عێراق لەبەردەم سیناریۆی بە یەمەن و بە سوریا بووندا

‌مەریوان وریا قانیع

عێراق نە دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دەوڵەتێکە خاوەنی نەتەوەیەک نییە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە. نە جوگرافیایەکی نیشتیمانیشە بە مانای ئەوەی ھەموو پێکھاتەکانی ناو ئەو جوگرافیایە ئەو سەرزەمینە بە نیشتیمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاسیی خۆیان بزانن. عێراق ڕووبەرێکی پارچەپارچە و دابەشبووی پڕ ناکۆکیی قووڵ و گەورەیە. ئەوەشی وادەکات ئەم وڵاتە دابەشنەبێت، ویست و خواستی پێکھاتەکانی ناو وڵاتەکە نییە، بەڵکو پێگەی عێراقە وەک دەوڵەتێک لە ناو سیستمە ئیقلیمەکەی ناوچەکەدا. سێ پێکھاتەی سەرەکییەکەی ولاتەکە خۆشی، شیعە و سونە و کوردیش، لەناو خۆیاندا پارچەپارچە و ناھاوبەش و بێ لانی کەمی ھەرجۆرە ئیجماعێکە. ئەو سێ بلۆکە سیاسییە لە مێژە لەسەر ململانێی دەسەڵات و ململانێ لەسەر دزیی و تاڵانیی و گەندەڵیی لەناو خۆیاندا پارچەپارچەبوون.


ئەوەی لە بەسەرە ڕوودەدات زۆر جیاواز نییە لەوەی ساڵانێکی درێژ لە کوردستاندا ڕوویداوە و دەشێت سەرلەنوێ ڕووبداتەوە: پێکدادانی ھێزە نەیار و ناتەباکان لەسەر دەسەڵات لەگەڵیەکدا لەسەرێکەوە و، زەلیل و بێئومێدکردنێکی ھەمەلایەنەی دانیشتوان و بێبەشکردنیان لە سادەترین خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ئامادەگیی چەندان میلیشیای رەسمیی و نارەسمیی و بڵاوبوونەوەی چەکێکی زۆر بەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەدا، لەسەرێکی دیکەوە، ئەو وێنە گشتییەیە کە بەبێ زەحمەتییەکی زۆر دەتوانین دروستیبکەین. ئەوەی دەیبینین فەشەلەێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ئەو نوخبە سیاسییانەیە کە لە قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لەو وڵاتەدا حوکمڕان بوون و دەزگاکانی ئەم حوکمڕانییەیان بەکارھێناوە بۆ قایمکردنی پێگە ئابوریی و سەربازیی و ئیقلیمیەکانی، خۆیان.

لەناو عێراقدا کێشەیەک نەماوە بە ئیقلیمیی نەکرابێت، ئێران و تورکیا و سعودیە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە زۆرێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو ئەو وڵاتەدا دەبینن. لە دەرەوەی ئەوانیشدا ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسرائیل بە شێوازی جیاواز ئامادەن. کەم ھێز ھەیە لە عێراقدا، بە ھێزە کوردییەکانی خۆشمانەوە، کە پرۆکسی و پیاوی لایەنێک لەو لایەنە ئیقلیمیانە نەبێت. ئەمە وایکردوە ئەو وڵاتە ئیقلیمیانە دەستیان لەناو خاکی عێراق و لە ناو ھەرێمیشدا کراوەبێت. ئێران بە قووڵانی سەدان کیلۆمەتر دێتە ناو خاکی ھەرێم و کۆیە بۆمباران دەکات و بەدەیان کەس دەکوژێت و برینداردەکات. ئاو لە خەڵکی ناوچەی قەڵادزێ و پشدەر دەگرێتەوە، دەستوەرئەداتە ناو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کوردستانەوە، ھتد.. تورکیا دەیەھا بنکەی سەربازیی لەناوچەی بادیناندا ھەیە و لەوێوە نەک تەنھا چالاکیی سەربازیی ئەنجامئەدەن، بەڵکو وەک چاوی کراوەی تورکیا لەناو ھەرێمدا ئامادەن و کاردەکەن و کەرکوک بە بەشێک لە قەڵمڕەوی خۆیان دەزانن.

فەشەلی ڕۆژانەی مۆدێلی ئەم حوکمڕانییە و نائومێدبوونی تەواوی خەڵک لێیان، سەرەتای یاخیبوون و جەنگێکی گەورەیە لەنێوان خەڵک و حوکمڕانیەکەدا، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم یاخیبوونە تەنھا وەک کردەیەکی ناوەکیی نامێنێتەوە، بەڵکو ھێزە جیھانیی و ئیقلیمییەکان دەستی تێکدەر و وێرانکارانەی خۆیانی تێوەرئەدەن و ھەوڵئەدەن بۆ قازانج و مەسڵحەتی تایبەتی خۆیان بەکاریبھێنن. وەکچۆن ڕاپەڕینی خەڵک لە سوریا و یەمەندا گۆڕان بۆ جەنگێکی خوێناوی ناوەکیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، ئاواش عێر اق لەبەردەمی ئەگەری ھەمان سیناریۆدایە.


PM:05:09:08/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1406 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی