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان بووە بەو جیهانبینییەی كە خۆیان بڕوایان پێی هەبووە، بێگومان هەر ئەو خاڵەشە دیكتاتۆریەت و تۆتالیتاریەت لەیەكتر جیادەكاتەوە.

لەوەتەی ساڵی 2002 پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) بووە حوكمڕان و لەو كاتەوەشی ساڵی 2003 رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە سەرۆك وەزیران شوێنی سیستمی سیاسی لەق بووە، جیهانبینی پیاوێك وردە وردە دەكرێتە سیستم، بناغەی دانانی یاساكان، گۆڕینی دەستوور، پێدانی شوناس بە ئەوانی تر، هەموو ئەوانە بۆ سەرۆك ئەردۆغانە و بووەتە مۆدێلی بیركردنەوەی ئەكەپە.
16ی نیسانی داهاتوو رۆژی راپرسی لەسەر دەستووری نوێی توركیایە، خاڵی بنەڕەتیی دەستوورەكە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانییە بۆ سەرۆكایەتی، توڕدانی سەرۆك وەزیران و بەیاسا فراوانكردنی بێ مەرجی دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان.

راستییەكەی بۆ یەكێك ئەگەر ورد تەماشای ئەو چەند ساڵەی حوكمڕانی سەردەمی ئەردۆغانی كردبێت سیستم هەر سەرۆكایەتی بووە، كە سەرۆك وەزیران بوو ئیشی سەرۆك كۆماریشی دەكرد و ئێستایش كە سەرۆك كۆمارە ئیشی سەرۆك وەزیرانیش دەكات.
جیهانبینی ئەردۆغان جیهانبینی سیاسەتوانێكی رۆژهەڵاتی باكگراوند ئیسلامی خەلافەتخوازە، لەو سەرۆكانەیە دیموكراسیەتی تەنیا بۆ ئەوە دەوێت كە شەرعیەتی پێبدات و لەهەمانكاتیشدا دەیەوێت فۆرمێكی جیاواز لە دیموكراسیەت بهێنێتەكایەوە كە شەرعیەتی لە خۆیەوە وەرگرتبێت.

سەرەكیترین گرێ لای ئەردۆغان گرێی شەرعیەتە، ئەمە هاوتایە لەگەڵ تاكپەرستی و تاك خوایی و تاك موشەریعی، سەرچاوەی ئەمە ئایینە، بەوپێیەی لە ئاییندا یەك موشەریع هەیە كە ئەویش خوایە، بۆیە لای سیاسەتوانانە باكگراوند ئایینییە كۆنخوازكان هەمان جیهانبینی ئامادەیی هەیە.

ئەردۆغان ئێستا گرێی شەرعیەتی هەیە، خۆی لە فۆرمی خوادا دەبینێ‌، دەیەوێت خۆی بڕیار بدات، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان قسە بكات، لەسەرەوە دابنیشێ، فەرماندەی سوپا بێت و خەلافەت زیندوو بكاتەوە و باسی دیموكراسیش بكات.

لە توركیای سەردەمی ئەردۆغان بەشێكی ئەو گرێیی شەرعیەتە پەیوەندی بە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی كاراوە هەیە، هێزێكی ركابەری كاریگەر لە بەرانبەر ئەردۆغان هەستی پێناكرێت، هەر بۆیە شەرعیەت لە توركیای 2002ەوە تائێستا شەرعیەتی یەك جیهانبینی و حزب و كەسە.

ئێستا كە سەیری نەخشەی سیاسی توركیا دەكەین 4 هێز دەبینین بەم شێوەیە:
یەكەم: پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە 132 پەرلەمانتاریان هەیە و پرۆژەیەكی نوێیان بۆ توركیا پێ نییە.
دووەم: پارتی بزووتنەوەی نەژادپەرست (مەهەپە) كە 40 كورسی پەرلەمانیان هەیە و لەگەڵ ئەردۆغان هاوكارن بۆ پەسەندكردنی دەستوورەكە.

سێیەم: پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) كە 317 كورسی هەیە.

چوارەم: پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە 59 كورسی پەرلەمانی هەیە.

بەو شێوەیە لە پرۆسەی سیاسی توركیادا كاتێك ئەردۆغان بەدوای دەستكەوتنی شەرعیەتی خودیدا دەگەڕێ، هیچ ركابەرێكی بەهێز نییە شەرعیەتی لەگەڵ دابەش بكات. ئەوەش ئەو خاڵە لاوازەیە كە ئەردۆغان ئیشی لەسەر دەكات و تائێستاش سەركەوتوو بووە.


AM:09:36:14/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 2640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی