‌بیرنەکردنەوە وەک ڕێگایەکی شاھانە بەرەو تاوان
AM:11:04:30/07/2018
مەریوان وریا قانیع


ژنە نووسەری ئەڵمانیی ھانا ئارێنت دژی ئەوەبوو پێیبڵێن ”فەیلەسوفێکی سیاسیی" چونکە پێیوابوو فەلسەفە ڕقێکی بێمانا و ترسناکی لە سیاسەت ھەیە. فەلسەفە خۆشی وەک چالاکییەکی تەواو دژە سیاسەت نمایشدەکات، وەک چالاکییەکی ناکردەیی. لای ئارێنت ئەم ھەڵوێستە نێگەتیڤەی فەلسەفە بەرامبەر بە سیاسەت خراپەکارییەکی گەورەیە، دەرەنجامی ئەم ھەڵوێستەش لە چوونی مارتن ھایدگەردا بۆ ناو پارتەکەی ھیتلەر و تێکەڵبوونی بە نازیزمدا دەبینێت. ئەوەی بەلای ئارێنتەوە گرنگە بەشداربوونی سیاسییانە و مەدەنیانەی مرۆڤە لە دروستکردنی ژیانی گشتیدا، لە دروستکردنی ژیانێکی سیاسیی ھاوبەشدا کە ھاریکاریی تاکەکەسەکان بکات بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی خۆیان. بۆ پاراستن و ڕێکخستنی پلورالیزم لەھەموو فۆرمەکانیدا.

ئەوەی ھانا ئارێنت لە مارتن ھایدگەرەوە فێریدەبێت بیرکردنەوەیە وەک ”شێوازێک لە بوون"، وەک ”بوونێک لەناو جیھاندا". لەمەشدا بیرکردنەوە تەنھا ئامرازێک نییە بۆ چارەسەکردنی ئەم یان ئەو کێشەی تایبەت، کە بێگومان ئەمە ئەرکێکی ھێجگار گرنگی بیرکردنەوەیە، بەڵکو بیرکردنەوەیە وەک ڕێگایەک بۆئەوەی مرۆڤ ببێت بە کەس، بە کەس و مرۆڤێکی تایبەت، بەجۆرێک لە مرۆڤ وایلێبێت کە چۆنیەتیی بیرکردنەوەکەی ڕاستەوخۆ چۆنیەتی ”بوونی ئەو لەناو جیھاندا" بەرجەستەبکات. چۆنیەتی ئامادەبوونی لەناو جیھاندا و لەگەڵ ئەوانیتر و لەگەڵ خۆیدا دەستنیشانبکات. یاخود دامەزران لەناو بووندا بەھۆی کردەی بیرکردنەوەوە.

دیوی پێچەوانەوەی ئەم دۆخە ئەوەیە مرۆڤ بیرنەکاتەوە، لە دیالۆگێکی ناوەکیدا نەبێت لەگەڵ خۆیدا و نەچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ ئەوانیتر و لەگەڵ جیھاندا. ئەم دۆخی بیرنەکردنەوەیە، کە ھاوشانە بە تەڵاقدانێکی ئەخلاقیی دونیا، دەتوانێت تاوانباری گەورە دروستبکات، تاوانبارێک بە قەبارەی تاوانبارانی ناو سیستمی نازیزم، ئەوانەی دەتوانن مەرگیی ھەزاران ھەزار مرۆڤی بێتاوان وەک ئەمرێکی بیرۆکراسیی ئەنجامبدەن.

ھەر لەم ئاستەدا ھانا ئارێنت بیرکردنەوە زۆر بە توندیی بە ئەخلاقەوە گرێئەدات، ”مرۆڤی ئەخلاقیی" ئەو مرۆڤەیە کە بەر لەوەی بچێتە ھەر پەیوەندییەکەوە لەگەڵ دونیا و کەسەکانی دیکەدا، لە پەیوەندییەکی دیالۆگیدایە لەگەڵ خودی خۆیدا. بەبێ ئەم پەیوەندییە دیالۆگییە لەگەڵ خود خۆیدا، کە لای ئارێنت وەک بنەمای بیرکردنەوە ئامادەیە، مرۆڤ ناتوانێت ببێتە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی. بیرنەکردنەوە ھەنگاوێکی ھەرە سەرەتایی و ھەرە دەستنیشانکەری ئەنجامدانی تاوانە گەورەکانە. تاوانباری گەورە کەسێکی دڵڕەق و بێویژدان نییە بەتەنھا، بەڵکو کەسێکە بەر لە ھەموو شتێک بیرناکاتەوە. بیرنەکردنەوە رەچەتەی سەرەکیی ئەنجامدانی تاوانە گەورەکانە.

ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.