سەربەخۆیی بە رەنگی خورما
خهڵهف غهفور
بابەتی سەربەخۆیی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانو دوورتریش بۆتە جێگای مشتومڕی سیاسیو راگەیاندنەكان، لەمڕووەوە باسكردن لە سازاندنی زەمینەی گەیشتن بەو ئامانجە رەنگە خراپ نەبێت بەمەرجێك لە كوردستانو لەنێوان حزبە سیاسییەكان بە گەورەو گچەكەوە پرۆژەی نیشتیمانی بۆ راگەیاندنی بنووسنەوە.
ئەمە ئەرزشی باشی دەبێت لەبەر دوو هۆ، یەكەم هەموومان دەزانین لەو بارەیەوە چی دەگوزەرێ، ئەویتریشیان ئەوەیە بەرگی حزبی لەبەر دادەماڵرێتو دەبێتە پرۆژەی نەتەوە كە ئەمەش كۆپشتیوانی بۆ مسۆگەر دەكات.
خوێندنەوەی ئەزموونەكانی گەلان لەسەر رێگای سەربەخۆیی بەتەنیا بەس نین ئەگەر لە هەموویانو بەپێی گونجاندنی لەگەڵ واقیعی كوردستان سكێچی ئەزموونی بەرەو سەربەخۆیی لێ پێك نەیەت، ئەمە دەبێتە دووبارەكردنەوەی ئەو پەندەی كە بەشۆخییەوە یەژن «خورماش لە خاڵس زۆرە». ئیتر با ئەزموونو سەركردەی ئەوان باشیان كردبێت، بەئێمە چی ئەگەر نەمانگەیەنێتە ئامانج.
لە مەسەلەی سەربەخۆیی هۆكاری ناوخۆیی لە هەموویان كاریگەرترە، ئەمە پرۆژەكە دەكاتە پرۆژەی گشتی، لەلاكەی تریشەوە هێزی بۆ دەرەوەی خۆی پێ دەبەخشێت، لێ تائێستا خۆمان ئەم هۆكارەمان بەهێزنییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبری خۆڕێكخستنەوەو خۆسازكردن لەسەر ئامانجە گەورە هەر خەریكی تانەو تەشەرین لەیەكتری.
ئەگەر بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی (هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانی، ئابووریی بەهێز، یەكگرتنو پێكەوە كاركردن) گرنگ بن، ئەوا شۆخی نییە بێژین ئێمە هیچ كام لەوانەمان نییە، تەنانەت شەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیش نەیتوانی كۆدەنگو یەك رەنگمان بكات بۆ بابەتی سەربەخۆییو پارێزگاریكردن لە كوردستانی یەكگرتوو.
شەنوكەوكردنی ئەم پرسە تەنیا لە هەولێر نییە، بەڵكو ئەوێ بۆ نووسینەوەی پرۆژەی سەربەخۆییە لەسەر تەرزێكی نیشتیمانی، وێستگەی دووەم رازیكردنی بەغدایە، بەڵام نەك لەوێوە سەربەخۆیی رەنگی خورما بگرێت، بەڵكو بۆ ئەوەی دراوسێ عەرەبەكەمان لێ بەعز نەبێت، ئەمەش سەرەتاكەی دەركەوتووەو وا وردە وردە دەنگە سیاسییەكانی بەغداش یەژن سەربەخۆیی كوردستان رەتناكەنەوە.
بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی رای دەرودراوسێش گرنگە، لەمەیاندا ئێرانو توركیا پێیان بەئاشكرا پێیان خۆش نییە، بەڵام ئەگەر ببێت مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، رەنگە زیاتر لەمەیش گرەو لەسەر دۆستایەتیو قۆرخكردنی بازاڕو ئابوورییەكەی بكەنو لەمەشیاندا كەسیان براوە نابنو هەروەكو ئێستا ناوچەكە برابەش دەكەن.
باشووری كوردستان هەرێم بێت یان دەوڵەتی سەربەخۆ دوو شتی نابێت:
یەكەم: سەربەخۆییەكەی كاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت یەكگرتووییو سنوورەكەیان نابێت. روونتریش ناتوانێت فشار لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە دروست بكاتو ناچار بە جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی كوردییان بكات.
دووەم: كوردستانی دوای هەرێم وەكو ئێستا بێ شوناس بێت، هەم شوناسی سیاسیو هەم شوناسی ئابووری. هەڵبەت ئەمە پەیوەندی بەسروشتی پێكهاتە سیاسییەكانییەوە لە هەرێم هەیە، بەپێی زانستی سیاسیش فرەیی سیاسی نائارامی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێتو ئەوەش دەرفەتی دەستتێوەردانی دەرەكی زیاتر دەكات.
سەربەخۆیی كوردستان بێ پرۆژەیەكی نیشتیمانی لەنێوان خورمای عەرەبیو عەبای فارسیو تەڕبووشی توركیدایە، خۆ ئەگەر دەمودەستی لێ نەكرێ بەئاراستە كۆدەنگی نیشتیمانی ئەوا یەك لەوانە دەچێتە سەری، ئەوساكەش هەر دەبێت خۆزگە بە هەرێمەكەی سەردەمی عەبادی بخوازین.
PM:07:03:19/12/2016
ئهم بابهته 2964
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی