شەکری سوور..!

‌تـوانــا ئەمین

چاوی مامە، جەنگ ڕێسای خۆی هەیە، مێژوو بخوێنەرەوە؛ ئەوەی لەگەڵ دوژمن کردویەتی، پاڵەوان و پیاوی پیاوانە بووە و ئەوەی برای خۆی کوشتووە؛ هەر خوێڕی و مێڕیی بووە.. یەک پەیامنێری چکۆلە لە کەناڵی قەڵایەک دەتوانێ شەڕی ناوخۆتان بۆ هەڵبگیرسێنێت، ئەوەی پزیسکی هاوێشتۆتە نێو گیاجاڕی وشکەوە؛ هەر مناڵ و مەزن بوون..

پەیامنێرێکی دەم ڕووتی کەناڵی قەڵاکەی ئەوبەر ئەتوانێ پزیسکێکی دیکەی تێ بهاوێ، ئەمڕا کە ئەم ئاگرە دایسا.. ئەوەی دەسوتێت؛ قەڵاکان نیین، لەمێژوودا قەڵا نەسووتاوە چاوی مامە، ئەوەی دەسوتێت؛ خەڵکی نێوان قەڵاکانە.. جا ئەو ڕۆژەی خودانەکردە ئاگر کەوتەوە؛ کەس ئەم هیزمکێشانەی ئاگرەکەی بیرنامێنیت، ئەم قەڵمۆچکانەی شەڕی ناوخۆ، ئەم دەمپیس و ئەندێشە تاریک و سنگ تەنگانە، خۆنابن بە سووتوو، هەر بەناوی میدیا و ڕۆژنامەنووسییەوە ئیقامەی وڵاتێکی ئەوروپی بە خەڵات وەردەگرن و ئەوەی دەبێ ببرژێ، بۆکڕوزی لێ هەڵبستێ، ئازاری بگاتە عەرشی عەزیم، هەر جەستەی خوشک و برای من و تۆ دەبێت!

چاوی مامە، میدیا شوێنی دروستکردن و گەیاندنی هۆشیارییە، هەر میدیایەکت لێ دیاربوو؛ دەمی کەفی کرد، جوێنی دا، بۆگەناو لەدەمی بێژەرەکەیەوە هاتەدەرەوە، سیل و تاعونی پەخش کرد؛ بیگۆڕە، چاوی مامە خۆ دکتۆر بۆی نەنووسیوی دابنیشیت بەلایەوە، بیگۆڕە...

ئێمە کوڕ و کچی وڵاتێکین، تەلەفزیۆنەکانی دەیانقیڕاند، دەیانزیڕاند، دەڕشانەوە، هەر هێجگاریی ژیانیان لەو خەڵکە دەکرد بە دەرەک* . تۆیش هەر میدیایەک لەبری لێکبوردن و پێکەوەژیان، یەکتر خۆشویستن، ئاژەڵدۆستیی، سروشتدۆستیی، مرۆڤپەروەریی، هاتوو بەناوی بەرگری لە مافی ئێمەوە هانی دایت؛ بۆ تۆڵەکردنەوە، بۆ شەڕ، بۆ شەڕەجنێو، بۆ ناشرینیی، بۆ بوغز و کۆنەقین؛ بزانە ئەوە میدیایەکی شایان، هاوچەرخ، سەردەم و مەدەنیی نییە، کە ئەمانە دەنووسم، دەزانم خەڵکی ئێمە عەسابی گەرمە، هێشتا هێڵێكی کاڵ وەک سۆزێکی نوستالوژیکی بۆ جەنگ و حەماس و پەلاماردانی تێدایە، بەڵام دڵمخۆشە خەڵکی ئێمە ئێستا وەک جاران نین و زۆر لەوە هۆشیار ترن؛ ئەم ئاگرخۆشکەرانە فریویان بدەن...
ئەوەی دەبێت بچێت بۆ دادگا فڵان نییە بەتەنیا، ئەوەی دەبێت بچێت بۆ دادگا هەردوو سەرۆکی هەردوو قەڵاکەتانە پێکەوە.. ئیدی مێشکمان مەبەن.. چاوی مامە، مێشکمان مەبەن!

تـوانــا ئەمین
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* دەرەک: گوایا قاتی خواری خوارەوەی دۆزەخە.


PM:05:52:18/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 3189 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی